گوندەگۆڕ

ڕەشید مەحموود/شاعیری کورد

September 2, 2019

ئەوەی دەیخوێننەوە شیعرێکی ڕەشید مەحموودە، کە هەوڵی داوە لە شیعری کوردیدا بە دەربڕینێکی دیکە و زمانێکی تایبەت بە خۆی لە مەڕ خۆشەویستی و دنیاکەی- پەیوەست بە کارەساتێکەوە کە کەمکەم دەردەکەوێت، بنووسێت. شیعرەکە بە پێچەوانەی شیعری ئەمڕۆی کوردییەوە هەوڵ دەدات وشەی زۆر پەتیی کوردی بەکار بهێنێت کە ئێمە کەمتر دەیبینین و ئەمەیش بۆ تێکستەکە سوودبەخش بووە. ماڵپەڕی باڵندە

 

 

گوندەگۆڕ
ڕەشید مەحموود

 

 

(کەواتە نەدەبووم، هەرگیز نەدەبووم گەر تۆ لەنێو مندا نەبووبای، یان هەرگیز نەدەبووم گەر من لەنێو تۆدا نەبووبام. ئەی ئەوە تۆی “لە تۆیە، بە تۆیە، لەنێو تۆدایە هەموو شتێک؟”)

ئۆگستین (۳٥٤ ـ ٤۳۰ز)
ددانپێدانانەکان ـ کتێبی یەکەم

 

(لە پشت دوو تەلیسی پڕ لە خۆڵی لەسەر یەک دانراو، بە بڕنۆیەکی ژەنگاوی کە لە بیری چووبوو بتەقێت، ترسی کەوتبووە سەر ئەژنۆ. تەق… تەق… تەق… ڕاکشا لەسەر زەوی و جەستەی شەڵاڵی شیعر بوو)

 

 

 

 

خەونم بینیوە
تۆ لە تەرمێکم دەستێنی

 

بیرەوەریوەستاوم
دەزانم ئەمڕۆ زۆر کۆنە
بە خەیاڵی ڕۆژێک کە هاتبوو
گوڵوەستاو بووم

 

لە مابێنی دوو دارهەناری نێو ڕەزێک جۆگەلەیەک بووی، هەنووکە لە لێوەکانی تۆوە ئاودێر دەکرێم. لە کلۆری دارتوویەکەوە بووی بە ماچ، لە تاتەبەردێکەوە لاولاو بوویت لە تێکئاڵان.
چاوەکان؛ وەک ئەوەی لە سەدەیەکی تر بڕوانن، خەونی بچووک-بچووکیان بنکۆڵ دەکرد.

 

تەرمم بینیوە
خەونێکمت لێی دەستاند

 

پتر لە ئاگرێک له تۆدا بەر بوو. کە چاوانت حەشارگەی سپیندارێکی وشک بوون، یەکەمین خۆکوژیی تۆ بوو بیناقاقای سمیم. نها باڵایەک لە بیرەوەریم ئاڵاوە، لاولاو نییە دەخشێت. لەنێو زمانم ڕوونیشتم؛ چەندە زایەڵە بوویت، کە گەرووم بەشی ناوتی نەدەکرد؟

 

دەزانم ڕۆژانێک بوون زەنگین بە بەختەوەری، گۆڕستانێکیش خەمگین بە ترێ. دەزانم شەوانێک بوون مەست بە پێکی پاڕانەوە، ڕووبارانێکیش سەما بوون بە دارچنار. وای لە کەللـەم دوو فریشتەی تێدا ڕوابوون بۆ سینەم و ڕوخسەتت نەدام ببمەوە قوڕ.

 

کەپرێک لە مێشکم بەجێ ماوە
کادێنێک لە کەللـەم گڕ دەگرێت
لێ لێ دایکێ حەیرانێ
دووڕیانەکانن کەوێکەت
کوا کراسە خوێناوییەکەم؟

 

بەرەبەیان، کە بەئاگابوون زووتر لە خۆر هەڵدەهات؛ کەستەکێک بوویت لەسەر بارستەکان. ساتمەم دەکرد و گوللـەکان لە هەموو لایەکەوە دەهاتن.
دڕییەکان هیچیان کەمتر نەبوو لە پەمۆ، بەڵام تۆ کلکەتەشییەکانت لێ بەئاگا دەهێنامەوە.
گەر جێخەوم لاتێک بوایە، تۆ دەراوێک دەبووی لە تف.
ڕوومەتم لاسکی خەیار و شەتڵێک بوایە، بە قاڕوش شەونمەکانت دەتۆراند.
بەرەبەیان، کە خۆت لە کات دەدزییەوە؛ سولاوکەیەک دەبووم لە خەمباری و بانگت نەدەکردم.
بەرەبەیان، کە جۆگەکان باوێشکیان دەدا، بەسەر بارستەکان بازم دەدا و بانگت نەدەکردم.
یەکەم تیشکی خۆریش کە دەیدا لە هەنیەم، ناوت لە قوڕگم گیر دەبوو.

 

گوتیان دنیا هاتونەهاتە
ئنجا یادەوەریتم لە خوێنم پێچا
چەندە زامم شیرین بوو لە دەمت
دەسا ڕەشماڵی بەختیاری هەڵبدە و
گۆمەکە قووڵتر بێت دەخنکێین
لێ گەڕێ تفەنگەکان چی دەڵێن با بڵێن
کە تۆ سەت هێندەی دووری هێمنی، تۆ کە هێندەی یادەوەری تەور نیت؛ سەرچۆپییەکە بۆ هیچ داوەتکەرێک بەر مەدە.

