کاتێک تۆم بینی هەڵەم کرد لە زمانەوانیدا

قاسم سعوودی/شاعیری عێراقی

April 23, 2018

قاسم سعوودی، شاعیر و چیرۆکنووسێکی عێراقییە، لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٩ـیە، چەندین دیوانی شیعریی هەیە، لەوانە (سیی سێیەم، تەختی ژەنیارەکە، سەرکەوتن بەسەر پشتی باوکمدا، کاتێک تۆم بینی هەڵەم کرد لە زمانەوانیدا– چرایەکی کوژاوە، وەکو بەلەمێکی دارینی هەڵگەڕاو لە بیابان، ئەو دەرهەمەی کە گۆرانی دەگوت). – ماڵپەڕی باڵندە

 

کاتێک تۆم بینی هەڵەم کرد لە زمانەوانیدا
قاسم سعوودی
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ئەژین باجەلان

 

 

ڕۆژێکیان درەنگ هاتمەوە بۆ ماڵەوە
براکەم بەبێ پێڵاو ڕۆیشت بۆ قوتابخانە

 

دەزانن بۆ نەگەیشتین بە شەمەندەفەرەکە؟
چونکە شەمەندەفەری لێ نەبوو
نەبوو
ئەمیش لە شتە خۆشە دەگمەنەکانە،
ئێمەیان دا بە زەوییەکە،
هەریەکە ناوێک و شێوەیەکیان پێمان بەخشی
بەستمانیانەوە لەسەر سکەی ئاسنین
وەکو تاسەیەک بۆ کەمکردنەوەی خێراییی گەردوون،
ئێمەش چاوەڕێ دەکەین

 

ئازار لە ئێسکەکاندایە
هیچ شتێک لە چێشتخانە نییە
منیش وەکو چەقۆی کوێرێکم
هەموو ڕۆژەکانی حەفتە لە لام وەکو یەکن
شەممە وەکو ئەوە وا بێت چوارشەممەیە
دووشەممەیش هەروەها
تەنانەت هەینیش وەکو چوارشەممەیەکی نەخۆشە
ئەو چوارشەممەیەی کە منیان لە پاسەکە دابەزاند
یان ئەوەی کە تۆم تێیدا بینی بە ڕووتی ڕاتدەکرد
یان ئەوەی کە دایکم تێیدا مرد
چوارشەممە لەسەر ئەم هەسارەیە هیچ مانایەکی نییە
هەسارەکەش هیچ مانایەکی نییە
بۆ ئەو خێزانەی کە تابووتەکان سەردانیان دەکەن لە هەموو جەنگێکدا
ئەو کچەی کە ئێستا لە کەناری نهۆمی سی دانیشتووە و دەیەوێت سەما بکات و جنێو بە خودا بدات
ئەو پیاوەی کە دەسکی دەرگاکە نادۆزێتەوە
یان ئەو کارگوزارەی کە تەنیا گسکەکەی لێ مایەوە
بەڵێ، پێویستمان بە گسکی زۆرە
لێم مەپرسە بۆ
ئازار لە ئێسکەکاندایە
هیچ شتێک لە چێشتخانە نییە

 

 

کراسێکی نوێ
ئەمڕۆ… بۆ یەکەم جار و
دوای حەوت ساڵی درێژ
کراسێکی نوێ لەبەر دەکەم.
بەڵام زۆر کورتە لەسەر خەمەکانم
زۆر تەسکە لەسەر دەردەسەرییەکانم
هەر قوپچەیەکی سپی لە قۆپچەکانی
وەکو فرمێسکێک دەکەوێت، لەنێو چەماوەکانی،
وەکو بەرد قورسە!

 

 

کراسی خێزانەکە
خێزانێک دەناسم کە تەنیا یەک کراسیان هەیە
دایکەکە بۆ بازاڕ لە بەری دەکات
باوکەکە بۆ مزگەوت لە بەری دەکات
هەرسێ منداڵەکە بۆ قوتابخانە لە بەری دەکەن
ڕۆژێکیان
باوکەکە لە ڕێگە مرد
خێزانەکەش بە ڕووتی لە ماڵەوە مانەوە…

 

 

شووشەی برام
براکەم منداڵێکە لە شووشە
دایکم زۆر دەترسێ لەسەری
ئەو لەسەر پشتی باوکم یاری ناکات
کاتێک لەگەڵ منداڵانی دراوسێ شەڕ دەکەین ئەو دەخەینە پشتەوەی خۆمان
ئاگەداری دەبین کاتێک ڕادەکات و
کاتێک دەخەوێت
دەترسین لەسەر لایەکی تر بخەوێت و دایکم خەمگین بێت
هیچ ناخوات جگە لە پێکەنینەکانی ئێمە
ئێمەش ئەو خواردنانە دەدزین لە چێشتخانە کە هێشتا پێ نەگەیشتوون
بە درێژاییی ڕۆژ بڕیقە دەداتەوە
بۆیە کچە بچووکەکانی دراوسێکانمان هەر زوو ئاشقی بوون
ئەو نەچوو بۆ قوتابخانە
لە ترسی ئەوەی منداڵەکان بە بەرد لێی بدەن
زۆر حەزی لە جلوبەرگ نییە
بۆیە بە ڕووتی بەرەو شەقام دەڕوات
ئەو برایەم کە لە شووشەیە
ئەمڕۆ تەرمی شەهیدێکی بینی، شکا.

