شەقام

ئۆکتاڤیۆ پاز/شاعیری مەکسیکی

December 9, 2019

ئۆکتاڤیۆ پاز، لە ٣١ـی مارسی ١٩١٤ لە مەکسیکۆسیتی-مەکسیک لە دایک بووە، ١٩ـی ئەپڕێڵی ١٩٩٨ بە شێرپەنجە لە هەمان شوێن کۆچی دواییی کردووە. ئەو شاعیر، نووسەر، دیپلۆمات و ڕەخنەگرێکی مەکسیکی بوو. بە ئابڕووی شیعری جیهان ناسراوە. لە حەڤدەساڵیدا دەستی بە نووسین کرد. باوکی، پارێزەر بوو، باپیریشی چیرۆکنووس، هەردووکیان لە پەروەردەی ئەودا کاریگەر بوون. لە گەنجێتیدا بەها کۆمەڵایەتییەکانی لە باوکییەوە وەرگرت و ئەدەبیاتیش لە باپیرییەوە فێر بوو. سەرەنجام شاعیریی لە بری پارێزەریی هەڵبژارد. لە ساڵی ١٩٦٢ـدا بوو بە باڵیۆزی مەکسیک لە هیند و چوو بۆ ئەوێ. لە ساڵی ١٩٦٨ـدا وەک هەڵوێستێک لە هەمبەر سەرکوتکردنی خوێناویی خۆپیشاندانی ئارامی خوێندکاران لە مەکسیک، دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە و ئیتر تا کۆتایییەکانی ژیانی، وەک سەرنووسەر و چاپەری چەند گۆڤارێکی تایبەت بە هونەر و سیاسەت مایەوە. ئۆکتاڤیۆ پاز، لە ساڵی ١٩٨٠ـدا لە لایەن زانکۆی هارڤاردەوە دوکتۆرای شانازیی پێ بەخشرا و لە ساڵی ١٩٨١ـدا خەڵاتی سێرڤانتسی بردەوە. سەرەنجام لە ساڵی ١٩٩٠ـدا ئەکادیمیای سویدی بۆ خەڵاتی نۆبێل، لە هەمبەر نیو سەدە تێکۆشان لە بواری شیعر و ئەدەبیاتی مەکسیکدا، خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیاتی بەخشی. ئەو لە سوید گوتارێکی گرنگی بە ناوی «لە گەڕان بە دوای هەنووکە»ـدا خوێندەوە. پاز پێی وایە شاعیر شیعر بۆ دڵی دەنووسێت، بەڵام پێوستە لەگەڵ خوێنەریشدا پەیوەندیی دروست بکات.  هەروەها شیعر نهێنییەکە ناتوانین هەرگیز چۆنیەتیی ئافراندنەکەی وەسف بکەین، بەڵام لە هەمان کاتدا بەبێ ئەوەی بیر لە ڕەوتی ئافراندنەکەی بکەینەوە، ناتوانین درکی بکەین. لێرەدا شیعری “شەقام”ـی پاز دەخوێننەوە، کە پێ دەچێت سەرهاتی مرۆڤێک بێت لەگەڵ خۆیدا. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

شەقام
ئۆکتاڤیۆ پاز
وەرگێڕانی لە ئیسپانییەوە: ئەحمەدی مەلا

 

 

شەقامێکی پانوپۆڕ و بێدەنگە.
بەنێو تاریکیدا رێ دەکەم و ساتمەیەک دەکەم و
هەڵدەستمەوە و بە پێیە نابیناکانم
بەردی لاڵ و گەڵای وشک دەشێلم
لە دوای منەوە یەکێکی دی، ئەویش دەیانشێلێ،
گەر بوەستم، دەوەستێ؛
گەر ڕابکەم، ڕادەکا.
ئاوڕ دەدەمەوە، کەس دیار نییە.
هەموو شتێ تاریکە و ڕێگا نییە.
دەخولێمەوە و دەخولێمەوە
هەمیشە دەکەومەوە سەر شەقامەکە
نە کەس چاوەڕێم دەکا، نە کەسیش دوام دەکەوێ
لەو شوێنەی دوای یەکێک دەکەوم
ساتمەیەک دەکا و هەڵدەستێتەوە و
ئاوڕ دەداتەوە
چاوی بە من دەکەوێت و دەڵێ: کەس نییە.