 

گەرما بوو، ئارەق لە بری خوێن لە دەستی گوندنشینەکانەوە دەچۆڕا. چلویان دەبڕی و زیلێک لە تەرم بەسەر لۆفەکاندا دەهاتە خوار. جووتیارەکان بوون بە گیشەدار، چاوەڕێم کردی و تۆش لەسەر گردەکان نەهاتییە خوار.
نەهەرێ
تۆ لە گوڵەکان نەدەچووی
لە سێبەری شۆڕەبییەکان
قیڕەی بۆقەکان
بۆنی قورسی دارگوێزەکان
تۆ لە پەرژین دەچووی
تۆ لە دەستم چووی

 

ڕۆیشتن
تەرمەکان بێ خۆراک
بێ جل
ڕۆیشتن
یەک بە دوای یەک
تەرمەکانیان لێم بەجێ مان
بە زمانم دەڵێم: خەونم لەنێو گیرفانی ئەو تەرمەی لەسەر لۆفەکە ڕاکشاوە دەربێنێ.
(کترییە ئاوەکەی ڕەش هەڵقەمریا. بەسەر گردەکەدا سەر کەوت، شەو کەلێنێک بوو لە ددانە سپییەکانی کە دەلەرزین. بە جلی لۆچ، ڕووخساری لۆچ، یادەوەریی لۆچ، شیعری لۆچ؛ ئیستێکی کرد، ئاوڕێکی دایەوە و چاوەکانی وەک ئەوین تەنیا بوون، ئاوابوونیش چەقۆیەک بوو لەسەر لاملی.)

 

دەستتم بینیوە
خەونێکت دەکرد بە تەرم
مەرگمت لە شیعرێک دەدزی
دەمبینی؛ هێندەی هەنارێک کە دەمی بۆ ژیان دەکاتەوە
بەختەوەر بوویت.

 

کات: ۲:۳٥ خولەکی دوای نیوەشەو. گڵۆپی سەر شەقامەکان پێکەوە کوژانەوە. چرکەکان لە ئەسپە بچووکەکەی “ئیڤان” خەمگینتر بوون. بەتاڵی دەهۆڵی دەکوتی لەنێو گیرفان. ئاگاییمم لە پێ کرد و ڕێم دەکرد؛ وەک چۆلەکەیەکی گەمارۆدراو لە ژوورێکی پەنجەرە داخراو شپرزە.
هەڵاتوو لە کۆڵەوارەڕێ و خشپەڕێ و فریشتەڕێ و ڕاستەڕێ.
داهاتوو لە خەونەڕێ و ڕابردووەڕێ و باخەڕێ و شیعرەڕێ.
سێو نەبوویت کە بەر بوویتەوە، بە گوللـەیەک کە هێندەی کیسەڵێک تەنیا بوو؛ ڕازای.
لە چەم چامە دەڕژای
کە ڕۆندکیش بووی چاوێکت شک نەبرد.
نەمگوت بەم شەڕانگێزییە جوانەوە فریو نەخۆیت؟
(بازی دایە سەر پشتی ئەسپەدارینە لغاونەکردووەکەم. بێ گوێدانە تینوویەتی ڕای دەکرد؛ تا هەرچی زووە بگەڕێتەوە نێو حەکایەتەکانی داپیرەم کە بە سوژن و دەرزی دێوەکانی ڕاو دەنا)

 

بزەت باخەڕێیەک دوور و ترسم نیشتەجێی کۆلیتێک
گۆڕستانم لە باتی شیعر
تەرمێکی نێو کەللـەمی
لە هەر لایەکی هزرم بۆ پەنجەکان زامدارناڵێنی
ئاگردانی ئاگرهاوێژانی لە جەستەمدا
کوێستانمت ون کردبوو
کە ڕێیەکان کەوتنە نێو سەرم
ئاوڕێک بوویت لە دوانیگای جەللادێک
تۆ هێشتان لە نژنینی گیودارێک نەبووبوویتەوە
کە ڕازانت لێ تۆراندم
بیرەوەریت لەگەڵ ئەو ماسییانەی کە دەمرن سەرئاو دەکەوێت
ئاخ گەر پەنجەرە دەبوویت
قەت تەنگی؛ نەفەسی نەدەتەنیم

 

ئای پارچەقوماشی دڕاوی سەر تێڵدڕووەکان
هەوای هەڵاتووی نێو پەنجەی دەسگیرانەکان
قوڕی ئەو یادەی کە بۆ سەری شیعر باشە
کەشتییەکەی پاولۆ ناگاتە ئەم کەنارانە؛ ژەهرەکە بێنن
تا بە خۆشیی ئەوانەی کراسیان خوێناوییە؛
شیعرم بنووسم.
بە خۆشیی ئەو پێغەمبەرانەی ڕۆژێک لە سینەمدا ماونەتەوە؛
پێکم هەڵبدەم.
کەچی هێشتان ترسم هەیە، دەترسم ئیتر خەون ببینم و تۆ لە دەستەکانم هەڵوەری…

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار