خۆشم دەوێیت سۆنیا

مەحموود داووی/شاعیری ئێرانی | فۆتۆگرافەر: بەڕۆژ ئاکرەیی

May 25, 2018

 

 

مەحموود داوودی، شاعیری ئێرانی، (١٩٥٤ ئابادان)، لە هەشتاکانەوە دانیشتووی سویدە. تیاتری خوێندەوە. چیرۆکی نووسیوە. کاری شانۆییی کردووە و شیعریش دەنووسێت. کۆمەڵەشیعری “چەند دیمەن” تاقەبەرهەمی داوودییە، کە ئەگەر هەوڵی برادەرەکانی نەبا، قەت بڵاو نەدەبووەوە. وەک بەرهەمەکانی تری. باڵندە

 

 

 

خۆشم دەوێیت سۆنیا
مەحموود داوودی
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: بەڕۆژ ئاکرەیی

 

 

ئەمە غوربەتە

ئەم پلیکانی لمە
کە دەخزێ
بەرەو زەریاچەی تاریک
ئەم کاژانە
لە ڕەوتی ڕۆژانەی باراندا
ئەم نیمکەتە سەنگییە
ئەم دڵتەنگییە
کە داتدەنیشێنێ
لە پاڵ باڵندەیەکی لەرزۆک
غوربەتە.

 

ساڵانێکە

هه‌ست بە سه‌ری
له‌سه‌ر سینگم
ده‌که‌م
سەبرسەبر هه‌ناسه‌ ده‌کێشێ

 

شه‌پۆلی بێده‌نگی
شوێنگۆڕکێ ده‌که‌ن

 

بان دڵۆپه‌ ده‌کا

 

دیوار
وێنه‌یه‌کی پێوە دالەقاوە
لە مەلێکی ته‌نیا
له‌ ڕۆژێکی بارانیدا

 

بان دڵۆپه‌ ده‌کا

 

سه‌رینم ته‌ڕه‌
ناتوانم
بجووڵێمه‌وه‌

 

بەس شه‌پۆلی بێده‌نگی
شوێنگۆڕکێ ده‌که‌ن

 

ساڵانێکە

 

هۆتێلێک لە ڕووسیا

ڕۆبلەکانم
خستنە سەر پێشخوانی نادی و
زڕەکۆنیاکە تامساردەکەشم
بە پیتەر ئیڤانۆڤیچ
نیگارکێشی گومناو
بەخشی
کە تاساو
لە سەعاتەکەی دەستمی دەڕوانی

 

لە تەلاری کۆنی ئاوێنەکاندا
قەحبەکان تێدەپەڕین
– جیوە ڕەشە بۆنخۆشەکان-

 

کەوتمە سەرچۆک
– خۆشم دەوێیت سۆنیا
برا گەورە داماوەکەم
فیۆدۆر داستایۆڤسکی!

 

بۆ
ده‌بێ
ددانی پێدا بنێم؟

 

من هێشتا پرچم ڕه‌شه‌
وه‌ک چاره‌نووسی ئه‌وانه‌ی
له‌ ڕۆژی ڕووندا
ون بوون

 

تیشک
نیمکەتی ڕووناک کردووه‌
نسێکان له‌ پشت نیمکەت دانیشتوون و
چاوه‌ڕێن

 

بێدەنگن
له‌ پشت نیمکەت و
تیشک
ڕووناکیان ناکا.

 

بۆ
ده‌بێ
من بۆ سێبه‌ره‌کان
ددانی پێدا بنێم؟

 

گەڕانی پەپوولە، شەو، منداڵ

تنۆکێک لە شەو
دەپژێتە سەر پلیکانەکان

 

لە مێرگی بەرامبەردا
منداڵێک بە ئاراستەی ئەستێرەکاندا ڕادەکا
سەرپەنجەکانی لە پاشماوەی ڕۆژ
ڕووناکن
پێیەکانیشی
لە ڕووناکییەوە بەرەو تاریکی دەچن

 

چاوەکانی هێشتا
باڵی ناسکی پەپوولە دەبینێ
ساتێک دەوەستێ
لە پێیەکانی دەڕوانێ
دەگەڕێتەوە و
لە ناکاو
دەست بە گریان دەکا

 

تنۆکێک لە شەو
لەسەر پلیکانەکان
دەریایە.

 

له‌ کات و شوێنی دیاریکراودا

سه‌عاتێکی تر
من ڕووخسارم
وێران ده‌بێ
سه‌عاتێکی تر
بارستێکی تاریک
مه‌ودای نێوانی من هەتا تۆ
پڕ ده‌کاته‌وه‌
په‌یڤه‌کانیش
سنووری مێز و دوو فنجان
نابەزێنن

 

سه‌عاتێکی تر
تۆش ڕووخسارت وێران ده‌بێ
کاتێ کە نیگات
له‌ بارستی تاریک
ڕاده‌مێنێ و
ده‌ستی له‌رزۆکم
به‌ دوای ده‌رکەدا
پلانی ژوور
تێکوپێک ده‌دا

 

لە کاتی خۆیدا

له‌ کاتی خۆیدا هاتی
دانیشه‌
ئه‌مه‌ کاتەکان و وێنه‌کان کە بە تەمایان بووی
ئه‌مه‌ش
چاویلکه‌ نوێیه‌که‌ت

 

