پڵنگ

ویڵیەم بڵەیک

ویڵیەم بڵەیک | ١٧٥٧ - ١٨٢٧

December 5, 2023

ویڵیەم بڵەیک، بە یەک لە دیارترین شاعیرانی سەردەمی ڕۆمانتیکی خۆرئاوا و ئینگلیزی دادەنرێت. لە ساڵی ١٧٥٧ـدا لەدایکبووە. لەپاڵ شیعرنووسیندا، وێنەکێشێکی بەتوانای ئەو سەردەمەش بوو. بڵەیک وەک زۆرێک لە داهێنەران لە کاتی ژیانی خۆیدا  کارەکانی بەهەند وەرنەگیراوە، چەند ساڵێک پاش مردنی جارێکی دی دەخوێنرێنەوە  بایەخیان پێ دەدرێت.   .
بڵەیک خاوەنی دوو کتێبی شیعری بەناوبانگە بە ناوەکانی گۆرانییەکانی ئەزموون و گۆرانییەکانی بێگوناهی. لە ساڵی ١٨٢٧ـدا هەر لە لەندەن دەمرێت.

 

 

پـڵـنـگ
ویڵیەم بڵەیک
کوردییەکەی زانیار نووری

 

پڵنگ، پڵنگ، شەوقی سووتێنەر
ڕووناکی دارستانی شەوی تەڕ
کام دەستی نەمر، یاخود کام چاوە
شێوەی ترسێنتی لە قاڵب داوە

لە کامە ئاسمان، لە کام دەریای دوور
گڕی چاوانی تۆی تیادا کرد سوور
بە کامە باڵ بوو پیلانی داڕشت
چۆن وێرای گڕت داگیرکا بە مشت

ئەی کامە شان، کام هونەربازی
توانی بە ژێی دڵت وا بکا وازی
ئەی کاتێ دڵت کەوتە ترپە دان
کام پێی تۆقێنەر یان کامە دەستان

ئەی کامە چەکوش؟ کامە زنجیر بوو؟
مێشکەسەری تۆ لە کام کوورە بوو؟
کام دەزگای ئاسن و گیرەی تۆقێنەر
وێرای ئاوزەنگ کا ترسێکی کووژەر

کاتێ ئەستێران ڕمیان ئەهاوێشت
بە ئاسماناندا فرمێسکیان ئەڕێشت
ئەو خەنی کاتێ ئافراو هاتە بوون
ئەوەی مەڕی کرد تۆی هێنایە بوون؟