یەمسا، لە ستایشی نائامادەییدا

فەرزاد کەمانگەر/مامۆستا و شاعیری کورد

May 11, 2022

فه‌رزاد که‌مانگه‌ر، مامۆستا، شاعير، ڕۆژنامه‌نووس و چالاکوانى مه‌ده‌نى، له‌ ساڵى 1978 له‌ کامياران له‌ دايک بووه‌ و له‌ 9/5/2010 به‌ تۆمه‌تى ئه‌ندامبوون له‌ ڕيزه‌کانى پژاک له‌ زيندانى ئێڤين له‌گه‌ڵ چوار هاوڕێى تريدا له‌ سێداره‌ دران، تا هه‌نووکه‌ش نازاندرێت گۆڕه‌که‌ى له‌ کوێيه‌. له‌ کاتى بردنى بۆ گۆڕه‌پانى له‌سێداره‌دان چوکلێتى به‌سه‌ر هاوڕێکانى و سه‌ربازه‌کانى ئه‌وێنده‌ردا دابه‌ش کردووه‌.

موحسين عيمادى، شاعير، وه‌رگێڕ و ده‌رهێنه‌رى ئێرانى، ساڵى 1976 له‌ مازه‌نده‌ران له ‌دايک بووه‌. ئه‌ندازياريى کۆمپيوته‌رى له‌ زانکۆى شه‌ريفى تێکنه‌لۆجيى له‌ تاران ته‌واو کردووه‌. ماسته‌رى له‌ هونه‌ر و فه‌رهه‌نگى ديجيتاڵى له‌ فينلاند و دکتۆراکه‌شى له‌ ئه‌ده‌بى به‌راوردکاريدا له‌ زانکۆى نيشتيمانيى سه‌روه‌ريى مه‌‌کسيک ته‌واو کردووه‌. عيمادى خاوه‌نى سايتى ڕه‌سمیى ئه‌حمه‌دى شاملووه‌، يه‌که‌مين کتێبى شيعريى له‌ ئيسپانيا بڵاو بووه‌ته‌وه‌ و شيعره‌کانى بۆ زياتر له‌ 12 زمان وه‌رگێڕدراون. عيمادى خه‌ڵاته‌کانى وه‌ک: نيشانه‌ى شانازيى سندووقى نێوده‌وڵه‌تيى شيعر، خه‌ڵاتى شيعريى ئانتۆنيۆ ماچادۆ و خه‌ڵاتى جيهانيى شيعرى ترسى له‌ ئيسپانيا وه‌رگردووه‌. له‌ ئێستادا له‌ مه‌کسيک و فينله‌ندا ده‌ژى.-ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

يه‌مسا
له‌ ستايشى نائاماده‌ييدا
موحسين عيمادى
وه‌رگێڕانى: زارى

 

 

 

بۆ مه‌رگى فه‌رزاد که‌مانگه‌ر

 

 

 

1
له‌ کۆتاييى جيهان دانيشتووم
له‌ يه‌مسا
له‌ دوورگه‌يه‌کى بچووک
که‌ له‌ کاتژمێرێکدا
هێنده‌ى دڵنيا ببيته‌وه‌ که‌ که‌س نايه‌ته‌ ژوان
ده‌توانى ئه‌مسه‌ر بۆ ئه‌وسه‌رى ته‌ى بکه‌ى.
په‌نجا ساڵ پێش ئێستا ئێره‌يان کڕى
چه‌ند کوخێکى دارينيان چێ کردبوو
سۆپا و کوانووش تێيدا.
منيش به‌ به‌له‌م گه‌يشتمه‌ ئه‌وێ
باران له‌ کۆتاييى جيهان ده‌بارێت
قووه‌کان و به‌له‌مه‌کان به‌سه‌ر ئاوه‌که‌وه‌ن و
هيچ هه‌واڵێکيش له‌ مه‌رگ نييه‌.

