تاریکی

لۆرد بایرن

لۆرد بایرن/ئینگلاند

January 18, 2022

لۆرد بایرن یەکێکە لە گەورەترین شاعیرانی ئینگلاند. لە ساڵی ١٧٨٨ لە ئینگلاند لەدایکبووە. کاتێک باسی ڕۆمانتیکی ئینگیلیزی بکەین بێگومان دیارترین ناوێک  بێتە بەر گوێمان بایرنە. تەمەنێکی کەم ژیاوە بەڵام کاریگەرییەکی ئێجگار گەورەی هەبووە لەسەر شیعری ئەورووپی. یەکەمین کتێبی شیعری لە ساڵی ١٨١٢ بە ناوی گەشتی چایڵد هارۆڵد بڵاو کردۆتەوە. مانفرێد و دۆن جوان لە کارە دیارەکانی ئەون.  بایرن لە ساڵی ١٨٢٤ لە یۆنان کۆچی دوایی دەکات.

 

 

 

تاریکی
لۆرد بایرن
وەرگێرانی محمەد بادین

 

 

 

 

خەونێکم بینی، بە تەواوەتی خەون نەبوو.
خۆری ڕووناک دامرابوو و ئەستێرەکانیش
وێڕای سووڕانەوەیان لە فەزای بێکۆتادا، تار هەڵدەگەڕان،
بێتیشک و بێڕێ. زەویی سەهۆڵینیش
لە هەوای بێمانگدا کوێرانە ڕادەژا و ڕەش هەڵدەگەڕا؛
بەیان دەهات و دەچوو – دیسانەوە دەهات، لێ ڕۆژی لەگەڵ خۆیدا نەدەهێنا
مرۆڤیش لەترسی ئەم کاولبوونەیان خولیاکانیان فەرامۆش دەکرد؛
دڵان گشتیان لە نزایەکی خۆویستانە بۆ ڕووناکیدا ڕەق هەڵگەڕابوون:
ئەوان لەپاڵ ئاگردانی پاسەوانان دەژیان و
تەختی پاشایەتییەکان، کۆشکی پاشا تاجبەسەرەکان – کولوەکان،
نیشتنگەگەلی گشت بوونەوەران،
ئەڕای ڕووناکیبەخشین سووتێنرابوون؛ شارەکان هیچیان لێ نەمابووەوە.
مرۆڤ لەدەوری ماڵە بڵێسەگرتووەکانیان کۆ ببوونەوە
بۆ ئەوەی جارێکی دی لە ڕوخساری یەکتر بنۆڕن؛
شاد بوون ئەوانەی کە لەنێوەڕاستی چرا کێوییەکانی گڕکانەکاندا نیشتەجێ بوون:
هیوایەکی ترسناک دنیای داگرتبوو؛
دارستانەکان ئاگریان تێبەردرابوو – بەڵام سەعات لەدوای سەعات
دادەڕووخان و ون دەبوون – کۆتەرەدارە بەقرچەقرچەکان
لەگەڵ زرمەی بەربوونەوەیەک دەکووژانەوە – ئینجا ڕەشایی زاڵ بوو.
ڕوخساری مرۆڤەکان بە بریقەی ڕووناکییە هیوابڕەکەوە
ڕواڵەتێکی سەرووسروشتیی بەخۆوە گرتبوو؛ هەندێکیان ڕاکشان و
چاویان داپۆشی و گریان؛ هەندێکیش
چەناگایان نابووە سەر دەستی گرێدراویان و پێدەکەنین؛
ئەوانەی تریش ڕاکەڕاکە سووتەمەنییان
دەرخواردی ئێزنگی تەرمسووتانی خۆیان دەدا و
بە ئۆقرەلێبڕاوییەکی شێتانەوە لە ئاسمانی ماتیان دەنۆڕی،
کە سێبەرێک بوو لە دنیای ڕابردوو؛ ئینجا دیسانەوە
دەم بەجنێو بەربوونە قوڕپێوان و
بە ددانی جیڕکراوەیان لووراندیان: باڵندە کێوییەکان زیقاندیان،
زاتیان نەما و لەسەر ئەرز کردیانە باڵەپەڕێ و
بێهودە باڵیان لێ دەدا؛ کێویترین دڕندەکان
هەڵلەرزین و ملکەچ بوون؛ تیرەمارەکان تێخزان و
لەگەڵ ئاپۆرەکەدا یەکیان گرتەوە،
بە فسەفس، بەڵام بەبێ چزوو – ئەوانیش دەکوژران و دەخوران.
جەنگیش1، کە بۆ ساتێ ڕەویبوو،
دیسانەوە وڵاتی داگرت: ژەمێک خواردن بە خوێن بە چنگ دەهات،
گەلان ڕووگرژانە لێک دەترازان و لەگژ تەم و تاریکی ڕۆدەچوون: چیتر خۆشەویستی نەمابوو؛
زەوی بەس یەک ئەندێشە بوو – ئەویش مەرگ بوو
مەرگێکی خێرا و دزێو؛ مچۆڕکی قڕتێکەوتوویی
ناوزگی دەخواردەوە – مرۆڤ
دەمردن و ئێسک و پێستیان بەبێ گۆڕ دەمایەوە؛
لاوازەکان دوابەدوای یەکتر دادەقورتێندران،
تەنانەت سەگ پەلاماری خاوەنەکەی دەدا، سەگێک نەبێ،
کە ئەمەگداری تەرمێک بوو و
لەئاست پەلەوەر و گیانەوەر و مرۆڤی قڕتێکەوتوو بەرگریی لێ دەکرد
تا ئەوجێیەی برسێتی تەنگی بە وان هەڵدەچنی یاخود مەرگ
دەستی بە چەناگەی شۆڕیانەوە دەگرت؛ ئەو خۆی چاوی بە هیچ خواردنێ نەکەوت،
بەڵام بە ناڵەیەکی دڵتەزێن و بێبڕانەوە و
گریانێکی لانەوازانەوە، دەستی خێوەکەی دەلێستەوە
دەستێک کە بە لاواندنەوەیەک نەهاتە وەڵامدانەوە – سەگە مرد.
وردەوردە گشت خەڵکەکە قڕیان تێکەوت؛ بەڵام دوو کەس
لە شارێکی مەزن زیندوو مانەوە و
دوژمنی یەکتر بوون:
ئەوان لەپاڵ ئێزنگی ڕوولەکووژانەوەی میحرابێک
بەرەوڕوو بوونەوە
شوێنێ کە تێیدا تەلی شتە پیرۆزەکان کەوتبوونە سەریەک
بۆ کەڵکێکی ناپیرۆز؛ ئەوان داکەوتن و
لەرزلێنیشتووانە بە دەستە ئێسکدەرکەوتووەکانیانەوە
بەربوونە ڕنینی خۆڵەمێشە لاوازەکان و هەناسەی لاوازیان
ماوەیەکی درێژ بەرگەی نەگرت و بڵێسەیەکی دا
کە تەنیا گاڵتەپێکردنێک بوو؛ ئینجا هەر وا کە بەردیدەیان ڕوونتر دەبۆوە
چاویان هەڵێنا و لە ڕوخساری یەکتریان نۆڕی –
یەکتریان بینی، نەڕاندیان، مردن –
ئەوان لەسۆنگەی دزێوبوونی دوولایەنەیاندا مردن،
بێ ئەوەی بزانن کێ بوو ئەو کەسەی وا بەرەوڕوویان بوو
برسێتی ئەم ناپاکییەی نووسیبوو. دنیا بەتاڵ ببوو،
دنیا قەرەباڵغ و بەهێزەکە ئێستا پارچەیەک بوو،
بێوەرز، بێسەوزایی، بێدرەخت، بێمرۆڤ، بێژیان –
پارچەیەک مەرگ – ئاڵۆزاییەک لە گڵی ڕەق.
ڕووبارەکان، زەریاچەکان و ئوقیانووسەکان گشتیان ڕاوەستابوون و
لە قووڵاییە بێدەنگەکانیاندا هیچ شتێک نەدەجووڵایەوە؛
کەشتییە بێدەریاوانەکان لەسەر زەریاکان دەڕزان و
دیرەکەکانیان وردە وردە بەردەبوونەوە:
وێڕای کەوتنیان لەسەر گێژاوەکە دەوێستان بەبێ تەکانێک –
شەپۆلەکان مردبوون؛ کێشاوەکان لەگۆڕدا بوون،
مانگی دۆستیشیان پێشتر زەمەنی بەسەرچووبوو؛
با لە هەوای بێجووڵەدا وشک هەڵگەڕابوو،
هەورەکانیش ون ببوون؛ تاریکی پێویستی نەبوو
بە یارمەتیی وان – ئەو خۆی گشت گەردوون بوو.

دیۆداتی، تەمووزی 1816

____________________________________________________

1جەنگ: یەکێکە لە چوار سوارچاکەکەی ڕۆژی لێکهەڵوەشانی دنیا بەپێی دوایین کتێبی پەیمانی نوێ.