بە مرۆڤ مەڵێ خۆشم دەوێیت

ڕەزا سەرڤەتی/شاعیری ئێرانی

May 12, 2018

ڕەزا سەرڤەتی، شاعیر و شانۆکاری ئێرانی، لە ساڵی ١٩٨٣ـدا لە تاران لە دایک بووە. – باڵندە

 

 

 

 

بە مرۆڤ مەڵێ خۆشم دەوێیت
بۆ ڤلادیمێر مایاکۆڤسکی
ڕەزا سەرڤەتی
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: شادی نیکخا

 

 

مەڵێ خۆشم دەوێیت
مرۆڤ گوێی لە وشە دەبێت
وشە لە پێستییەوە تێ دەپەڕێت
بە نیگایەک ڕۆ دەچێت
ئەسپەکانی دڵی دەحیلێنن
تیژتر غار دەدەن
لەسەر سینگی توندتر سم دەکوتن

 

مەڵێ خۆشم دەوێیت
مرۆڤ باوەڕ دەکات
جڵەوی ئەسپە سەرکێشەکە دەداتە دەستت
پشت بە تۆ دەبەستێت
لە ئامێزتدا فرمێسک دەڕێژێت
یاڵەکانی دەدات بە تۆ بۆی دابێنیت
مرۆڤ باوەڕ دەکات و
ئەوین بەئازارترین باوەڕە
ئەو باوەڕەی بە زلـلە ناسڕێتەوە
بە خیانەت بەهێزتر دەبێت و
بە سووکایەتی شێلگیرتر

 

بە مرۆڤ مەڵێ خۆشم ناوێیت
لێدانی دڵی خاو دەبێتەوە
لاقی ئەسپەکانی دەشکێن
ئەسپەکان دەگلێن
ئازار دەکێشن
مرۆڤ پێویستە ئاژەڵەکە ئاسوودە بکات
مرۆڤ ئارەقەی لێ دەتکێت
فرمێسکەکانی لە سەرینەکەدا کۆ دەبنەوە
بۆنی قژەکانت بەند دەکا
هەناسە نادا
سەرینەکە دەخاتە سەر سینگی
گولـلە لە دڵی دەدا
هەڵمێکی گەرم
لە گەرووی ئەسپەکانەوە بەرز دەبێتەوە
لە زاریانەوە هەڵدەچێت
سینگی مرۆڤ سووک دەبێت
ئەسپەکان بەرەو چیای دوور غار دەدەن
سمیان دەنگی نایە
یاڵیان دەیبەستێت
دەحیلێنن چیا دەنگیان ناداتەوە
ئەوین لە کیس دەچێت

 

مرۆڤ گوناحە
مەڵێ خۆشم دەوێیت
مرۆڤ باوەڕ دەکات
مەڵێ خۆشم ناوێیت