محەمەد موختاری، شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی ئێرانی، لە ٢١ـی ئەپڕێلی ١٩٤٢ لە مەشهەد لە دایک بووە. لە ٣ـی دیسەمبەری ١٩٩٨ـدا لە قەتڵە زنجیرەیییەکانی ئێراندا تیرۆر کرا. – باڵندە
گۆکردنەوە
محەمەد موختاری
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: حەمە قادر
ئەم گەرووە بەرگەی زۆر ناگرێ و هەندێجار وەک ئێستا هاوار دەکا و چنگ دەخاتە زمان. ڕووت دەبێتەوە ژێکانی و دەقڵشێت و دەپرژێت لەم ئاوێنەیە کە بست بە بست پەنجەکانمان بەشدارە لە شکانی.
لەتلەتی دیدار لەتلەتی دەمارەمێشک، لە لەتوپەتی قیڕە، لە پارچەپارچەی تاریک، لە تەڵاشی پەرش لە کەلێنی قووڵایی، ئەو گوڵەی تەرزەکانی داوەتە دەم با و گۆپکەکانی وەک زارێکی پژاو بە وشەی ڕژاو پەڕەکانی پەرش دەکاتەوە و دارەکان کە بەسەر زەریاکانەوەن و خاک کە زاتی خۆی بەسەر باوە دۆزیوەتەوە و ئێمە کە ماوینەتەوە و لێرە دەمێنینەوە و سەرمان لەسەر کورسییەکان خۆی ڕادەگرێ و قژمان گڕ دەداتە زەریا کە لە درەوشانەوەیدا قووڵایی زەوی بدرەوشێتەوە و لە خەودا بدرەوشێتەوە لە بێداریدا بدرەوشێتەوە و لە وەهمدا بدرەوشێتەوە و لە جێناوێک کە ناتوانێ نەدرەوشێتەوە بەدەم درەوشانەوەوە و ئەو ڕۆشناییە بەرزە کە تێدەخوڕێ کە خوڕە و کە خوڕەشی دێ
شیعرێک کە تک تک باریوە دەبارێ و ئاوەکان و زریانەکانی خرۆشاندووە و دەخرۆشێنێ و ئاوەکان و زریانەکانی هێور کردۆتەوە و هێوری دەکاتەوە و ئێمەش کە تاوەتاو بەڕێکەوتووین و زیندانەکان کە کەوتوونەتەڕێ و ڕێدەکەون و دارەکان کە پێیان گرتووە و پێدەگرن و کەلاوە و ئاواییەکان کە بەڕێکەوتوون و دڵۆپەکان کە دیسان بوونەتە هەڵم و دڵۆپەکان کە سەرلەنوێ باریون و دەبارێ و تا ئەم نیوەیە لە ڕاشکاوی خۆیدا لە باوەڕی خۆی لەتلەت بڕوانێ و پارچە ناڕێکەکانی لەیەک کلۆم بدا و ڕێکخستنی ئەم شکانە هەموو تەمەنی بردووە و سێبەری کاڵی گومان و دڵنیایی و وەهم و ڕوونییەکەی خۆڕاگری پرتووکاندووە.
بەڵام بۆ دەبێ زیڕە بکەین؟ کە لەم گەڕانە تازەیەدا ڕەنگە جێپەنجەی خۆمان یا باوباپیران یا تەنانەت ڕۆڵەکانمان لە ژەنگی ئاوێنەدا بدۆزینەوە.
دنیا بەم دەربڕینە یەکتربڕە یان بە ڕەشاش ناڕووشێ و بە ناڕێکیشی دەنگدانەوەی ڕێکی شاعیران تێکناچێ.
ئەم دەستوخەتە ئاشنایە کەوا سانا دەردەکەوێ، سەختیشە، چونکە خەتی خۆمانە و ئەو وشانە گۆ دەکا کە ئەشق لە ڕامانی خۆی بەرلەوەی ڕێکیان بخا، گۆی کردوون.
