مردن دەناسم وەک ئەوەی هەموان دەیناسن

نەوال شەریف/شاعیری ئەمازیغی

July 26, 2020

نەوال شەریف، کچەشاعیری ئەمازیغی، لەدایکبووی ١٩٩٣ـیە. پسپۆڕە لە ئابووریی گشتی و بەڕێخستنی بەڵێندەریدا، بەڕێوبەر و ئامادەکاری بەرنامەی ڕۆشنبیری و هونەرییە، ئامادەکار و بەڕێوبەری دیداری شانۆیی و هونەری نووسینە. لە ساڵی ٢٠١٥ـوە ئەندامە لە ماڵی داهێنانی نیشتیمانیی بەشی خریبکە. ئەندامە لە بەڕێوبەرایەتیی شەپۆلی ڕۆشنبیری. سەرۆکی یانەی ڕەوتی ژنان و ڕۆشنبیری و لاوانە. بڵاوکراوەکانی بریتین لە دیوانێکی ناوکۆیی لەگەڵ کۆمەڵێک شاعیردا، لە بڵاوکراوەکانی ماڵی داهێنانی نیشتمانی ساڵی ٢٠١٧. هەروەها “گەڕان بە دوای جەستەدا لە هونەری شێوەکاریدا” شۆڕشە یان گرێ. هەروەتر دیوانی شیعریی “من خراپم”.  – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

مردن دەناسم وەک ئەوەی هەموان دەیناسن
(دوو شیعر)
نەوال شەریف
و. لە عەرەبییەوە: هیوا قادر

 

 

 

گریان

لەبەر ئەوەی نکوڵی لە چاکەی گریان ناکەم، دەگریم.
دەشگریم، هەرچ دەمێک حەزم لە گریان بێت.
کە عەشق بەجێم دێڵێت، دڵم هەلاهەلا دەبێت، دەگریم.
کە هاوڕێیەتییەک دەمرێت، دەگریم.
دەگریم کاتێک چاوەڕوان دەبم.
دەگریم کاتێک تامەزرۆم.
دەگریم کاتێک دەدۆڕێم.
دەگریم کە دەکەوم و زەوی ئێشی پێ دەگات.
بۆ کات دەگریم کە لە دەست و پێی خۆم دەیپچڕم تا ئەو دەمانە نان بدەم کە تێر نابن.

 

دەگریم هەرچ کات گوێم لە ئاهی غەریبی خۆم دەبێت.
دەگریم تا کێڵگەی دەستەسڕەکان دوای وشکبوونەوە ئاو بدەم.
هەندێک جار دەگریم بێ ئەوەی بزانم بۆ دەگریم.
دەگریم و سەیری ئەو ساڵانەی تەمەن دەکەم کە ڕووەو کۆتایی دەچن.
دەگریم وەک منداڵ کە دەگری، وەک پیاو کە دەگری.
دەگریم لەبەر ئەوەی گریان سەرسامکەرە.
دەگریم کە دەیبەمەوە.
دەشگریم هەرچ کاتێک حەزم لە گریان بێت،
چونکە تەنها گریانە،
وام لێ دەکات هەست بە بەهای ئەو خۆشییە بکەم کە لە ناومدایە.

 

 

گۆشەگیری

ئەوەی لە پشتی دڵمەوە
وەک وشەی “خۆشم دەوێیت”
شاردبوومەوە، گۆشەگیری بوو!

 

هەست دەکەم ئێستا هیچ شتێک چاوەڕێم ناکات
دەرەوەش چیتر بۆ من گرنگ نییە
هەموو جۆرەکانی دەرەوەم
لە خەیاڵمدا لەناو گیرفانی شیعردا شاردووەتەوە،
یەکەمینیشیان “دەمت”.

 

ئێستا دەزانم، شێوەی خۆر چۆنە و چۆنیش مانگ هێکڕا چواردە دەبێت.

 

شێوەی درەخت دەزانم

 

دەزانم چۆن ئاو لە بیر هەڵەگوێزرێت

 

شێوەی سەتڵ دەزانم

 

دەزانم چۆن نۆبەی وەرزەکان دێن
ژمارەی ڕەنگەکان و ناوی جەژنەکانی بەهاریش.

 

شێوەی پشیلە، سەگ، کەنغەر و گوێدرێژی کێوی دەزانم، دەزانم شێوەی باڵداریش چۆنە کە باڵ ڕووەو حەقیقەت دەگرێتەوە. حاجی لەقلەقەکانیش چۆن هێلانەکانیان لەسەر ستوونی کارەباکان درووست دەکەن.

 

دەزانم شێوەی ماڵەکان لە دەرەوەڕا چۆنە

 

چۆنیش سەراب لەسەر ڕێگای کاکی بە کاکی شێوەی ئاو وەردەگرێت،

 

شێوەی مزگەوت و کڵێساکان دەزانم، ئەو کڵاوە بچووکانەش کە دەکرێنە سەری جووەکان.

 

ئێستا شێوەی کۆڵان و بەندەر و دەریا و ساراکان دەزانم، جیاوازیی نێوان لادێ و شارەکانیش.

 

لەسەر زمانم زیاد لە زمانێک زیاد لە ناوێک هەیە
بۆ نووسینی ئەو ڕۆمانانەی کە عومرم بەشی نووسینیان ناکات.

 

دەزانم سەرقەبران چۆنە

 

دڕکی سەرقەبران

 

جۆری قەبرسانەکان

 

مردنیش دەناسم وەک ئەوەی هەموان دەیناسن.

 

نەمتوانی هەموان بناسم
بەڵام تۆم ناسی.

 

ئەوە گۆشەگیری بوو لە پشتی دڵمەوە شاردبوومەوە
وەک وشەی “خۆشەم دەوێیت”!

 

دوای ئەوەی هێندەی پێویست هەویری شیعرم
لەناو چێشتخانەی خەیاڵدا
شاردبووەوە.

 

ئێستا من گۆشەگیر لە دنیا: خۆشمەوێیت!