دووریت گەورە بووە

موعاز خەلیفات/شاعیری ئوردونی

June 6, 2018

 

 

موعاز خەلیفات، شاعیری ئوردونی، تەمەنی بیستوپێنج ساڵە و لە عەقبە دەژی. ئەو شیعر دەنووسێت و هەروەها خەریکی نووسینی ڕۆمانێکە بە ناوی “دانیشتنەکانی نەخۆشێکی دەروونی”. خەلیفات لەم شیعرەدا بە دوای دەربڕینێکی دیکەوەیە، ئەو ڕاستە کە تەمەنێکی کەمی هەیە، بەڵام لە ئێستاوە توانیویەتی بە چاوێک سەیری دۆخەکان بکات، کە پێشتر وەها سەیری نەکرابێت و ئەمە تەنیا چاوی موعاز بێت. هەڵبەت کۆی تێڕوانینەکەی بۆ شیعر، شتێک نزیک دەبێتەوە لە ئەو دنیا شیعرییەی مەحموود دەرویش دروستی دەکات، ئەوەی کە چۆن بتوانیت خۆشەویستی و خەمە مرۆیی و سۆزدارییەکان ئاوێتە بە دۆخ و ڕووداوەکانی دەوروبەر و حاڵەتی نامۆ بکەیت، کە زۆر جار لە دەرەوەی شیعر، بێ پەیوەندی ماونەتەوە. شیعرەکەی موعاز ئەم پەیوەندییە دروست دەکات. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

دووریت گەورە بووە
موعاز خەلیفات
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: خەڵات عەلی

 

 

 

دووریت گەورە بووە،
ئێستا بە پێ دەڕوات،
خۆی قەیتانی پێڵاوەکانی دەبەستێت.
بە دەستی خۆی ددانی خۆی دەشوات.
بە مێزی نانخواردندا هەڵدەگەڕێت بەبێ وەرگرتنی یارمەتی لە کەس.
من چیتر شەوانە لەبەر گریانی ئەو هەڵناستم.
زمانی گرتووە و داواکاریی زۆر بووە.
لەگەڵ ئەوەی بە وردی چاودێریی دەکەم،
بەڵام هێشتا دەترسێت بە تەنیا بخەوێت.
دوێنێ، مامۆستاکەی پەیوەندیی پێوە کردم و داوای لێ کردم دەستبەجێ بڕۆم بۆ لای،
دڵمی شڵەژاند و تووشی دڵەڕاوکێی کردم.
هەموو وانەکانی زانکۆم هەڵوەشاندنەوە، هەموو دیدارەکانم دوا خستن
ئەو نامەیەی کە بۆ تۆم دەنووسی لە کافتریا بەجێم هێشت.
ڕام كرده‌ سه‌ر شه‌قام‌، وەک پیاوێکی دەرکراو،
کاتێک کە گەیشتم،
مامۆستاکە لە هۆڵی دایکوباوکان داینیشاندم،
بە ده‌نگێكی سەرزەنشتکارانەوە پێی گوتم
کە دووریت زۆر بێدەنگە،
خێرا تووڕە دەبێت،
هەڵسوکەوتی لەگەڵ هاوڕێیەکانی باش نییە لە پۆلدا.
پاشان دەستی بۆ یەکێک لە تابلۆ سەیرەکانی درێژ کرد، نیگاری سێبەری ئافرەتێکی بێڕووخسار بوو لە منداڵێک دوور دەکەوتەوە کە بە دوایدا ڕادەکات و لەسەر سەری نووسراوە «من»
هەروەها ئەو پرسیارە قورسەی کە لەژێر تابلۆکەیدا کردبووی، ئەوە بوو:
«بۆ کوێ دەڕۆن هەموو ئەوانەی کە زیندوون و سەفەر دەکەن؟
چی دەکەن لەوێ؟
ئەی چی هەیە دەربارەی ئەو دایکوباوکانەی کە منداڵی وەک منیان هەیە؟»

 

 

لەو کاتەوە
بە خێرایی درکم پێ کرد،
کە دووریت گەورەتر بووە و
ئێستا بیر دەکاتەوە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار