نیلووفەر شەریفی، خانمەشاعیرێکی ئێرانییە، لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە تاران لە دایک بووە. ئێستا لە هۆڵەندا دەژی. “نیلووفەر ناوێکی دیکەی برینە” تازەترین کتێبی ئەوە. – باڵندە
لە نیگاوە بۆ سەر کراسە گوڵگوڵەکەم
نیلووفەر شەریفی
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: شادی نیکخا
دەستی پێدا بێنە
لەسەر قژەکانم
فڕینی بێژوماری قاڵاوەکان
هێشتا ڕەشە و
مەرگ
پێدەکەنێ بە ژنێک لەناو جێدا
چاوەکانم کراوەن و
ماسییە سوورەکان
بە ئاکارێکی ژنانە
تک تک دەڕژێن
لە نیگاوە
بۆ سەر کراسە گوڵگوڵەکەم
ماچم بکە
با لە ناکاوە
لە هەرای قاڵاوە بێژومارەکاندا
ماچم بکە و
چاوەکانم
ئەو دوو مێیینە کێوییە
بشارەوە
لەژێر چەرچەفە سپییەکاندا
لێ گەڕێ
با سەربازەکان پارچەکانی من
لە بیر بکەن
لێ گەڕێ با تەنیا مەرگ
دەست بە مەمکەکانمدا بێنێ
هێشتا لە ناخمدا
ئەو منداڵە کاڵە هەناسە دەدات
تەنیایی لەنێو ڕەحممدا هەناسە دەدات و
من دەمرم و
خاک دەزانێ
جوانیی ژنێک چۆن هەڵلووشێ و
ئێسکی تف بکاتەوە بەسەر ڕووخساری بووندا و
جوانیی ژن
لە شەڕدا غەنیمەتە
چاوەکانی
بۆنی لیلووپەڕەکانی کراسەکەی…
توند ماچم بکە
دەستەکانت
بە ناوقەدمدا هەڵقە بکە
ناوقەدم
شارێکی گەمارۆدراوە
ژنێک کە چاوەکانی دەبڕێتە بنمیچ
بیر لە دوایین برین دەکاتەوە!
بیر دەکاتەوە
بەهار کە بێت
قژەکانی بۆنی بەیبۆن دەگرن و
سەربازەکان
ئەو ئاوەلمە کاڵە
لە ڕەحمیدا بە خاک دەسپێرن
ماچم بکە
هێشتا ژان
لە جەستەی شینمدا
زریکەی پێدا دێ و
گەرووی تفەنگەکان
بۆ فەرمانی دەستڕێژ ساردە و
من
دەیبڕمە بنمیچ چاوەکانم
ئەو دوو مێیینە ڕەشە
با لە ناکاوە و
من دووگیانم بە مێژوو و
چاوەکانم بێ هۆکار کراوەن و
قریشکەی گوللـەکان
بە وێرانتریان دەوێت
جیهان
جوانیی ژن