ئه‌مه‌
ئه‌و ساته‌یه‌
که‌ ترس له‌ تەنیشتت بوو
ئه‌مه‌ش
چاکترین ساتی تۆیە
که‌ پێت وایه‌
له‌ پاڵ گوڵێکیت
له‌ تەنیشت شەونمەکان و لە سپێدەدا

 

ئه‌مانه‌ هەموو تێکه‌ڵ ده‌بن

 

سەیری ئەمەیان!
ده‌ستت خستووەته‌ ژێر چه‌نه‌ و
چارۆگه‌ی کەشتی
له‌ چاوەکانتدا ده‌کرێته‌وه‌
شه‌پۆل له‌سه‌ر شه‌پۆل
لمی گه‌رم و
له‌شی تازەی لاو
وێنه‌یه‌کی هه‌رزان
که‌ ئازارت ده‌دا

 

به‌ڵام
هه‌ور
لێره‌
هه‌وره‌

 

نەک‌ وه‌کو ئێره‌
که‌ ده‌ڕۆیت شەکەت و گێژ و داچه‌ماو
له‌ ساتی ڕۆیشتنی قیتار دەڕوانی و
به‌ هه‌ڵه‌ ده‌ڕۆی
به‌ره‌و هێڵی زه‌رد
که‌ هه‌ر نییه‌

 

ده‌ڕۆیت و تەنیا ‌که‌سێ که‌ چاوه‌ڕێته‌
له‌وبەر هێڵەکە دەمێنێتەوە

 

ئه‌مه‌ش ساته‌کانی ئێواره‌
ئه‌مه‌ش دواوێنەکەت
ڕه‌ش!
ببوورە

 

داچەمیو بەسەر پێشخوانی پەڕپووتی باڕێکی هەرزاندا
تا شتێک هەڵکڕێنێ لەم جیهانە

 

دووکەڵی سووچی لێوی خۆی خۆش دەوێ
کە دەڕوا
بەنێو ئەو خەیاڵانەی لە تەنیشت پەڕپووت دانیشتوون

 

“جاز”ی خۆش دەوێ
دواگرتەی فیلمەکانی خۆش دەوێن
ژنەکانی سەرەتای شەوی خۆش دەوێن
پیاوێک
کە داچەمیوە
بەسەر پێشخوانی دوێنێدا
تا شتێک هەڵکڕێنێ لەم جیهانە.

 

چەند باشە کە هەم و لە گفتوگۆی بێبڕانەوەی مەرگ و ژیندا سەرانسەر دەدرەوشێمەوە وەک ئەستێرەیەک کە ئێستا لە جێیەک دەدرەوشێتەوە و ڕێزانی منە و تۆم دێنێتەوە بیر لە قڕچەی گەرمای کۆڵانێکی بێبندا کە لە مەرگ وێنایەکی دوورم هەبوو و وام دەزانی کە جیهان ڕۆژێک دەرگەکانی بە ڕووماندا دەکاتەوە تا بەڕاستی و دۆستایەتییەکی تاقەتپرووکێنەوە پەرە بە ژیان بدەین و درۆ نەبین تا ساتی مەرگ وەک ئەستێرەیەک کە ئێستا لە شوێنێک کپ کەوتووەتە سەر خاک.

 

چ کەسانێکم خۆش دەوێن کە ئێستا نیوەشەوان لە توێی پەردەکانەوە یەک بە یەک دەردەکەون و هەرکام بە دوو دێڕ چیرۆکێک دەڵێن و پەردە دادەخەن تا گوێ هەڵخەم لە زایەڵەی دەنگە ئاوێتەکان و بیر لە کەسێ بکەمەوە کە خۆشەویستیم لەگەڵ کرد کە وا بزانم تەنانەت لەژێر سێبەری چەترێکیشدا کە پاش باران کڕیمان خۆشەویستی نەبوو.

 

وا بزانم بە دڵت دەبێ ئەگەر پیاو بی و ژنێک لەسەر نیمکەتێک و بە کتێبێکی هەرزانەوە ببینی و پێت وا بێ کە دەتوانی لە پێناو دێڕەشیعرێکدا سەراسەری شەو لەگەڵیدا خۆشەویستی بکەیت و ئەمە ڕووداوێکە کە ڕوو نادا تەنانەت ئەگەر ژنانێک هەبن کە حەز بکەن لەگەڵ کەسێکی وەک تۆدا شەو سەراسەری شەو بەسەر بەرن لە پێناو دێڕەشیعرێکدا.

 

دەیبینن

ژوورەکە گشتیان دەیبینن

 

چەکمەجە کراوەیە و
وەسیەتنامەیەکەش
(ئەمەیان خاوەنهۆتێل دەیبینێ)

 

چەرچەفی دڕاو و
کورسییەکی لنگاوقووچ
(ئەمەیان پۆلیس دەیبینێ)

 

لەبن میچ
سێبەرەکانی دالەقان
(ئەمەیان
مردوو دەیبینێ)

 

ئادرەس

بە لای چەپدا ئەگەر بڕۆی یان ڕۆیشتبای
گۆڕەپانێکی بچووک بوو و تەنیشتیشی کتێبفرۆشی بوو
سەرەوەی چایخانە بوو و دەرگەت کە دەکردەوە
دەتبینی دانیشتووە و
لە پشت جامەکانەوە
لە مەودای دارخورما تاکو مەرگ ڕاماوە