تکایە پێم بڵێ دووبارە ئۆتۆمبیلەکان دروست ناکەنەوە

مەیسەم ڕازی/شاعیری عێراقی

April 30, 2018

مەیسەم ڕازی، شاعیر و کاریکاتێریستێکی عێراقییە. لەدایکبووی ١٩٧٤ـە لە میسان. یەکەم و تەنیا دەفتەرەشیعری بە ناونیشانی (وشە خراپەکان) لە ساڵی ٢٠١٥ـدا بڵاو کردووەتەوە. – باڵندە

 

 

 

تکایە پێم بڵێ دووبارە ئۆتۆمبیلەکان دروست ناکەنەوە
مەیسەم ڕازی
وەرگێڕان لە عەرەبییەوە: ئەژین باجەڵان

 

 

داپۆشین
بە دوای پارچەیەک ژیاندا دەگەڕاین لە لەنگەی مردن
گوتمان: گرنگ نییە ئەگەر بێ قۆپچە بێت
یان کەمێک کۆن بێت
تەنانەت گرنگیش نییە گەر پڕ بەری خۆمان نەبێت
لە ڕاستیدا ئێمە تەنیا لە ماڵەوە لە بەری دەکەین
چونکە ترسناک بووە وا بە ڕووتی بمێنینەوە لە بەرامبەر منداڵەکانماندا

 

پەڕبارینێکی ناکاو
لە پرسەی منداڵە بچووکەکەدا
پرسیمان: ئەم پەڕە چییە؟
باوکی منداڵەکە سەری بەرز کردەوە و دەستی ڕاکێشا
پەڕێکی گرت و هاواری کرد: ئەمە وشەی کۆترە کە پێش دوو ڕۆژ فێری گوتنی بوو
بیرمان چوو لە زاری دەری بێنین.

 

منجەمنجکردن
هەوڵی قسەکردن دەدەیت

وەکو منداڵێک ئاگری نەناسیبێت گەورەتر لە دەنکەشقارتەیەک و دەبێت ئێستا
باسی دارستانێک بکات کە بە تەواوەتی دەسووتێت.

 

خەوشی ژماردنی پەنجەکان
لە قوتابخانەیەکی دوور
لە پۆلی یەکی سەرەتایی، خوێندکارێک نەیزانی چ ژمارەیەک لە دوای پێنج دێت
بە مامۆستاکەی گوت: باوکم لە پێنج زیاتر ژمارەی فێر نەکردم، چونکە ئەو بە یەک دەست گەڕایەوە.
لە ژووری بەڕێوبەر…
مامۆستاکە هاواری کرد: ژماردن مەحاڵە لەم جەنگەدا کە ژمارە شەش لە باوکان دەبات.

 

وەکو باوەژنێک
زمان بەر شەق دەدات لە وشەی (بێوەیی)دا کە هەوڵ دەدات بخەوێت
هاواری لێ دەکات: هەستە هەی تەممەڵ

جەنگ هێشتا تەواو نەبووە.

 

بەو گوێیانەمان وا لە کەوچک دەچێت
لە شلەی ئەو تەنیا یەک زمانە دەخۆینەوە کە دەیزانین
هەموو ڕۆژێک،
وەکو زیندانییەکان هەمان ئەو شلە بێڕەنگ و ساردەیە دەخۆینەوە
دەکرا ئەمە بەردەوام بێت تا کۆتایی
ئەگەر وەرگێڕەکان نەبوایەن
دوای ئەوەی هەموان دەنوون، کەوچکەکانی خۆیان بەکار دەهێنن
بۆ ئەوەی تۆنێڵی بەرفراوان هەڵکەنن لەژێر زیندانییەکانی جیهاندا.

