درۆ

ماری لابرۆس/شاعیری ئەمەریکی

October 28, 2020

 

ماری لابرۆس، دامەزرێنەر و بەڕێوبەری سەنتەری هونەر و کولتووریی کەشکۆڵە، دوکتۆرای لە شیعری کلاسیکی کوردیی سەدەی نۆزدەدا لە زانکۆی ئێگزیتەر، لە بەریتانیا، بە دەست هێناوە.  لابرۆس شاعیر و وەرگێڕ و دامەزرێنەری بەشی ئینگلیزیی زانکۆی ئەمەریکییە. لە پاڵ بڵاوکردنەوەی کاری وەرگێڕان و نووسین لە بارەی شیعر و ئەدەبی کوردییەوە لە گۆڤارە جیهانییەکاندا، خاوەنی دوو کتێبی وەرگێڕانیشە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی، کۆکراوەی شیعرەکانی کەژاڵ ئەحمەد بە ناوی “مشتێ خوێ”، کۆکراوەی شیعرەکانی عەبدوڵڵا پەشێو بە ناوی “فەرهەنگی نیوەشەو”.– ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

درۆ
ماری لابرۆس
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە، شێنێ محەمەد

 

 

 

 

تۆ زارت بە درۆ بەخشی
بۆیە خۆشی ویستی و
لە لات مایەوە.
بە هاوارکردنە سەری
گێژ دەبوو،
پێشتر هیچ کەس
نەیهێنابووە قسە.

 

تۆ باشتر لە ئاوێنە و
لە وێنەش
جەستەیەک بوویت
وەک چۆلەکە هەڵکەوتوو
بۆ هەڵگرتنی
دوو شانی تەنراو
بە شوێنەواری
درۆ.
ئەو شەیدات بوو

 

هیچیشی پێ نەبەخشیت.

 

ئەو کاتەی درۆ دەگەڕێتەوە لات
(کە هەمیشەش دەگەڕێتەوە
بۆ تەنها نیشتیمانە ئاشناکەی خۆی)
شەیدایی دەبێتە تووڕەیی،
بۆشی، دەبێتە تۆمەت.
گفتوگۆ مەکە
لەگەڵ ئەوانەی وا بێئومێد بوون.
بۆ ئەم درۆیە
هیچ دڵنەوایییەک
هیچ خۆشویستنێک
بەس نییە.

 

هیچ ڕێگایەک نییە
بۆ دەربازبوون
لە درۆ

 

جگە لە لێسەندنەوەی
ئەو زارەی پێت بەخشیوە.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار