وەکو یادەوەری و خەشخاش یەکترمان خۆش دەوێت

پۆڵ سیلان/شاعیری ئه‌ڵمانیزمان

December 11, 2018

پۆڵ سیلان، وه‌رگێڕ و شاعیری ئه‌ڵمانیزانی به‌ ڕه‌گه‌ز ڕۆمانی، له‌ 23ـی نۆڤه‌مبه‌ری 1920ـدا له دایک بووه‌، له‌ 20ـی مه‌ی 1970ـدا له‌ ته‌مه‌نی چلونۆساڵیدا کۆچی دواییی کردووه‌. په‌یوه‌ندیی ئه‌و، له‌گه‌ڵ دوو ژنه‌شاعیردا؛ نێلی زاکس و ئینگه‌بۆرگ باخمان، تایبه‌تمه‌ندی و کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆی له‌ ئه‌ده‌بیاته‌که‌یدا هه‌یه‌. به‌ جۆرێک وا باس ده‌کرێت سێلان کتێبی “خه‌شخاش و بیره‌وه‌ریی” بۆ باخمان نووسیبێت. شێوازی شیعری سیلان له‌‌ شیعره‌ ئاسان‌فامه‌کانی زمانی ئه‌ڵمانی نییه‌. ئاماژه‌ فراوانه‌کانی ئه‌و بۆ ده‌قه‌کانی دیکه‌، به‌ تایبه‌ت ده‌قه‌ مه‌زهه‌بی و عیرفانییه‌ یه‌هوودییه‌کان له‌ لایه‌ک و شێوازی ئه‌و له‌ به‌کارهێنانی زماندا له‌ لایه‌کی تره‌وه‌؛ درککردن به‌ شیعره‌کانی ئه‌ویان، ته‌نانه‌ت بۆ بڕێک له‌ ئه‌ڵمانیزمانانیش دژوار کردووه‌. سیلان له‌ هه‌ر کوێ به‌ پێویستی زانیبێت ده‌ستکاریی پێکهاته‌ی زمانی کردووه‌، له‌ پێناو ده‌ربڕینی بابه‌تێکدا که‌ وه‌ک باس ده‌کرێت ئه‌گه‌ری ده‌ربڕینی نییه‌. ماڵپه‌ڕی باڵنده‌   

 

 

 

 

 

وەکو یادەوەری و خەشخاش یەکترمان خۆش دەوێت
پۆڵ سیلان
وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: کەریم پەڕەنگ

 

 

 

گۆرانیی ژنێک لە سێبەردا

ژنە بێدەنگەکە دێت و سەری هەڵاڵەکان دەپەڕێنێ

کێ دەیباتەوە؟

کێ دەدۆڕێ؟

کێ دەچێتە بەردەم پەنجەرەکە؟

کێ لە پێشدا ناوی خۆی دەڵێ؟

ئەو کەسێکە، کە قژەکەم هەڵدەگرێ.

قژەکەم هەڵدەگرێ وەکو چۆن مرۆڤ مردوویەک بە دەست هەڵدەگرێ.

قژەکەم بەو جۆرە هەڵدەگرێ، وەکو چۆن ئەو ساڵەی عاشق بووم ئاسمان قژمی هەڵدەگرت.

بۆ خۆباییبوون قژەکەم بەو جۆرە هەڵدەگرێت.

ئەو دەیباتەوە.

ئەو نادۆڕێت.

ئەو بۆ بەردەم پەنجەرەکە دەڕوا.

ئەو ناوی خۆی ناڵێ.

ئەو کەسێکە چاوەکانی منی لە لایە.

لەوەتەی دەروازەکان داخراون، چاوەکانی منی لایە

وەکو ئەڵقە چاوەکانم لە پەنجەکانیدان

وەکو شووشەی شکاوی لەززەت و یاقووت:

لە پاییزدا برام بوو؛

ئەو ڕۆژەکان و شەوەکان دەژمێرێ.

ئەو دەیباتەوە.

ئەو نادۆڕێت.

ئەو ناچێتە بەردەم پەنجەرەکە.

ئەو لە کۆتاییدا ناوی خۆی ناڵێ.

ئەو کەسێکە، ئەو شتەی هەیە، کە گوتم.

وەکو بوخچە لە بن هەنگڵیدا هەڵی گرتووە.

ئەو هەڵی گرتووە وەکو چۆن کاتژمێر خراپترین سەعاتی خۆی هەڵدەگرێ.

ئەو لە ئاستانەوە بۆ ئاستانە هەڵی دەگرێت، فڕێی نادا.

