ئایا هەموو شاعیرێک سەرەتا لە شتێک ڕایکردووە؟

ڕاهۆز کامەران

ڕاهۆز کامەران/کوردستان

April 26, 2021

ڕاهۆز کامەران لەدایكبووی ساڵی ١٩٩٤ـە لە شاری سلێمانی و دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەكان/بەشی شانۆیە. ئەو سەر بەو دەنگە شیعرییانەیە بە جەختەوە دەیەوێت سەبارەت بەو سەردەم و قۆناغە بنووسێت کە تێیدا دەژی، کە ڕێک ئەم ڕۆژەیە. لەم شیعرەیدا شاعیربوون وەک دنیایەک دەبینێت، کە لە هەموو دنیاکانی دیکە و ژێر چەپاندنەکانی تر خۆت ڕزگار دەکەیت تا ئەم زمان و ڕوئیایە بدۆزیتەوە.  ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

ئایا هەموو شاعیرێک سەرەتا لە شتێک ڕایکردووە؟
ڕاهۆز کامەران
“بۆ سامی هادی کە زانی ئەبەدییەت تەنیا چرکەیەکە”

 

 

سەرەتا بە تەنیا منداڵێک بووم
کە جیهانی سەرەوەم جێ هێشتبوو…
دەمپرسی لە بارەی ئەم دونیاوە
لە بارەی ئەوەی کە کێیە پەردەی ڕەشی
هێند فراوانی هەیە دەیدا بە ڕۆژدا و ناوی ناوە شەو؟

 

دەمگوت: ئێمە یەک جار ون دەبین
یەک جار لە ژیاندا ساتێکی وا هەیە،
قامچییەکان بە هەستەکانماندا بدەن
شەوەکان لە ترسی ڕووناکیمان بڕۆنەوە ناو چیرۆکەکان،
ئەبەدییەت تەنیا چرکەیەکە
کە تا کۆتایییەکانی کوژانەوەمان تێیدا دەژین.

 

بەڵام هەمووان وەک تەختە مامەڵەیان لەگەڵ کردم
وەک ڕۆحێکی ڕەش کە منداڵە ڕەشەکان هیی پرسیارەکانی ئەو بن.

 

بۆ قووڵايیى گومانه‌كانم… گوتيان: به‌ڵێ…
به‌رامبه‌ر بانگهێشته‌كانم بۆ ئاهەنگەکانی ئاشتی… گوتيان: نا…
دارستانه‌كانى منيان چواند به‌ ئينجانه‌كانى خۆيان
خۆشه‌ويستيم به‌ ليتاوێكى خه‌ست…
منيان وه‌ك مێژووى بڕينه‌وه‌
وه‌ك مێژووى تاوان ناساند…
كه‌س نه‌يزانى “ڕۆحم ده‌فرێكى خاڵييه‌ له‌ گوناهـ”

 

دایکم بزماری باوەڕی خۆی داکوتی سەرەتا و
دواتر باوکم و
پاشانیش مامۆستاکانم.

 

ویستیان تێبگەم تەختەم و
نەمتوانی

 

بۆیە هاتمە دەرەوە و ڕامکرد..
ڕامکرد تا
بووم بە شاعیر

 

ئایا هەموو شاعیرێک سەرەتا لە شتێک ڕایکردووە؟