دڵە گەورەکە

موعاز خەلیفات/شاعیری ئۆردونی

November 23, 2018

 

 

موعاز خەلیفات، شاعیری ئوردونی، تەمەنی بیستوپێنج ساڵە و لە عەقبە دەژی. بە گشتی شیعر دەنووسێت و ڕۆمانێکیشی بە ناوی “دانیشتنەکانی نەخۆشێکی دەروونی” هەیە. لێرەدا دوو پارچەشیعری ئەو دەخوێننەوە، لە یەکەمیاندا کە چیرۆکی دڵیەتی؛ بە جۆرێک تێکەڵ بە نامۆیی و ڕازیبوون بووە، لەو دۆخەی کە تێیدایە، کە ئەوەیش خۆی لە خۆیدا تراژیکە. لە دووەمیاندا، باسی چیرۆکی ئەوی دیکەیە، کە لە هەموو شتێکی جیهانەکەی دەوروبەرتدا دەتوێتەوە و تۆ دەیناسیتەوە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

 

دڵە گەورەکە
موعاز خەلیفات

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: خەڵات عەلی

 

 

 

وەک قەڵەمێک لەنێو کۆمەڵێک نەخوێندەواردا،

من هەست بە نامۆیی دەکەم!

وەک بووکەشووشەیەک لە دەستی پیرەژنێکی تەنیادا،

من لە شوێنە ڕاستەکەمم…

وەک خاکێک کە چیتر ئاو لە خوێن جیا ناکاتەوە،

هەموو شتێک ڕازیم دەکات…

وەک ماسییەکی ناو حەوز کە باوەڕ بە ئەفسانەکانی ئۆقیانووس ناکات،

ئەوە جیهانە گەورەکەمە…

ئەوە دڵە گەورەکەمە…

 

 

 

ئەو شەقامە بە تۆ جەنجاڵ بووە…

هەموو ئەو خەڵکانەی دەیانبینم، “تۆ”ـن

ڕووخساری تۆ هەڵدەگرن…

عەترەکەت بەکار دەهێنن

ڕۆیشتنەکەت پیادە دەکەن…

وەک ئەوەی کە سەفەرت کرد،

بۆ هەموو شوێنێک سەفەرت کردبێت…

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار