‌‌سڵاو لە تۆ ئەی ئەو کەسەی ڕقت لە دەستماچکردنە

ئەحمەد ئەبوو شەکیان/شاعیری فەلەستینی

February 8, 2019

 

 

ئەحمەد ئەبوو شکیان، لە شاعیرانی نەوەی نو‌ێی فەلەستینە. لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٨ـە. لە غەززە دەژی و میدیا دەخوێنێت. ئەو شاعیرێکە بۆ خۆشەویستی دەنووسێت. بە ئاستەکەم دەتوانی بۆنی شتێکی تر لە شیعرەکانیدا بدۆزێتەوە، بە بەراورد بە شاعیرانێکی دیکەی فەلەستین، کە ڕاستەوخۆتر دەنووسن. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

‌‌سڵاو لە تۆ ئەی ئەو کەسەی ڕقت لە دەستماچکردنە
ئەحمەد ئەبوو شەکیان
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: خەڵات عەلی

 

 

 

 

کاتژمێرێکی دەستیی کردە دیاریم،
پاش چەند ڕۆژێکی کەم شکا
تەنیا سندووقەکەی مایەوە
هەموو جارێک کە چاوم دەکەوێتە سەر سندووقەکەی
خۆم لەناو گریانێکی منداڵانەدا دەدۆزمەوە
بۆ کاتژمێرەکە نا،
بەڵکوو بۆ ئەو کاتەی کە دەمکوژێت دوای ڕۆیشتنی ئەو.
٭ ٭ ٭

 

‌‌سڵاو لە تۆ، ئەی ئەو کەسەی ڕقت لە دەستماچکردنە
دوای تۆ، هەموو ڕۆژێک دەستی قەدەر ماچ دەکەم
کە بە یەکەوە کۆمان بکاتەوە ئەگەر یەک جاریش بێت.
٭ ٭ ٭

 

کۆترێکی زیوینی لە ملدایە،
هەموو جارێک کە دەیبینم
پێناسەیەکی ئاشکرام بۆ ئاشتی دەبێت.
٭ ٭ ٭

 

لە گۆشەیەک، لە ئاسماندا
فریشتەیەک دەگری
بە شێوەیەک که سەرنجم بەرەو بەزەیی کێش دەکات
چونکە خۆشەویستەکەی کە لە ڕەگەزی مرۆڤە ناپاکیی لەگەڵ کردووە
لەگەڵ هۆزانڤانێک کە هەموو قەسیدەکانی لە هاوڕێکەی دەدزێت.
٭ ٭ ٭

 

خۆزگەم دەخواست کە لەبەر دەرگەی کەنیسەیەک بەجێیان هێشتبام و هەڵاتبان
لە تاو سەرما دەمردم، کێشە نییە
لانیکەم گەورە نەدەبووم کە لە تاو “ترس” بمرم.
٭ ٭ ٭

 

ئەوەی هەستی ترسم لە هەستی خۆشەویستی جیا دەکاتەوە
ئەو شەقامەیە کە ماڵەکەتانی لێیە.
٭ ٭ ٭

 

قژە کورتەکەی
ناچارم دەکات زەردەخەنە بکەم
ئەو زۆر لە چیرۆکێکی کورتی مارکیز دەچێت.
٭ ٭ ٭

 

دیداری ئەوجارەمان ئاسایی نەبوو،
پڕۆمۆیەک بوو بۆ کۆتاییهاتنی جیهان.
٭ ٭ ٭

 

کاتێک بە باشی گوزارشت لەوە ناکەم کە لە ناخمدایە
دەڵێم “دەترسم”.
من شایستەی خەڵاتی خراپترین وشەی دووبارەبووەوەم.
٭ ٭ ٭

 

هەستم بە سەختیی قۆناغەکانی داگیرکردن نەکرد،
تەنیا ئەو کاتەی لە باوەشم گرتی و نەمتوانی بەرەو ناخی خۆمت ڕابکێشم.
٭ ٭ ٭

 

لە چێشتخانەکە دەرچووین.
گارسۆنەکە هات و دەستی کرد بە پاککردنەوەی مێزەکەمان
لە خوێنی قسە بریندارکەرەکان و فرمێسکە شاراوەکان.
٭ ٭ ٭

 

کاتێک دەستی دەگرم،
نامەیەک بۆ چارەنووس دەنێرم
کە ناونیشانەکەی “من براوەم”ــە.