ئەو نایباتەوە.

ئەو دەدۆڕێ.

دەچێتە بەردەم پەنجەرەکە.

ئەو یەکەم جار ناوی خۆی دەڵێ.

ئەو لەگەڵ هەڵاڵەکاندا سەری دەپەڕێنرێ.

 

 

کۆرۆنا

پاییز گەڵاکەی لە دەستمدا دەخوات: ئێمە هاوڕێین

ئێمە کات لە توێکڵی گوێز دەردەهێنین و فێری ڕۆیشتنی دەکەین:

کات بۆ ناو توێکڵەکە دەگەڕێتەوە.

لە ئاوێنەدا یەکشەممەیە،

لە خەوندا دەخەوین،

دەم قسەی ڕاست دەکات.

چاوم بۆ لای ئەندامی زاوزێی مەعشووقە دادەبەزێ:

سەیری یەکتر دەکەین،

شتێکی تاریک بە یەکتر دەڵێین،

وەکو یادەوەری و خەشخاش یەکترمان خۆش دەوێ،

وەکو شەراب لە قاقلەجنۆکەکاندا دەخەوین،

وەکو چۆن دەریا لە پرشنگی مانگدا دەخەوێ.

ئامێزمان بە یەکتردا کردووە و لە بەر پەنجەرەکەدا ڕاوەستاوین، ئەوان لە جادەکەوە سەیرمان دەکەن:

کاتی ئەوە هاتووە، مرۆڤ بزانێ!

کاتی ئەو هاتووە، بەرد دەست بە چەکەرە بکات،

کە دڵی نائارامیی لێ بدات.

کاتی ئەوە هاتووە، کاتی بێت.

کاتی ئەوە هاتووە.

 

 

لاسکەگیاکانی شەو

لە دڵ و لە مێشکەوە، لاسکەگیاکانی شەو نەشونما دەکەن

وشەیەکیش کە کێلەندی دەیکات،

ملی لاسەگیاکان بەرەو ژیان لار دەکاتەوە.

بێدەنگ وەکو ئەوان

بەرەو ڕووی دونیا هەڵدەکەین:

نیگاکانمان،

گۆڕیوەتەوە بۆ ئەوەی دڵنەواییان بکرێت،

بە دەستکوتان بەرەو پێشەوە دەڕۆن،

تاریکی بە دەست بانگمان دەکەن.

بەبێ نیگا

ئێستا چاوت لە چاومدا بێدەنگ بووە.

بە دەم ڕۆیشتنەوە

دڵت بۆ لێوەکانم بەرز دەکەمەوە،

دڵم بۆ لێوەکانت بەرز دەکەیتەوە:

ئەوەی ئێستا ئێمە دەیخۆینەوە،

تینوویەتیی ساتەکان دەشکێنێ،

ئەوەی ئێستا ئێمە هەین،

ساتەکان بۆ کاتی تێدەکەن.

تامی بکەین؟

هیچ دەنگێک و هیچ تیشکێک نایەتە نێوانمانەوە

بۆ ئەوەی بیڵێین.

ئەی لاسکەگیاکان، ئۆ لاسکەگیاکان

ئەی لاسکەگیاکانی شەو.

 

 

بادەمەکان بژمێرە

بادەمەکان بژمێرە،

هەموو ئەو شتانە بژمێرە کە تاڵ بوو و خەوی لێ زڕاندی

منیشیان لەگەڵ بژمێرە:

کاتێ چاوت هەڵهێنا و کەس سەیری نەکردی من بە دوای چاوتدا گەڕام،

من ئەو پەتە پەنهانەم جەڕاند،

ئەو شەونمەی، تۆ بیرت لێی کردبووەوە،

لەو پەتەوە بۆ ناو گۆزەکان داچۆڕا،

 

ئەو قسەیەی دڵی هیچ کەسێکی نەدۆزییەوە دەپارێزێ.

لەوێ بە تەواوی چوویتە ناو ئەو ناوەوە، کە ناوی خۆتە،

بە هەنگاوی دڵنیاوە بەرەو لای خۆت ڕۆیشتی

چەکوشەکان لە کورسیی زەنگی بێدەنگیتدا دەهاتن و دەچوون

گوێلێگیراوەکە بۆ لای تۆ هات

مردووەکە دەستی لە ملت کرد

سێبەسێ بەناو ئێوارەدا ڕۆیشتن،

تاڵم بکە.

لەگەڵ بادەمەکاندا بمژمێرە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار