یەکشەممە، شینە!

مەحموود دەرویش/شاعیری فەلەستینی

April 22, 2018

 

یەکشەممە، شینە!
مەحموود دەرویش
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: پشکۆ نەجمەدین

 

 

لە سترانمدا، ژنێک دانیشتووە و تەشی دەڕێسێ،
چا تێ دەکات و پەنجەرەش لەسەر ڕۆژان ئاواڵە،
زەریاش دوورەدەست.
ژنێک، یەکشەممە، شینی پۆشیوە،
لەگەڵ گۆڤار و نەریتی گەلان، خۆی دەخجڵێنێ،
شیعری ڕۆمانسی دەخوێنێتەوە و
لەسەر کورسییەک خۆی دەڕازێنێ…
پەنجەرە بە ڕووی ڕۆژاندا واڵا،
زەریاکەش دوورە!
دەنگێک دەژنەوێت، چاوەڕواننەکراو،
دەرگا واز دەکات،
کەسێک دەبینێت لە سەفەردایە،
دەرگا دادەخات،
وێنەی دەبینێ،
پرسی پێ دەکات:
من خۆم بکوژم؟
میوزیکی مۆزارت، لەبەر دڵ دەنێ و
لەگەڵ زەوینە ئاسمانییەکەدا،
ئاسوودە و دڵشاد،
پەنجەرەش بە ڕووی گشت ڕۆژەکاندا،
ئاواڵە و گوشاد،
زەریاکەش هەر دوور،
ئێمەش پێک گەیشتین…
زەریام خستە نێو قاپێکی فەخفوور،
سترانم ون بوو،
نا تۆم لێ ون بوویت،
نەک گۆرانییەکەم،
دڵیش ئاواڵە بەرەو ڕۆژەکان،
زەریاش بەختەوەر!