 

دووبارە دروستکردنەوەی ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوەکان
چی لەو ئۆتۆمبیلانە دەکەن کە بە ڕووماندا دەتەقێنەوە؟
تکایە پێم بڵێ کە دووبارە لە کارگەکانی ئاسن دروستی ناکەنەوە
پێم بڵێ کە نایکەن بە بزمار و لەگەڵ بزمارەکانی تر تێکەڵ دەبن و
ئێمە لە بەیەکبەستنی دەرگای کەنتۆرەکان بەکاریان دەهێنین
پێم بڵێ کە ئەو بزمارانە نین وا دەنگیان لێوە دێت هەر کاتێک دەرگای کەنتۆرەکەمان دەکەینەوە،
بۆ ئەوەی کراسێک هەڵبژێرین بۆ بۆنەیەکی خۆش.

 

نامەی کەلوپەل
پارچە کەلوپەلە دارینەکانیش بۆ دارستان دەنووسن
هەروەکو ئەو کوڕە دوورانە کە بۆ دایکەکانیان دەنووسن،
تەنیا ئەو دارە نەبێت کە لە کوڕەکەی تابووتێکیان دروست کرد
هیچی بۆ نانووسرێت.

 

دروستکردنەوەیەکی تر
باوکم گوتی: وەرن ئەمشەو ژن بۆ هەمووتان دەهێنم،
ئینجا لە گیرفانیدا قوڕی دەستکردی دەرهێنا و
دەستی کرد بە دروستکردنی ژن بۆمان بە شێوەی جیاواز
تەنانەت ئەو برایەشمان کە پێش چەند ساڵێک مرد، بێوەژنێکی جوان و دڵتەنگی بۆ دروست کرد،
لە کۆتاییدا فێری کردین چۆن لەگەڵیاندا بخەوین،
پێش ئەوەی بڕۆینە لایان
لێمان پرسی: بۆچی وا دەکەیت باوکە؟
گوتی: نەوەیەکم دەوێت،

کاتێک سەریان دەبڕێت، بتوانم دووبارە دروستیان بکەمەوە.

 

مێژوو بە شێوازێکی مێیانە
نەماندەزانی ژن واتای چییە
تاوەکو مامۆستایەکی ژنی نوێی مێژوومان بۆ هات.
دەستیکردن بە باسکردنی ئەو هەموو جەنگانە کە خوێندبوومان بە شێوازێکی ئاشتییانە،
بەم شێوەیە بەو تیر و شمشێرانە کە لە بەشی یەکەمدا باس کراون نەمردین و نەبووینە ژێر ئەو ئەسپانەی ڕادەکەن لە پەڕەی ٢٤ـدا
یان ئەو فڕۆکانەی بۆردومانیان دەکرد لە بەشی دووەمی کتێبەکەدا؛ هیچی لێمان نەکرد
کەسمان دیل نەبووین؛ لە تەڵەی ئەو پرسیارانەی دەربارەی ئەم جەنگە و ئەو جەنگە بوو
کەسمان نەخنکاین لە بابەتی هێرشە کیمیاوییەکان؛ چونکە مامۆستاکەمان پەنجەرەی پۆلەکەی کردەوە
تەنانەت کاتێکش بەڕێوەبەر ویستی هەندێک قوربانی ببینێت وەکو بەڵگە لەسەر پەیوەستبوونمان بە کتێبەکەوە
مامۆستاکەمان ئێمەی لە پەنجەرەکەوە هەڵهێنا و لە بەرامبەر بەڕێوبەرەکە دەگریا، لەبەر ئەوەی ئێمە ئەوەندە لە وانەکە تێگەیشبووین شەهید بووین… لە پرسەکەیشماندا هات، تەنیا بۆ ئەوەی بە دڵی بەڕێوەبەر و یاریدەرەکانی بکات
دوای ئەوە پێمان گوت: دواتر ئێمە چۆن دەتوانین بگەڕێینەوە ماڵەوە و ئێمە مردووین ئێستا!
پێکەنی…
گوتی: مامۆستایەکی ئایینی نوێتان بۆ دێت
لەگەڵی ڕێک دەکەوم لەو وانەیەدا کە باسی ڕۆژی دوایی دەکات بتانگەڕێنێتەوە بۆ ژیان،
بە زیندوویی ماینەوە تاوەکو ساڵ تەواو بوو.