فێرناندۆ پێسۆوا شاعیر، ڕەخنەگر، نووسەر و وەرگێڕی پورتوگالی، ١٣ـی جوونی ١٨٨٨ لە دایک بووە و ٣٠ـی نۆڤەمبەری ١٩٣٥ لە تەمەنی ٤٧ـساڵیدا کۆچی دواییی کردووە. بە یەکەمین نووسەری مۆدێرنی وڵاتەکەی دادەنرێت و بە ڕیلکە و شەکسپیر بەراورد دەکرێت. بە چەندین ناو نووسینەکانی بڵاو کردووەتەوە.
دوکانی جگەرەفرۆشی
فێڕناندۆ پێسوا
وەرگێڕانی هێشوو خسرەوی
من هیچ نیم
نابم به هیچ
ناشمه‌وێ ببم به هیچ.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا،
هه‌موو خه‌ونه‌كانی جیهان له مندان.
په‌نجه‌ره‌كانی ژووره‌كه‌م:
ژووری یه‌كێك له‌و میلیۆنان كه‌سه‌ی،
كه هیچ كه‌س هیچ شتێك له‌باره‌یه‌وه نازانێت
(جا وا دامنا زانیشیان، چ شتێكیان ده‌ستده‌كه‌وێت؟)
ئێوه…
به‌ره‌و ڕووی ڕازی شه‌قامێكدا ده‌كرێنه‌وه، كه خه‌ڵكی تێیدا هه‌میشه له هاتوچۆدان،
بەسەر شه‌قامێكدا كە هیچ ئەندێشەیەك نایگاتێ،
[شەقامێكى] واقیعی، تاڕادەى مەحاڵ واقیعى،
دڵنیایانە، بە بێ زانین دڵنیایانە
له‌گه‌ڵ نهێنییهكدا كه له ژێر به‌رده‌كان و بوونه‌كان له گه‌ڕاندایه،
له‌گه‌ڵ مه‌رگ كه دیواره‌كان شێ‌دار و مووی ئینسانه‌كان سپی ده‌كات،
له‌گه‌ڵ چاره‌نووس كه كەژاوەى هه‌رشتێك بەرەو ڕێگای نه‌بوون دەئاژووێ.
ئه‌مڕۆ شكستم هێنا هه‌روه‌ك كه‌سێك كه حه‌قیقه‌تی به‌ده‌ست هێنابێت.
ئه‌مڕۆ پاك و بێگه‌ردم هه‌روه‌ك كه‌سێك كه له‌گه‌ڵ مه‌رگدا ڕووبه‌ڕوو بووبێته‌وه و
چیتر هیچ پەیوەندییەكى بە شتەكانەوە نەبێت،
بەڵام ماڵئاوایى، ئه‌م خانووە و ئه‌م بەرى شه‌قامه‌كه دەكاتە ڕیزێكی درێژ
له فارگۆنه‌كانی شه‌مه‌نده‌فه‌ر و،
سەرفەرێك لە سەرمەوە
فیكەى ڕۆیشتن لێدەدات،
كە لەرزینێكى دەمارەكانمە و
و كرچهكرچێكى ئێسكهكانە لە ڕێگەدا..
ئه‌مڕۆ سه‌رگه‌ردان و گێژم هه‌روه‌ك كه‌سێك كه له سه‌رسامی و دۆزینه‌وه و له‌ناوچووندا بێت.
ئه‌مڕۆ بووم به دوو پارچه‌وه
له‌نێوان وەفادارى بۆ دوكانى جگهرهفرۆشییەكەى دەرەوە
كە لەوبەرى شه‌قامه‌كه هەڵكەوتووە و،
وەفادارى بۆ هەستى دەروون لەنێو خۆما، كه پێم ده‌ڵێت:
هه‌موو شت ته‌نیا خه‌ونێكه.
لە هەموو شتێك‌دا بە سەهوودا چووم،
له‌و كاته‌وه‌ی بێهوودە و بێ‌ئامانج كەوتم،
ڕه‌نگه هه‌موو شتێك به‌ڕاستی هیچ بووبێت.
ئەو پەروەردەیەى پێیاندام،
له‌په‌نجه‌ره‌ی پشته‌وه‌ی ماڵهكهوە لێى دابەزیمە خوارەوە،
تەنانەت به ئومێدی گه‌وره‌وه به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی شار ڕۆیشتم
به‌ڵام تەنیا چیمه‌ن و دره‌خته‌كانم دیتەوە،
مرۆڤه‌كانیش له‌وێ بوون هه‌مان مرۆڤه هه‌میشه‌ییه‌كان
هه‌مان ئه‌و مرۆڤانه‌ی وه‌كو مرۆڤه‌كانیتر بوون.
له‌لای په‌نجه‌ره‌كه دوور ده‌كه‌ومه‌وه و له‌سه‌ر كورسیه‌كه داده‌نیشم.
ئێستا ده‌بێت بیر له‌چی بكه‌مه‌وه؟
كاتێك كه نازانم چیم، له كوێوه بزانم كه چۆن ده‌بم؟
ئاخۆ ئەو شتە دێتەبوون كە بیرى لێ دەكەمەوە؟
به‌ڵام من ئەندێشەم لاى ئەوەیە كە زۆر شت بم؛
چه‌ندە زۆرین ئهوانەى بیرمان لاى ئەوەیە كە زۆر شت بین،
كەچى زۆربەمان ناتوانین!
بلیمه‌تی؟ له‌م ساته‌دا سه‌دان هه‌زار مێشك، ڕێك وه‌كو من، خەون بەوەوە دەبینن بلیمه‌ت بن!
كەچى مێژوو- كێ چووزانێت؟- تەنانەت ناوی یه‌ك كەسیشمان تۆمار ناكات.
سه‌ركه‌وتنه خه‌یاڵییه‌كان جگه له كه‌ڵه‌كه‌بوونی چهنهلێدانهكان شتێكی‌تر نابێت!
نه‌خێر، من باوه‌ڕم به خۆم نییه.
هه‌موو نه‌خۆشخانه‌كان پڕن له‌و شێتانه‌ی كه دڵنیاییه‌كی ته‌واویان هه‌یه
ئایا منی بێ باوه‌ڕ كه‌سێكم، كه‌متازۆر له ئه‌وان دڵنیاتر؟
نه‌خێر، من تەنانەت لە بوونى خۆیشم دڵنیا نیم…
له‌م ساته‌دا، لە دنیادا،
لەژێر ساپتەى چەند ژووردا یان لە دەرێ،
بلیمه‌تان بۆ خۆیان بلیمەتن و خەون دەبینن؟
چەند خولیاگەلى ڕه‌سه‌ن و نایاب و دره‌وشاوه
به‌ڵێ، به‌ڕاستی ڕه‌سه‌ن و نایاب و دره‌وشاوه، هەن كە
تەنانەت ڕەنگە وەدیهاتنیشیان ئەستەم نەبێت،
كەچى هه‌رگیز نە ڕووناكى ڕۆژ دەبینن،
نە لەنێو خەڵكدا هیچ كەس بۆ بیستنیان گوێ ڕاده‌دێرێت!
دنیا هه‌ر بۆ ئه‌وانه‌یه كه بۆ بردنه‌وه‌ی ئه‌و له‌دایك بوون
نه‌ك بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه خه‌یاڵی بردنه‌وه‌ی ئه‌ویان له‌سه‌ردا بووه
هه‌رچه‌ند شایسته‌ش بن!
خهونگهلێكی زۆرم هەن زیاتر له‌وه‌ی كه ناپیلیۆن هه‌یبوون،
زۆر زیاتر له مه‌سیح، ئینسانییهتم له سینه‌ی خهیاڵیمدا جێ كردۆته‌وه.
به‌نهێنی چه‌نده‌ها فه‌لسه‌فه‌م چنییووه كه كانت هه‌رگیز نهینووسیوون
به‌ڵام من، هه‌مان نیشتەجێى ژوورێكى ژێر ساپتەم و هەتا هەشبم هەر وا دەبم
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئیتر له‌وێش نه‌ژیم،
من هه‌میشه كه‌سێك ده‌بم كه بۆ ئه‌م ژیانه له‌دایك نه‌بووه،
من هه‌میشه كه‌سێك ده‌بم كه خۆی به‌هره‌یه‌كی تێدایه،
من هه‌میشه كه‌سێك ده‌بم كه له‌ته‌نیشت دیوارێكی بێ ده‌رگا،
له‌چاوه‌ڕوانی كرانه‌وه‌ی ده‌رگادا كات به‌سه‌ر ده‌بات،
كه‌سێك كه گۆرانی نه‌بڕاوه‌ی له هێلانه‌ی كەودا خوێند
ده‌نگی خودای له بنى بیرێكى سه‌رداخراودا بیست.
باوه‌ڕم هه‌بێت به‌خۆم؟ نه‌خێر، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك
لێگه‌ڕێ سروشت بڕژێت به‌سه‌ر سه‌ری بێ ئۆقرهمدا
خۆره‌تاوی، بارانی و ئه‌و بایه‌ی كه پرچه‌كانم لێك ده‌ئاڵۆزێنێ،
ئه‌وانیتر، خۆیان ده‌زانن ئه‌گه‌ر بێن یان نه‌یه‌ن.
ئێمه‌ی ئه‌سیرانی دڵشكاوی ئه‌ستێره‌كان،
پێش جێهێشتنی پێخهفهكهمان هه‌موو جیهان داگیر ده‌كه‌ین،
كه به ئاگا دێین بێ زمان و نادیارین،
لهشوێنمان كه ڕادهپهڕێین نه‌ناسراو و بێگانه‌ین،
كه ماڵه‌وه به‌جێده‌هێڵین هه‌موو گۆی زه‌وی جێدههێڵێین
هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵه‌ی خۆر و كاكێشانی ڕێگای شیری و تا بێ كۆتا.
(چوكلێت بخۆ، كیژۆڵهكه،
چوكلێت بخۆ!
بڕوانە كە ئه‌م دنیایە چیتر هیچ شتێكى میتافیزیكی تێدا نییە جگه له چوكلێت.
باوه‌ڕ بكه هه‌موو ئایینه‌كان جگە لە شیرینى و حەلوا، شتێكى ترمان فێر ناكەن.
بخۆ، كیژۆڵه‌ى په‌شۆكاو، بخۆ!
خۆزگه ده‌متوانی وه‌كو تۆ به ساده‌یی چوكلێت بخۆم!
به‌ڵام كاتێك كاغه‌زه زیوییهكهی ده‌وری چوكلێته‌كه لێده‌كه‌مه‌وه تا توێژاڵه كاغه‌زییه‌كه‌ی ئه‌و ده‌ركه‌وێت،
بیر لەوە ده‌كه‌مه‌وه:
هه‌موو شتێك توڕ هه‌ڵده‌مه سه‌ر زه‌وی،
ڕێك وەك ئەوەى ژیانم دوور خستۆته‌وه.)
به‌ڵام لانیكه‌م له تاڵاوى نەبوونمدا بەو شتانەى كە هه‌رگیز نامه‌وێ ببم،
دێڕه پەلەپڕوزەكانى ئه‌م شیعرانه ماونەته‌وه
ڕاگرى ساپیتەكان بەرەو مه‌حاڵ كۆچیان كردووە.
به‌ڵام لانیكه‌م خۆمم خستە ژێر سەركۆنەیەكى بێ فرمێسكەوە،
لانیكه‌م به ژێستی خانەدانانەى دەستم، بوونم وه‌ك جلێكی چڵكن وه‌لا ده‌نێم،
بێ ئەوەى ڕێكخستنى كه‌لوپه‌له‌كان هیچ گرنگییەكیان هەبێت،
ئیدى من ڕووت و بێ جل له‌ماڵه‌وه ده‌مێنمه‌وه.
(تۆ، تۆى سوكناییبەخش، تۆى نەبوو و كە ڕێك بەم هۆیە سووكنایی بە من دەبەخشیت
تۆى خواوەندانى یۆنان، داتاشراو وه‌كو په‌یكه‌رێكی زیندوو،
تۆ نه‌جیبزاده‌ی ڕۆم، بێ ئەندازە ڕه‌سه‌ن و شەڕەنگێز
تۆ شازاده‌ی ئاواز‌و گۆرانی، ئه‌فسوونگه‌ر و ڕازاوه‌ی
تۆ ماركیزی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م، دێكۆلتهپۆش[1] و گۆشه‌گیر
تۆ سۆزانییه‌كی به ناو و ناوبانگی سه‌رده‌می باوكهكانمانیت،
تۆ ڕه‌نگه شتێكی مۆدێرن بیت- نازانم چیت-
ههرشتێكیت یان هه‌ر شتێك كه ده‌ته‌وێت ببیت، ببه،
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌توانیت ئیلهام بهخشبیت
ئیلهام به‌خشی منبه!
دڵی من سه‌تڵێكی بەتاڵكراوه.
هه‌روه‌كو ئه‌و مرۆڤانه‌ی په‌نا به‌ر ڕۆحه‌كان دەبەن،
منیش په‌نا ده‌به‌مه به‌ر خۆم، به‌ڵام شتێك له خۆمدا نادۆزمه‌وه
ده‌ڕۆمه لای په‌نجه‌ره‌كه‌وه و شه‌قامه‌كه له ڕوونیه‌كی ته‌واودا ده‌بینم.
دوكانه‌كان ده‌بینم، پیادهڕۆكان ده‌بینم، ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی كه تێده‌په‌ڕن ده‌یانبینم،
بوونه‌وه‌ری زیندووی پۆشتە ده‌بینم كه ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر تێده‌په‌ڕن،
هه‌روه‌ها سه‌گه‌كانیش ده‌بینم كه وه‌كو هه‌ركه‌سێك بوونیان هه‌یه،
هه‌موو ئه‌مانه ده‌بنه بارگرانى بۆ سەر شانم، هه‌روه‌كو بڕیاری دەرچوون و بەجێهێشتن،
هه‌موو شتێكیش بێگانه و نامۆیە وه‌كو هه‌ر شتێكی‌تر.)
من ژیام، وانه‌م خوێند، عاشق بووم، ته‌نانه‌ت ئیمانیشم هێنا،
ئه‌مڕۆ هیچ سواڵكه‌رێك نییه كه حه‌سوودیم پێیی نه‌بردبێت، به‌و هۆكاره‌ی كه ئه‌و وه‌كو من نییه.
كه ئاوڕ له پارچه جلە كۆنه‌كان و برینه‌كان و درۆیه‌كانی یه‌كتر ده‌ده‌مه‌وه
بیر له خۆم ده‌كه‌مه‌وه: ڕه‌نگه هەرگیز لەگەڵ هیچكامیان نەژیابیت
نه ژیان، نه خوێندن، نه عه‌شق نه ئیمان
(چونكه له ڕاستیدا ئه‌نجامی هه‌ر كارێك مومكین و له هه‌مان كاتدا نامومكینه.)
ڕه‌نگه بوونت ته‌نها وه‌كو مارمێلكه‌یه‌ك بێت كه كلكیان لێكردۆته‌وه،
كلكێك به ته‌نیشت مارمێلكهوه كە بەملاولادا خۆى با دەدات.
من شتانێكم بۆ خۆم دروست كردن كه نەمدەزانین
ئەوەى دەمتوانى بۆ خۆمى دروست بكەم بۆ خۆمم دروست نەكرد
شێوهیهكیترم وه‌رگرت به‌و ماسكهوەى كه پۆشیبووم و
زۆر بەرلەوەى ئەوان وەك كەسێك بمناسن كە خۆم نەبووم و
منیش نكوڵیم لێ نەكرد،
خۆمم ون كرد.
كاتێك ویستم ماسكه‌كه‌م لێبكه‌مه‌وه،
بینیم بە ڕوخسارمەوە نووساوە؛
له‌كۆتاییدا ئه‌وم لێكرده‌وه و له ئاوێنه‌دا سه‌یری خۆمم كرد،
دەمێك بوو پیر بووبووم.
مه‌ست بووم، چیتر نەمدەزانى چۆن ئەو ماسكە بپۆشم كه
هێشتا لە ڕوخسارم لامنەدابوو؛
ماسكه‌كه‌م له سندوقێكدا خه‌واند
ته‌واو وه‌كو سه‌گێك كه خاوه‌نه‌كه‌ی فێری نازونوزی كردبێت
له‌به‌رئه‌وه‌ی كه به‌م شێوه‌یه زۆر بێ ئازاره.
هه‌روه‌ها من كه ئێستا ئه‌م چیرۆكه ده‌نووسمه‌وه، ده‌مه‌وێت بیسه‌لمێنم كه مرۆڤێكی ڕه‌سه‌نم.
ئه‌ی جه‌وهه‌ری مۆسیقای هۆنراوه بێ سووده‌كانم
واى ئه‌گه‌ر ته‌نیا ده‌متوانی بتلاوێنمەوە وەكو شتێك كه خۆم دروستم كردووه
له‌جیاتی ڕوخساری هه‌میشه‌یی جگهرهفرۆشهكهی ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌كه
هۆشیاری جیهانم ده‌خسته ژێر پێمه‌وه
وه‌كو فه‌رشێك كه سه‌رخۆشێك به‌سه‌ر ڕوودا كه‌وتبێت له‌سه‌ری
یان بهرپێییهكی بێ به‌ها كه قه‌ره‌چان دزیبێتیان.
ئێستاكه جگهرهفرۆشهكه به‌ره‌و لای ده‌رگاكه دێت و له‌هه‌مان شوێندا ڕاده‌وه‌ستێت.
ده‌چه‌مێمه‌وه و به ناڕه‌حه‌تییه‌وه سه‌یری ده‌كه‌م
ئاوێزان به ڕه‌نجی نیوه په‌رێشانی ڕۆحم.
ئه‌ویش ده‌مرێت، منیش ده‌مرم.
ئه‌و ده‌ڵێت واز له تابلۆی سه‌ر ده‌رگای دوكانه‌كه‌ی ده‌هێنێت و منیش شیعره‌كانم.
سه‌ره‌نجام نه هیچ نیشانه‌یه‌ك له ئه‌و ده‌مێنێته‌وه و نه هیچ نیشانه‌یه‌كیش له شیعره‌كانی من.
سه‌ره‌نجام ئه‌و شه‌قامه‌ش ده‌مرێت كه تابلۆكه‌ی تێدایه و
ئه‌و زمانه‌ی كه شیعره‌كانمی تێدا ده‌نووسم.
ئه‌و كاته هه‌ساره‌یه‌كی سه‌رگه‌ردان، ئه‌و شوێنه‌ی كه هه‌موو ئه‌مانه‌ی تێدا ڕووده‌دات، له‌ناوده‌چێت.
له ههسارهكانیتردا له سیستمه ئاسمانییهكانیتردا بوونه‌وه‌ری هاوشێوه‌ی مرۆڤه‌كان
شتگه‌لێك دەهۆننەوە وەكو شیعر و له ژێر شتانێكدا ده‌ژین هاوشێوه‌ی تابلۆ.
هه‌میشه یه‌كێك له‌گه‌ڵ یهكێكیتردا ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه.
هه‌میشه شتێك وه‌كو بێ سوودی شتێكیتره.
هه‌میشه مه‌حاڵ وه‌كو حه‌قیقه‌ت گه‌مژانه‌یه.
هه‌میشه ڕازی ده‌روون هێنده‌ی ڕازی ده‌ره‌وه ڕاستییه.
