مەرگ وەک مێردێکی پیر

ڕیڤکا مریەم/شاعیری ئیسرائیلی

September 4, 2019

ڕیڤکا مریەم شاعیری ئیسرائیلی لە ١٠ـی نۆڤەمبەری ١٩٥٢ لە شاری ئۆرشەلیم لە خێزانێکی دەربازبووی هۆڵۆکۆست لە دایک بووە. نووسەری ١٧ کتێبی شیعری، ٥ کتێبی ئەفسانەیی و چەند کتێبێکی منداڵانە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

مەرگ وەک مێردێکی پیر
ڕیڤکا مریەم
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ساڤان عەبدولڕەحمان
(دوو شیعر و خوێندنەوە بۆیان)

 

 

 

 

 

ئەو کەسەی نازانێت چۆن بمرێت، چی دەکات؟

 

 

کەسێک کە نازانێت چۆن بمرێت چی دەکات؟

کاتێک ڕۆژی مردنی دێت و ئەو زیندووە

ئەو کەسەی بەردەوام دەبێت لە قەپاڵگرتنی کێکەکە

لەو کاتەی لەسەر کورسییەکەیە و دەخوێنێتەوە

کە هێلکە و نان دەکرێت، ڕانەکانی ژنێک دەگوشێت

کە هەوڵ دەدات زمانێکی نوێ فێر ببێت

باوانی، منداڵەکانی و نەوەکانی جێیان هێشتووە

خانەکانی جەستەی ماوەیەکی زۆرە وشک هەڵگەڕاون

بەڵام لەسەر مەچەکی، کاتژمێرەکەی هێشتا وەک تێپەڕبوونی کات دەخولێتەوە و

ئەویش تەماشای دەکات و

هەوڵ دەدات دوا نەکەوێت.

کەسێک کە نازانێت چۆن بمرێت چی دەکات؟

کاتێک ڕۆژی مردنی دێت و ئەو زیندووە

ئەو کەسەی لە ساتەوەختی هاتنەبوونییەوە

لە بیریان کرد نهێنیی ژیانی بچێنن

ئەو کەسەی ڕەنگدانەوەکانی لە ئاوێنەکەی بەرامبەریدا، یەک لە دوای یەک نامێنن و

ئەویش دەستی سڵاویان لێ بەرز دەکاتەوە

ئەو بۆ خولەکێک چاوەڕێ دەکات و دەڕوانێت، بەڵام ناوەستێت.

 

 

شیعرەکە هەوڵێکە بۆ وێنەکێشانی ڕەوتی زەمەن، کە دەڕوات و نابڕێتەوە، تۆیش خەریکە لە هەموو ڕوویەکەوە نەختەنەختە کاڵ دەبیتەوە.

 

 

 

بە مردن ڕانەهاتین

 

بە مردن ڕانەهاتین، لەگەڵ ئەوەشدا

مەرگمان وەک مێردێکی پیر لە نزیکمانەوە پاڵ کەوتووە

وەک ئەوەی نوستبێتین،

دەستەکانی بێباکانە گووپی سمتمان دەلاوێنێتەوە و

کاتێک پشتی تێ دەکەین، شتێک دەپرسێت

سەرەتا بە مینگەمینگ و باوێشکەوە وەڵام دەدەینەوە

تا ئەو دەمەی بە چێژێکەوە لێی دەئاڵێین و

ئەو، وەک کەسێک شەڕ ڕابگەیەنێت هەناسە دەدات.

ئێسکی بەر ئێسکمان دەکەوێت و بە دەنگەدەنگێکەوە دێتە پێش

تا دەکەوینە بێدەنگی.

 

 

شیعرەکە بێئەزموونییەکەمان، لە سەرەتاوە، سەبارەت بە مەرگ دەخاتە ڕوو، بەڵام لە درێژەدا مەرگ وەک کردەیەکی سێکسی و سەرجێیی دەخاتە ڕوو، کە بێدەنگی، کۆتاییی هەموویەتی.