کۆلێرا

نازک مەلائیکە/شاعیری عێراقی

May 27, 2018

نازک مەلائیکە، شاعیری عێراقی، (١٩٢٣-٢٠٠٧) بەوە ناسراوە یەکەمین شیعری عەرەبی؛ ئەو نووسیویەتی و ناوی وەک نوێکەرەوەی شیعر ڕۆیشتووە. شیعری کۆلێرا کە لێرەدا دەیخوێننەوە، ئەو شیعرەیە وەک یەکەمین شیعری عەرەبی ناسراوە و لە ساڵی ١٩٤٧ـدا نووسراوە، پاش ئەوەی شاعیر گوێی لە هەواڵی مردنی هەزاران کەس دەبێت لە قاهیرە کە بە هۆی بڵاوبوونەوەی کولێراوە گیانیان سپاردووە. باوکی نازک دژی ئەم شێوازە شیعرنووسینە دەبێت، بەڵام مەلائیکە بۆ لەوەودوا زیاتر درێژەی پێ دا. بە تەنیشت مەلائیکەوە بۆچوونێکی تر هەیە پێی وایە بەدر شاکر سەییاب یەکەمەین شیعری عەرەبیی نووسیوە. شیعرەکانی هەردووکیان لە ساڵی ١٩٤٧ـدا وەکوو کتێب بڵاو بوونەوە. نازک مەلائیکە خۆی لە کتێبی “بابەتەکانی شیعری نوێ”ـدا ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە شیعرەکەی ئەو یەکەم جار نووسرابێت، بەڵام ئەویش لەسەر هەمان بۆچوونە کە شیعری عەرەبی لە عێراقەوە نوێ دەکرێتەوە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

کۆلێرا
نازک مەلائیکە
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: تەیب جەبار

 

شەو کپە
لە سایەی بێدەنگیدا، لە قووڵاییی تاریکدا،
گوێ بۆ لاواندنەوەی…
سەر مردووان هەڵدەخەم.
هاوار بەرز دەبێتەوە، تێک دەچێ،
خەم هەڵدەقوڵێ، گڕ دەگرێ،
سەدای ئاهوناڵە هەڵدەنووتێ.
هەموو دڵێک دەکوڵێ،
هەموو کوخێک پڕخەمە،
لە هەموو شوێنێک، لە تاریکیدا، ڕۆحێک هاوار دەکا،
لە هەموو شوێنێک دەنگێک دەگری
مردن هەمووی پارچەپارچە کردووە،
مردن، مردن، مردن.
ئەی خەمی پڕهاواری نیل لە دەست مردن،
بەرەبەیان دەرکەوت،
گوێ لە دەنگی پێی هاتوچۆکەران دەگرم،
لە کپیدا، گوێ هەڵدەخەم
سەیری ڕەوی گریاوان دەکەم
دە مردوو، بیست… ناژمێردرێ…
گوێ بۆ گریاوان هەڵدەخەم،
گوێم لە دەنگی منداڵێکی بەستەزمانە.
مردووان، مردووان، ژمارەکە زۆرە،
مردووان، مردووان، دواڕۆژ نەما
لە هەموو شوێنێک، لاشەیەک خەمبارێک دەیلاوێنێتەوە.
نە ساتێکی ژیان هەیە، نە بێدەنگی،
چەپۆکی مردن ئەمەی کرد.
مردن، مردن، مردن.
بنیادەم بە دەست مردنەوە دادوبێدایەتی.
لە ئەشکەوتی ترس، لەگەڵ لاشەکاندا،
لە بێدەنگیی بێڕەحمی ئەبەدییەت، مردن دەرمانە
پەتای کۆلێرا سەری هەڵدا،
قینێک قوڵپ دەدا و تۆڵەی لێ ناکرێتەوە،
دابەزی بۆ ناو دۆڵی دڵخۆش و گەش،
شێتانە و شپرزانە هاوار دەکا،
دەنگی گریاوان نابیستێ.
جێچنگی لە هەموو شوێنێک دیارە،
لە کوخی جووتیاران، لە ماڵان،
هیچ شتێک نییە جگە لە هاتوهاواری مردن.
مردن لە ڕێگەی کۆلێرای دڵڕەقەوە، تۆڵە دەستێنێ،
بێدەنگییەکی تاڵە
هیچ شتێک نییە جگە لە سەدای تەکبیر
تەنانەت گۆرهەڵکەنیش ماندووە،
هیچ شاگردێکی نەما.
بانگدەری مزگەوتیش مرد،
کێ ستایشی مردوو بکا و تەلقینی بخوێنێ
هیچ نەما جگە لە گریان و شینوشەپۆڕ.
منداڵ بێ دایکوباوک
بە دڵێکی گڕگرتوو دەگری
بێگومان، پەتای دڕندە سبەی پەلاماری ئەویش دەدا
ئەی تارماییی کولێرا هیچت نەهێشت
جگە لە خەمەکانی مردن
مردن، مردن، مردن.
ئەی میسر بە دەست مردنەوە
هەستم شیتاڵ شیتاڵ بوو

 

بەغداد/١٩٤٧