شۆڕەبی

پۆڵ سیلان/شاعیری ڕۆمانیی ئەڵمانیزمان

September 28, 2019

پۆڵ سیلان، شاعیری ئەڵمانیزمانی بە ڕەگەز ڕۆمانی، یەکێک لە قوربانییە دەربازبووەکانی جەنگی جیهانیی دووەمە. باوکی لە ئۆردووگەی زۆرەملێ گیانی سپارد و دایکی گولـلەباران کرا. خۆیشی هەر لەو ئۆردووگەیانە بوو. سیلان تا کاتی مردنی کاریگەریی ئەو کارەساتانەی بە سەرەوە مایەوە و زۆر جاریش هەستی دەکرد لەژێر چاودێریدایە. تەنانەت جارێک لە دۆخێکی خراپی دەروونیدا دەبێت و بە چەقۆ هێرش دەکاتە سەر ژنەکەی. ئەو ٢٣ـی نۆڤەمبەری ١٩٢٠ لە چێرنیڤتسیی شانشینی ڕۆمانی(ئۆکرانیای ئەمڕۆ) لە دایک بوو. مێژووی مردنەکەی هەرچەند دەقیق نییە، بەڵام وا باس دەکرێت کە لە ٢٠ـی مەیی ١٩٧٠ـدا و لە تەمەنی ٤٩ـساڵیدا، پاش ئەوەی ماوەیەکی زۆر بە ڕێی ئاسایشگەی دەروونییەوە دەبێت، خۆی هەڵداوەتەوە چۆمێکەوە لە پاریس؛ تەرمەکەی دە ڕۆژ دواتر و بە دەیان کیلۆمەتر لە خواروو ئەو شوێنەوە دۆزرایەوە. شێوازی شیعرەکانی نزیکەی هەمیشە سادەفام نییە و تەنانەت هێندێک جار ئەڵمانیزمانەکانیش دەخاتە مشتومڕەوە، بەڵام دەتوانیت بە ئاسانی کاریگەریی ژیانی ئەو وەک جوولەکەیەک لە ئەڵمانیای سەردەمی نازییەکاندا لە شیعرەکانیدا ببینیت. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

شۆڕەبی

پۆڵ سیلان

وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: کەریم پەڕەنگ

 

 

شۆڕەبی، گەڵاکانت بە سپێتی نیگایان لە تاریکی بڕیوە.

قژی دایکم هەرگیز سپی نەبوو.

 

پەپوولەپاییزە، ئوکرانیا زۆر زۆر سەوزە.

دایکە قژزەردەکەم نەگەڕایەوە.

 

هەوری باران، جۆگە بە دەوری کانییەکەدا هەڵدەبەستی؟

دایکم بۆ هەموو کەسێک دەگری.

 

ئەستێرەی خڕ، تۆ قردێلە زێڕینەکە دەکەی.

دڵی دایکم بە قوڕقوشم بریندار بوو.

 

دەرگەی داربەڕوو، کێ لە گرێژەنەی دەرهێنای؟

دایکە نەرمونیانەکەم ناتوانێت بێت.