بهێڵە ساتێک بحەسێمەوە

کیامەرس باغبانی/شاعیری ئێرانی

October 9, 2020

کیامەرس باغبانی شاعیر و وەرگێڕی ئێرانی، ساڵی ١٩٥٦ لە شیراز لە دایک بووە. “شوێنپێ لەسەر بەفر/١٩٩٩” و “تیشکدانەوە/١٩٩٧” دوو دەفتەرەشیعری ئەون. ئەو شیعرانەی لێرەدا دەیخوێننەوە، هەڵبژاردەیەکن لە کتێبی “تیشکدانەوە”، کە لە دەرەوەی ئێران چاپ بووە.- ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

بهێڵە ساتێک بحەسێمەوە
کیامەرس باغبانی
وەرگێڕانی: شاڵاو حەبیبە

 

 

ئەشکەوت

ڕیکلامەکان لە نامەدەربیجەکەوە دەڕژێنە ژوور،

ئانتنی سەتەلایت، فاکس، کۆمپیوتەر و

پاکەتە جوانەکانی حەبی هێورکەرەوە.

لە قووڵاییی تەنیاییی خۆیدا دەژی،

                                         مرۆڤ

 

 

دەربیجە

نە سەرما توانای ماوە ڕەخنە بکاتە نێو زەینی ماڵەکەوە

نە بۆ مەودایش هۆیەک بۆ ڕەنجاندنی پێی هزر.

ئینتەرنێت، باکوور و باشوور لە ساتێکدا پێکەوە گرێ دەدات.

لە سووچێک لە نێوان کۆمپیوتەر و ئاوێنەدا، تەنیام

لەودیو پەنجەرەوە

زەردە گرتوویەتی مەلێکی چکۆلە لەسەر چڵێک.

 

 

کوێرەڕێ

بە نێوان درەختەکاندا پێچ دەکاتەوە

بە پوولەکەوە لە گەڵای کاژ،

هەنگاو هەڵدێنم لەسەر پشتی!

بە گردەکەدا دادەگەڕێ و

من پەیجۆری ئەو

          تا دووردەستەکان.

 

 

هیوا

دەریاچەکەی شار خەمگینە

نە باڵی نەسیمێک شەپۆلەکانی دەخاتە لەرزە

نە پوولەکەی ماسییەک تێیدا تیشکی خۆر دەداتەوە

هەتاو زویر بووە؟

درەخت وشک و بێدەنگ وەستاون

بە مینای خەڵکی لە ڕیزی پاسدا

لە کەناراو کەس نییە

بێ لە من و با

کە بەفرەکە بە ڕووخسارمدا دەپرژێنێت

گڵۆپەکانی شەقام

یەک لە دووی یەک

                     بەڵام بە تەنیایی دەترووسکێنەوە،

پیاوێکی گەنج دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ

ئارام و بێخەیاڵ

خەمەکانی؛ لە کونجی مەیخانەدا حەشار داون؟

 

 

بەر

بە پلیکانەکاندا سەر دەکەوتم

جانتاکەم قورس

باری دڵیشم.

ڕسکا دەستم بەرەو دۆست

چنی لەو لقە سێوێک.

دڵم بەکاوەخۆ ترپە دەکات

کتێبەکان قورس نین.

 

 

شەو

مانگ لە پەنجەرەکەوە دەدرەوشێتەوە

یان چاودێری منە!

دەپرسێت:

ها چیت کرد دوێنێ؟

ها چیت هەیە سبەی تا بە ئەنجام بگات؟

ها….؟

 

من؛ بهێڵە ساتێک بحەسێمەوە!

 

 

 

نامەدەربیجە: کونی دەرگا، دەربیجەی دەرگا، کە نامە و پۆستی لێوە دەکەنە ژوورەوە./وەرگێڕ