هه‌میشه ئه‌مه‌یان یان هه‌میشه ئه‌وه‌یتریان، یان نه ئه‌مه نه ئه‌وه‌یتریان.
پیاوێك چۆته ناو دوكانی جگه‌ره فرۆشییهكهوه ( تۆ بڵێى بیەوێت جگه‌ره بكڕێت؟)
له‌ناكاو واقیعى دڵفریوودەر دەكەوێت بە سەرمدا،
به‌نیوه ههڵسانێك له‌سه‌ر كورسییه‌كه به‌ئاگادێمه‌وه- به‌هێز، دڵنیا، ئینسانیانه
هه‌وڵده‌ده‌م ئه‌مانه بكه‌مه هۆنراوه‌یه‌ك هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ر پێچهوانهكهییم وتبێت.
به‌هه‌مان شێوه كه بیر له‌نووسینی ئه‌مانه ده‌كه‌مه‌وه جگه‌ره‌یه‌ك داده‌گیرسێنم،
له‌و جگه‌ره‌یه‌دا، تامی ئازادبوون له هه‌موو بیركردنه‌وه‌كانم ده‌چێژم
چاودێری درێژبوونه‌وه‌ی دوكه‌ڵی جگه‌ره‌كه‌م ده‌كه‌م كه هه‌روه‌كو خۆمه
چێژوه‌رده‌گرم، له‌و ساته هه‌ستیار و گونجاوه، كه له هه‌موو گومانه‌كان ڕزگارم ده‌بێت
هه‌روه‌ها به‌ئاگا له‌وه‌ی كه میتافیزیك ده‌ره‌نجامی مه‌نتیقی له‌ده‌ستدانی هه‌ستێكی باشه.
ئه‌و كاته ده‌گه‌ڕێمه‌وه له‌سه‌ر كورسییه‌كه داده‌نیشم و
به‌رده‌وام ده‌بم له جگه‌ره كێشان.
زه‌مه‌نێكی درێژ به‌رده‌وامی ده‌ده‌م به جگه‌ره‌كێشان
ئه‌گه‌ر چاره‌نووس بهێڵێت.
(ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ كچی ژنه جلشۆره‌كه‌دا هاوسه‌رگیریم بكردایه
ڕه‌نگه ئێستا به‌خته‌وه‌ر بوومایه.)
له‌سه‌ر كورسییه‌كه هه‌ڵده‌ستم، به‌ره‌و لای په‌نجه‌ره‌كه ده‌ڕۆم.
پیاوەكە له دوكانی جگه‌ره فرۆشییهكه دێته ده‌ره‌وه (ئایا سكه‌كان له گیرفانی پانتۆڵهكهیهوه هه‌ڵده‌ڕژێن؟)
واى، خۆ ئه‌و پیاوه ده‌ناسم: ئه‌و” ستێڤز”ـه بێ هیچ مێتافیزیكێك.
( جگه‌ره فرۆشه‌كه هاتۆته به‌رده‌م ده‌رگاكه.)
له‌ژێر غه‌ریزه‌یه‌كی نادیاردا” ستێڤز” سه‌ری ده‌سوڕێنێت و ئێمه ده‌بینێت.
ده‌ستی ده‌جووڵێنێت: سڵاو
هاوار ده‌كه‌م: سڵاو” ستێڤز”!
ئەو لەبەر من خۆى گورج دەكاتەوە
بێ هیچ هیوا و ئومێدێك،
جگه‌ره فرۆشه‌كه خه‌نده‌یه‌ك ده‌كات.
[1] وشه‌یه‌كی فه‌ڕه‌نسییه(Décolleté ) به مانای به‌شی سه‌ره‌وه‌ی جه‌سته‌ی ئافره‌ت دێت، واته( گه‌ردن، شان و سینگ) و بۆ ئه‌و جلوبه‌رگانه‌ش به‌كاردێت كه به‌شی سه‌ره‌وه‌یان كراوه‌یه(و.ك)