 

له‌ به‌له‌مه‌کدا دانيشتبووم
کاتێک به‌ چاوانى سه‌وزيه‌وه‌
مێژووى پۆستاڵى سه‌ربازه‌کانى له‌ نيشتيمانه‌که‌ى ده‌گێڕايه‌وه‌
که‌ زياتره‌ له‌ په‌نجا ساڵ.
له‌ گه‌ڵيشيدا بيرم ده‌کات و
ئاگر و‌ بڵێسه‌ شينه‌کانى خۆش ده‌وێت.
کۆتاييى جيهان دووباره‌ نابێته‌وه‌
هه‌ميشه‌ ته‌نيا يه‌ک کۆتايى هه‌يه‌ و
هه‌رگيز ناشتوانرێت ڕاڤه‌ بکرێت.

 

 

2
له‌ يه‌مسا که‌س به‌ زمانى خۆى نادوێت
کاتێک زستانان ده‌رياچه‌کان ده‌يبه‌ستن
گورگه‌کان و مرۆڤه‌کان به‌ پێ ده‌گه‌نه‌ ئێره‌
ئێره‌ هه‌رگيز چۆڵ نه‌بووه‌.
هه‌موو شتێک له‌ ئاکاميدا پێى له‌وێ ناوه‌
جوانيى تۆ يان ئه‌سته‌ميى من
له‌ تاويشدا
هه‌ميشه‌ زمان ديار نامێنێت
ته‌نيا ده‌توانرێت ئاماژه‌ بۆ‌ شته‌کان بکرێت.
مرۆڤه‌کان به‌ تۆمارى مانا به‌ يه‌مسا ده‌گه‌ن
به‌ڵام هه‌ر له‌گه‌ڵ يه‌که‌م ئاگردا
مانا و ئاوردوو پێکڕا ده‌سووتێن و
تامى چوکلێت له‌ ده‌مدا ده‌بێت به‌ خۆڵه‌مێش.
ئه‌وده‌مه‌ى ته‌پڵه‌کى ژێر پێى سێداره‌دراو لا ده‌چێت و
پووچى و مانا هه‌ردووک ئاماژه‌ به‌ کاغه‌زى چوکلێت ده‌ده‌ن
ئه‌وده‌مه‌ى ديمه‌نه‌که‌
له‌ بکوژ و کوژراو، له‌ ته‌ماشا و ته‌ماشاکه‌ر به‌تاڵ ده‌بێت و
پاکه‌وانه‌که‌ش لاشه‌ى چوکلێته‌که‌ به‌ گسک کۆ ده‌کاته‌وه‌.

 

له‌ کۆتاييى جيهان ڕاوه‌ستاوم
با به‌نێو ئاگردا پێچ ده‌خوات و
گشت بڵێسه‌کانيش شينن.

 

 

3
نائاماده‌يى واته‌ ده‌توانى به‌ په‌نجه‌کانت
ئاماژه‌ بۆ‌‌ هه‌موو خه‌سڵه‌ته‌کانى که‌سێک بکه‌يت
بۆ‌ چاوانى سه‌وز
بۆ‌ پێستى هه‌تاوى و لێوانى سوور
سوور
لێ ناتوانى خۆی نيشان بده‌يت.
يان کاتێک ئه‌و ژنه‌ى له‌ ته‌نيشتته‌وه‌ ڕاکشاوه‌
مۆته‌که‌يه‌ک نابينێت
تاوه‌کوو لا‌واندنه‌وه‌ى ده‌سته‌کات پێويست بن بۆى.
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌يه‌ خودا هه‌ميشه‌ نادياره‌
چ ته‌پڵه‌کێک له‌ژێر پێيه‌کانم لا بچێت
چ له‌ يه‌مسا
له‌سه‌ر چوارپايه‌يه‌ک دانيشتبێتم و
تۆى نێو شيعره‌کانم بگۆڕێت.
له‌ ته‌واوى جه‌نگه‌ جيهانييه‌کاندا
هيچ بۆمبێک زيانى به‌ کۆتاييى جيهان نه‌گه‌ياند
هه‌رگيز داگيرنه‌کراوه‌
هه‌رگيز ڕزگاربوويه‌ک پێى له‌سه‌ر نه‌ناوه‌.
من له‌ کۆتاييى جيهاندا
کاغه‌زگه‌لێک ده‌سووتێنم
که‌ له‌نێوياندا پێستى ژنه‌کان و ده‌سته‌کانى من
له‌گه‌ڵ ديزاينى ماڵه‌کاندا ئاوێزان ده‌بن.
به‌له‌مه‌کان له‌ به‌تاڵيدا سه‌وڵ لێ ده‌ده‌ن
با به‌نێو ماڵه‌ چۆڵه‌کاندا ده‌گڤێت و
هه‌موو بڵێسه‌کانيش شينن.

 

 

4
له‌ يه‌مسا
ئه‌سته‌مه‌ کات ئه‌زموون بکرێت
ڕۆژ، مه‌وداى به‌له‌مه‌ تازه‌گه‌یشتووه‌کانه‌
به‌ پێوه‌رى پێيه‌ک
له‌ به‌له‌مگه‌لێک که‌ هه‌گيز ناگه‌ڕێنه‌وه‌.
ساڵ، پانتايیيه‌که‌
به‌ پێوه‌رى بستێک
که‌ ده‌سته‌کانى من ده‌بوو به‌ ئه‌گريجه‌ى تۆ گه‌یشتبا و
ئه‌به‌دیيه‌تيش هێنده‌ى ته‌پڵه‌کێک له‌ باڵاى مرۆڤێک به‌رزتره‌
کاتێک ئيدى پێيه‌کان نابزوێن و
پزيشکى بينه‌ر ديارى ده‌کات
که‌ ده‌توانن په‌ته‌که‌ بێننه‌ خوار.
په‌ته‌که‌ ده‌هێندرێته‌ خواره‌وه‌ و
به‌تاڵ ده‌بمه‌وه‌ له‌ جه‌وهه‌ر گۆڕانى به‌له‌م به‌ به‌له‌م
ده‌ست به‌ ئه‌گريجه‌ و
جه‌سته‌ به‌ يادگار
ده‌بمه‌ شوێن له‌ يه‌مسا
به‌ گۆڕێک، لانکێک
که‌ له‌وێنده‌ر بڵێسه‌ شينه‌کان
ته‌نيا خوازه‌يه‌کى گڕگرتوون ده‌له‌رزن
چه‌شنى په‌يمانى ژوانێک له‌ کۆتاييى جيهان.

 

 

5
لێره‌ دانيشتووم
له‌ يه‌مسا
له‌ ڕووبار و ئاواز
له‌ وێنه‌دانه‌وه‌ و سێبه‌ر
فرمێسک و
هه‌ناسه‌دانى نه‌بڕاوه‌
له‌ به‌له‌مێکدا که‌ ده‌مگه‌ڕێنێته‌وه‌
بۆ تۆ و فه‌له‌ستينم
بۆ من و کوردستانت.

 

زه‌ڕنيخ، شينئاسا ده‌سووتێت
قوڕقوشم، سه‌وز.
زه‌ڕنيخ و قوڕقوشم
ژه‌هر و گوللـه‌ له‌ ئێمه‌دا ده‌سووتێن و
هه‌ردووک قه‌رزارى نائاماده‌يين.

 

باران ده‌بارێت
شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌کان دوا ده‌که‌ون و
له‌ کۆتاوێستگه‌دا
به‌ چه‌ترێکى شينه‌وه‌
به ‌دواى ژنێکدا ده‌گه‌ڕێم
به‌ چه‌ترێکى سوور و
چاوانى سه‌وزيه‌وه‌.