 

 

بەغدادییەکان بە درێژاییی ڕۆژ درۆ دەکەن
بۆ نموونە یەکێکیان بە یارەکەی دەڵێت لە گەردوون زیاتر خۆشی دەوێت
کەچی خۆی زیاتر لەوەش خۆشی دەوێت
دووەمیان بە مێردەکەی دەڵێت کە بەفرگرەکەیان بەتاڵە:
وەرە زەردەخەنەی تۆ میوە لە لێوەکانتەوە دەردەکات
مێردەکەشی بۆنی دەکات و دەچێت بۆ بازاڕ
سێیەمیان بەو کوڕەی کە ئەمە یەکەم جارە بیبینێت دەڵێت:
ڕێگەی ماڵم لە بیر چووە
خۆیشی لە ڕاستیدا بە بینینی ئەو هەموو شتێکی بیر چووە
چوارەمیان منداڵەکانی دەبات بۆ گۆڕستان
پێیان دەڵێت: ئەمە گۆڕ نییە
ئەمە ژوورێکە بۆ پێواندنی لێدانی دڵی زەوی
وەکو خۆتان دەزانن باوکتان پزیشکە
پێنجەمیان درۆ ناکات
ئەو خۆی لە وێنەکە نادۆزێتەوە
تەنانەت لە هاوێنەی وێنەگرەکەشدا نییە
شەشەمیان نازانێت کاتێک شەو دێت چی بکات
بەردەوام دەیگوت: بۆ بەغداد بەم شێوەیە توندڕەوە!
خۆیشی هەر جارێک یەکێک ناوی بەغداد بهێنێت دەفڕێت
ژنە بەغدادییەکان بەردەوام درۆ دەکەن
پیاوە بەغدادییەکانیش هەروەها

لەمە جوانترتان بینیوە؟

 

١٩٩٤
کاتێک هاوسەرەکەی گۆرانی دەگوت لە چێشتخانە
یان کوڕە بچووکەکەی بانگی دەکرد باوکە
ئەو چاک گوێی لێیان نەدەبوو
یان هەر هیچ گوێی لێیان نەبوو
ئەوان گوێی چەپیان بڕیبوو
لەبەر ئەوەی زۆر بە سادەیی
ئەو نەڕۆشت بۆ جەنگ!

 

شرینیفرۆشەکە
هەرچەندە زۆر لاواز بوو
خاک شەرمی لێ دەکرد
کاتێک گالیسکەی شرینییەکەی پاڵ دەنا
بەڵام ئەو ئەمڕۆ هیچی نەفرۆشت جگە لە یەک پارچەشیرینی و بەبێ پارەش
بۆ منداڵێکی تەنیا کە لە خۆرئاوابووندا لە شەقامەکە دەپەڕییەوە
ئەو منداڵە من بووم و
باوکیشم شرینیفرۆشەکە…

 

شەرم
دەرگای ماڵەکان زوو دامەخەن
هەندێک لە تەرمەکان هەموو شەوێک سەردانی منداڵەکانیان دەکەن و
هەندێکیان شەرمیان لێ دێت

  

جوان و بەتەمەن و نائومێد
چۆن ئەم سێ شتە لە یەک گۆڕدا جێگەیان بووەتەوە؟
ئەی ئەو جەنگاوەرەی کە هیچ لە جەنگ تێنەگەیشت.

 

کچانی شەو (سۆزانییەکان)
کچانی شەوم زۆر خۆش دەوێت
نەک لەبە ئەوەی دڵێکی گەورەیان هەیە
یان زەردەخەنە زۆر دەکەن بە ڕووی خەڵکەوە
بەڵکو لەبەر ئەوەی یەکێکیان سەربازێکی لە ئامێز گرتووە کە نەیدەناسی و
کیسەیەکی گەورەی میوەی پێ دا بۆ منداڵەکانی

 

لەسەر دیواری ژوورەکە خەوگەیەک دەکێشم
لەسەر خەوگەکە ژنێک
لەسەر ژنەکە منداڵێک پێدەکەنێت
لەسەر منداڵەکە دیوارەکە کەوت
ماڵەکەیان تۆپباران کرد لە کاتی وێنەکێشانەکەمدا…

 

دڵخۆشم وەکو منداڵێک بۆ یەکەم جار وشەی بابە دەڵێت
دڵتەنگم وەکو باوکێک ئەو وشەیەی نەبیستبێت

 

کاتێک کە منداڵ بووم
پێڵاوی زۆرم دزی لە مزگەوت
کە گەورە بووم
مزگەوتەکەم نەدۆزییەوە

 

شتەکە زۆر بە سادەیی
باڵندەیەکی کوێرە لە قەفەسێکی کراوەدا

 

من پەڕێکی وشک بووم لە قەفەسێکدا
داوای فڕینم لێ مەکەن

 

بکوژەکانیش
منداڵیان هەیە
ڕۆژێک دێت گەورە دەبن و
لەگەڵ
منداڵی شەهیدەکاندا یاری دەکەن