بۆ دۆستینا کاتێک لە لەندەن دەمبینێت

Iraqi Poet And Writer Saadi Youssef is a painting by Haydar Al-yasiry

May 15, 2018

 

سەعدی یووسف، شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی عێراقی، لە بەسڕە لە ساڵی ١٩٣٤ لە دایک بووە، لە ١٣ـی ٦ـی ٢٠٢١ لە لەندەن کۆچی دواییی کرد. ساڵی ١٩٥٤ (الدار المعلمین)ی بەغدادی تەواو کردووه. لە حەفتاکان عێراق جێ دەهێڵێت. کاری ڕۆژنامەوانیی دەکرد، لە چەندین وڵاتدا ژیاوە و ئێستایش لە لەندەنە. لە وڵاتە عەرەبی و ئەورووپییەکاندا چەندین خەڵاتی ئەدەبیی وەرگرتووە. یەکەمین کتێبی شیعریی لە ١٩٥٢ـدا بە ناوی “چەتەکانی دەریا” بڵاو کردووەتەوە. هەروەها شیعرەکانی یانیس ڕیتسووس، واڵت ویتمان و لۆرکای کردووە بە عەرەبی. کارەکانی بۆ چەندین زمان وەگێڕدراون. – باڵندە

 

 

 

 

 

بۆ دۆستینا کاتێک لە لەندەن دەمبینێت
سەعدی یووسف
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ڕەشید مەحموود

 

 

 

هۆتێل ڕیتز Ritz Hotel
شەقامی ٢٧ـی مووسا بین نووسەیڕ
لەو شوێنەی مەتەڵی تەنجە دەست پێ دەکات
لەو شوێنەی شەقام و ژیان تەنگ دەبێت
لەو شوێنەیش کیژۆڵەکان..ـ
لە شەقامی ۲۷ی مووسا بین نوسەیڕ
ژووری ١٥ بوو بە هی من!
نازانم چۆن گەیشتم بەم ژوورە
کێ منی گەیاند؟
کێ گوتی: پەناگە و بەهەشتە؟
کێ بوو دەرگای ژوورەکەی داخست و ڕۆیشت؛ بێ سەلام و کەلام؟
بەڵام شتێکم لە یادە:
لە بیرم دێ محەمەد شوکری لێرانە بوو…
لە ژوورەوە!
ژوورەکەی لە نهۆمی یەکەم بوو
منیش…
ژوورەکەم ژمارە ١٥یە؟
ئێستا دەپرسم:
کێ لە ژووری ١٥دا دەژیت؟

تەنجە ۱٦/۰٦/۲۰۱۱

 

 

قاوەخانەی پۆرت Porte Café
شتێک وا لەم قاوەخانەیە دەکات جیاواز بێت
بۆ نموونە:
مەغریبییەکان بۆی ناڕۆن
فرۆشیار و
کرێکارەکانیش
ژنێکی تەمەن پەنجاساڵان بۆی نایەت!
کچان بە لاپتۆپەوە دێنە ئەم قاوەخانەیە (لاپتۆپ-لەباوەشگرتوو)
کوڕەکان، خۆشەویستەکانی کچانی لاپتۆپ-لەباوەشگرتوو
ئەو بێگانانەی لە تەنجەن، وەک من
ئەوانەیشی دەڕۆنە شوێنی تر…
لە قاوەخانەکەدا ڕۆژنامەی لێیە کەس نایخوێنێتەوە
ئەو گوڵانەیش کە کەس گرنگییان پێ نادات
دیمەکانی ئیسپانیا و گۆرانییش.

هەموو بەیانییەک دێمە ئەم قاوەخانەیە
بەڵکوو بەیانییەک باڵندەیەک بێت و
لەسەر مێزەکەم هەڵنیشێت
لە یەکێک لە بەیانییەکاندا!

تەنجە ۲۸/۰٦/۲۰۱۱

 

 

بۆ دۆستینا لاڤەرن
A dostan lavergn

گەر لە بەرەبەیاندا بڕۆینە قووڵاییی
دەریا…
چی دەدۆڕێنین جگە لە کۆتوبەندەکانمان؟
با لە کەنارەکانی ئیجەدا بین
بە شەو
بە ڕۆژ
با پەنجەکانمان نغرۆی شەرابی یۆنانی بکەین…
شەو ئازادە
بە پەنجەکانمان تامیمان کرد
گوتم: خۆشم دەوێیت.
پێنەکەنییت
نەتگوت: خۆشم دەوێیت…
….
….
….
دواتر زانیم کە ئێمە قووڵ ڕۆیشتووین!

لەندەن ۰۱/۰۸/۲۰۱۱

 

 

 

لە لەندەن دەمبینێت
دۆستینا پێی گوتم (باوەشمان بە دەریای یۆنانیدا کردبوو):
دێم
بە دڵنیایییەوە…
ئێوارەیەک بە نووساوی بە خۆتەوە دەمبینی
(ئەی ئێستا پێکەوەنووساو نین؟)
بەڵام من ئەورووپا دەناسم
دەزانم قسەی دەریا کەنارەکەی دەیسڕێتەوە…
بێگومان!
بەڵام من باوەڕ بە دۆستینا دەکەم
نەک لەبەر ئەوەی بولگارییەک لە ستراسبۆرگ ڕاستگۆیە…
باوەڕ بە دۆستینا دەکەم
باوەڕی پێ دەکەم
بێگومان
یەکەم و کۆتاهۆکاریش: ئێمە باوەشمان بە دەریای یۆنانیدا کردبوو!
ئێوارەیەک بە نووساوی بە خۆمەوە لە لەندەن دەیبینم!

لەندەن ۰۸/۰۸/۲۰۱۱

 

 

باخچەی گشتی
لە باخچەی گشتی، نزیک لە دەریا
بێکارەکان دانیشتوون
پەککەوتەیەک دانیشتووە.
بێ باڵندە
درەختەکە نووقمی سەوزییە
خۆریش لەنێو گەڵا زۆرەکاندا دەردەکەوێت
ژنەکان لە باخچەی گشتی دانانیشن
هێشتان کاتەکە چێشتەنگاوە؟
منیش هەروەها دانیشتووم.
بێکار
پەککەوتە و
هەژار.

تەنجە ۲٥/۱۰/۲۰۱۱

 

 

 

ماڵ
بە دوای ماڵێکدا دەگەڕێم
چەندین ساڵە من بە دوای ماڵێکدا دەگەڕێم
چەندین وڵاتم تەی کردن لە گەڕان بە دوای ماڵێکدا
چەندین کیشوەر
چەندین جلی ژنانە…
چەندین گۆڕەپانی کوشتن
چەندین کتێبیش…
چەندین شار
لە کۆتاییدا:
من لە تەنجەدام و بە دوای ماڵێکدا دەگەڕێم
بەڵام دەگەڕێمەوە (هەر وەک چۆن بووم) بێماڵ
بێماڵی ماڵە… کەواتە!

تەنجە ۰۷/۰۲/۲۰۱۲