کەواتە بنووسە ئەوەی هەنووکە ڕوودەدا لە ئاستی کێدایە و ئەوەی لەم مانایە بەرمان دەکەوێ شایستەی کام پەیڤانەیە؟
بنووسە لەسەر خاک بە قەد ئەستێرە هەنگاوگەلێک لە هەڵنانابوون و لە هەڵنانان و ئەم زەوییە بیر لە هەنگاوی نراویش دەکاتەوە و کردووێتییەوە و یادەوەری هەر کەڵەکە دەبێ و کەڵەک دەبێ و لە دەرفەتی نەیزەک کە بەرد لە ئەستێرە ڕژاوەکان دەکەوێتە چپە لەگەڵ بەرد یان ئێسقان کە دەچەقێتە خاک و تۆزەتۆزە حیکایەت دەگێڕێتەوە.
بنووسە ئێستا لە کوێیە خەونەکانمان، لە کوێیە؟ کوا لەتلەتی ئێسقانەکانمان کوا؟ کوا قسەی ونبوو کە دەیویست گوێی جیهان کەڕ بکا؟ بنووسە ئازادی خەونێکی سادەیە کە خاک هەموو شەو دزە دەکاتە قووڵایی نادیاری و سپێدان لە کەناری دیارییەوە هەڵدێ و ئەم زمانە ئەگەرچی بە گۆکردنی ڕانەهاتووە دەنگی ئاخاوتنی لەودیو بێدەنگییەوە بیستووە
بنووسە ئەشق ناوی شەوێکە هێشتا لە تەنگەژەکانی دنیا مافی ئامادەیی دەدا و سێبەرەکانمانی لە دیواری کۆن پەڕاندۆتەوە و دەپەڕێنێتەوە، ئەگەرچی بۆنی کۆنی ئەمێستا لووتمان جاڕس بکا و لە چوار لاوە ڕابێین و بخەسێین و گومان بکەین و گومان و باوەڕ لەیەک تێکەڵ بن و بمانحەپەسێنن و توڕە بین و دیسان بنووسین کە ئێمە ئێستاش دەنووسین کە ئێمە ئێستاش لێرەین وەک درەخت کە لێرەیە وەک برسێتی کە لێرەیە وەک بەردەکان کە لێرەن و وەک ئازار کە لێرەیە و وەک خاک کە لێرەیە و وەک شەو کە وەک ڕۆژ لێرەیە و وەک سەعات و ترپە و خامۆشی وەک شیعر و فەرامۆشی وەک خۆشویستن وەک مەل وەک هەژاری وەک گومان وەک ناگومان وەک ئاگر وەک هزر وەک کارەبا وەک تەنیایی وەک فەن وەک شەونم وەک توندوتیژی وەک دانایی وەک ڕێژەییبوون وەک ترس وەک ڕاپسکان وەک کوشتن وەک زیندانی یەککەسی وەک میکرۆب وەک ئارەزوو وەک نادڵنیایی وەک ئازادی و وەک سەرکوتکاری و وەک هەر شتێک کە ناونیشانی ئێمەی پێیە و ئێمەش نیشانێکمان لێی هەیە.
ئێمە بینەری دروشم و شیعری خۆمانین و بینەری دڵنیایی و گومانی خۆمانین و داڕزان و گەشەی خۆمانین و داڕزان و گەشەی خۆمانین و بەم تیشکە کە سانا دیارە و چەماوەی هەردەمبوونمان تا ئێرە پێواوە و بازنە هەردەم گەورەتر بووە تا تۆزەتۆزی خۆمان کۆکەینەوە و دیسان ڕابێین و دیسان کۆی کەینەوە و دیسان گەروواوگەروو بیڵێینەوە و بێدەنگ بین و دیسان بهۆنینەوە و سات بە سات خەونمان بنووسین و خەت بکێشین و دیسان بنووسین و دیسان بیسڕینەوە و دیسان بهۆنینەوە و دیسان بنووسین و بسڕینەوە و دیسان و دیسان پیت بە پیت بنووسین و دیسان بنووسین دیسان….