دەکرا من بەردێکی سارد بم

نەوال شەریف/شاعیری ئەمازیغی

November 24, 2018

 

 

نەوال شەریف، کچەشاعیری ئەمازیغی، لەدایکبووی ١٩٩٣ـیە. پسپۆڕە لە ئابووریی گشتی و بەڕێخستنی بەڵێندەریدا، بەڕێوبەر و ئامادەکاری بەرنامەی ڕۆشنبیری و هونەرییە، ئامادەکار و بەڕێوبەری دیداری شانۆیی و هونەری نووسینە. لە ساڵی ٢٠١٥ـوە ئەندامە لە ماڵی داهێنانی نیشتیمانیی بەشی خریبکە. ئەندامە لە بەڕێوبەرایەتیی شەپۆلی ڕۆشنبیری. سەرۆکی یانەی ڕەوتی ژنان و ڕۆشنبیری و لاوانە. بڵاوکراوەکانی بریتین لە دیوانێکی ناوکۆیی لەگەڵ کۆمەڵێک شاعیردا، لە بڵاوکراوەکانی ماڵی داهێنانی نیشتمانی ساڵی ٢٠١٧. هەروەها “گەڕان بە دوای جەستەدا لە هونەری شێوەکاریدا” شۆڕشە یان گرێ. هەروەتر دیوانی شیعریی “من خراپم”. لێرەدا دوو شیعری نەوال دەخوێننەوە. یەکەمیان چیرۆکی بەخت و ئەگەرەکانە، کە هەردووکیان وەک کێبڕکێکارێک دەکەونە گەمەکەوە. دووەمیان شیعرێکی عاشقانەی شیرینە، کە خۆی لە زەردەخەنەیەکدا دەخاتە ڕوو. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

دەکرا من بەردێکی سارد بم
نەوال شەریف
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هیوا قادر

 

 

 

بەخت یارییەکی فێڵزانانەیە

 

دەکرا

من نەبم

بەڵام هەبووم و هەرواش دەمێنمەوە،

دەکرا ژن

یان

مرۆڤێکی ئازاد نەبم،

دەکرا من

باڵدارێک

درەختێک

یان بەردێکی سارد بم و

شەپۆلی ناو دۆڵێک بەر قامچیم بدات.

 

بەخت یارییەکی فێڵزانانەیە

 

دەکرا من

لە ساتی فڕیندا

بکەومە خوارەوە

دەشکرا

لە ساتی

عاشقبوونمدا بمرم،

دەکرا

خانەدانێکم خۆش بوێت.

بەڵام من وا دروست بووم…

شتە بێڕۆحەکان و

خۆڵەمێش و

کەللەڕەقی و

لەیەکنەچوونم خۆش بوێت.

 

بەخت یارییەکی فێڵزانانەیە

 

دەکرا من

ڕۆژێکی هەینی لە دایک بم و

پیرۆز بم،

خاوەنی عەقڵێکی

جێگیر

نەلەنگاو

نەلەقبوو بم.

دەکرا من

هیتلەر بم

بە تابلۆ ئاوییەکانم بەناوبانگ بم

ئەودەم بیر لە سووتانی جووەکان نەکەمەوە.

دەکرا من

“داهیا”ی* ئەمازیغ بم

دۆعایەکی نەمر بهۆنمەوە

تاکوو ئەمازیغییەکان زمانەکەی خۆیان بیر نەچێتەوە.

دەشکرا من

ئیمزایەک بم

بە “سایکسبیکۆ” بانگ بکرێم.

 

بەخت یارییەکی فیڵزانانەیە

 

دەکرا من

دۆستێکی “هیباتیا” بم

یان ئەو پیرەژنەی

سێوەکەی دا بە نیوتن.

 

بەخت یارییەکی فیڵزانانەیە

 

هەموو یارییە فێڵاوییەکان

سەرەتا بەخت دروستی کردوون.

 

 

داهیا: 585 م-ـ 712 م، بە جادووگەری بەربەر بەناوبانگ بووە، سەرۆکی بەربەر بووە و بۆ ماوەی ٣٥ ساڵ دەسەڵاتدار بووە لە سەرووی ئەفەریقا.

 

 

زەردەخەنەکەت

 

زەردەخەنەکەت

لەسەر جێگەکەوە خستمییە خوارەوە

دامی بە ئەردا

وەک ئەوەی

زەنگی ئاگادارکردنەوەی

بەیانیان بێت،

زەردەخەنەکەت وای کرد

وەک منداڵێکی بچکۆلەی

بەردەمی جادووگەر و کۆترێک

دەمم لە تاوا داپچڕم،

تۆ چووزانیت کۆتر چییە…

ناتوانم

نا… نا

من گوتم

ناتوانم

بەرگەی

ئەو تیشکە

ئەو بایە بگرم

خەریکە

چارۆکەکە دەدڕێنێت.

ناتوانم

لەم بێهێزییەم

بێهێزتر بم

ناتوانم

بمرم

بەم مردنە نەبێت…

 

 


 

سەرچاوە
نوال شريف، ديوان شعري: سيئة أنا