ساقی قەهرەمان شاعیری ئێرانی، ساڵی ١٩٥٧ لە ئێران لە دایک بووە. دوای شۆڕشی مەلاکانی ئێران ڕووی لە کەنەدا کردووە. کۆمەڵەشیعرەکانی ساقی بریتین لە: “لە دەرۆوە”، “قەحبەش گیان دەبەخشێ بە”، “ساقی قەهرەمان، هەر ئەمە” و “دەستی منە و دەستم بۆ دەبا”. ساقی کورتەچیرۆکیش دەنووسێ: “بەڵام کە تەنیایت، مانگابوون ئازاری هەیە”.
شیعری ساقی بە نەترسبوون لە ئاست تابۆ و بڤەکانی تاک و کۆمەڵگادا ناوبانگی دەرکردووە. ئەو لە شیعر و چیرۆکەکانیدا وەک شتێکی ئاسایی لە چێژ و دووری و پەیوەندی و ئازاری لەش و بەتایبەت لەشی خۆی دەدوێ و هیچ گرنگییەک بەوە نادا کە چۆن دەخوێنرێتەوە و چۆن لێک دەدرێتەوە. هەر بۆیەش “شەرق” بەناوبانگترین ڕۆژنامەی ئێران لە ساڵی ٢٠٠٧دا بەس بە هۆی بڵاوکردنەوەی گفتوگۆیەک لەگەڵ ساقیدا ڕاگیرا.
ساقی پێی وایە: هەموو کەس دەبێ لانیکەم جارێک مردن تاقی بکاتەوە، بەڵام نەک تا ئەو ڕۆژەی خەریکە دەژی. – ماڵپەڕی باڵندە
لەگەڵ تۆشدا من تەنیام
ساقی قەهرەمان
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: بەڕۆژ ئاکرەیی
لە بری ڕوونکردنەوە
شتێکی بیهوودەیە، وەک خوێنبەربوونی مانگانە. مەبەستم شیعرە.
خوێن دیارە و برین نا. یان خوێن هەیە و هیچ برینێك لە ئارادا نییە. دوو جار کە شیعرێ بخوێنییەوە، یان سێ جار، یان پەیتاپەیتا و دیسان سەرلەنوێ کە بیخوێنییەوە، نەک تەنیا خوێن دەبینی، کە تا پووزی پێ هاتووە، برینیش دەبینییەوە. لەو توێتوێیانەدایە. پەنهان لە پزدانێکدا کە هەموو ڕۆژێ بە بیانوویەکەوە ئۆقرە ناگرێ. شیعر لە خوێنبەربوونی مانگانە دەچێ. هۆنینەوەکەی نا، بەس خودی شیعر. هۆنینەوەکەی شتێکی ترە. لە زایینیش ناچێ. زایین زۆر زۆرتر لە هۆنینەوەی شیعردا دەقەومێ. هۆنینەوە خۆی هونەری خەمڵاندن و پەرتاوتنە. بەڵام خودی شیعر، لە خوێنبەربوونی مانگانە دەچێ، کە دەڕژێ، لە برینێکەوە کە دیار نییە، کە خودی ڕژانەکەی هۆکاری گوورانی تۆماوێکە کە ئەگەر گوورابا ئەمیر موبارزەدین بە هەر ڕستەشیعرێکی حافز دەبوو جارێک خوێن بڕشێتەوە و بە هەر دێڕەشیعرێکی فرووغیش ژنێک لە قووڵاییی دەریاوە پێی خستبایە سەر زەوی.
بەڵام شیعر خۆی لە خوێنبەربوونی مانگانە دەچێ. کە دەڕژێ و ڕەنگی پەڕیوی پێیەکانم سوور هەڵ دەگەڕێنێ تاکوو ڕەنگاوڕەنگ بهێنە بەرچاو…
■
خەو
لە خەودا سەردانم دەکەی
دەستەکانت تامی ئەڤینیان لێ دێ
لە خەو کە هەڵدەستم
لە بنی کۆڵانەوە
بەرەو هەورەکان لات داوە
دەنگم ناگاتە دەنگت
سەردانم دەکەی
هەناسەت بۆنی ئەڤینی لێ دێ
لە خەو کە هەڵدەستم
لە بنی کۆڵانی
دێی
نیگای تۆ ڕەنگی ئەڤینی هەیە
لە خەو کە هەڵدەستم
لە بنی کۆڵان دەمێنییەوە
… بەرد
بانگت دەکەم
نیگام
بە دواتدا هەوا دەدڕێنێ
دەنگم
لە ئاپۆڕەی کۆڵاندا بزر دەبێ
بزر دەبم
دیار نیی
دیار ناکەوم
لە خەودا سەردانم دەکەی
خەو هەروەکوو هەناسەیەکی تەنگ لە قوڕگمدا عاسێ دەبێ
لە خەو هەڵدەستم
■
تەنیا
کە گۆزەکانی ئاو… قورس… لەسەر شانتان بوون
لەگەڵتان نەبووم
کە گۆزە قورسەکان لەسەر شانتان
بەر بوونەوە…
هەر لەم دەوروبەرە
لەژێر ئاسمانێکدا
ئەستێرە تاکوجووتەکانم دەژماردن
بەختم هێندێک جار باش دەهات و هێندێک جار خراپ
هێندێک جار هێندە خراپ کە کەسێ گۆزە ئاوەکەی
دادەنا
تاکوو بەردێک لە لایەک بگرێ
کە من بم
■
خۆشەویستی
خۆشەویستی مرۆڤە
هێندێ جار دڵی پەست دەبێ
هێندێ جار لە قووڵاییی دڵییەوە پێدەکەنێ
دەمانڕەنجێنێ
هێندێ جار باوەش دەکاتەوە…
دەستەکانی دەخاتە سەر کوڵمەکانمان
یان هەڵیان دەگرێ و دەیانخاتە سەر مەمکەکانمان
ئێمەش خەنی دەبین
هێندێ جار
ئارەقە دەنیشێتە سەر تەوێڵی دڵی
دەیەوێ
لە کانیاوێکی فێنکدا نوقم بێ
کە ئێمەین
هێندێ جار
دەیەوێ کە لە فێنکاییی کانیاوەکە دەرکەوت
یەکێک وەکوو هەتاو
نەک وەکو ئێمە کە وەک کانیاوین
بەسەر شانوملیدا بدرەوشێتەوە
هێندێ جار دڵی بۆ خۆی تەنگ دەبێ
دەیەوێ خۆی لە باوەش بگرێ
ئێمە
مخابن
دەستەکانی دەگرین و
لە ملی خۆمان دەئاڵێنین
■
پێکەوە
دەرگامان کە کردەوە
چرا دیار نەبوو
ئێمە لە تاریکیدا خۆشەویستیمان کرد
چاوەکانی یەکتریشمان نەبینی
دەستەکانمان لە نێوڕانەکانی یەکتردا
لە ئەڤین گەڕان
لە ئێمە، یەکێکمان ئاوێنەی چۆکی خۆی و
بناگوێی ئەوی دیکەی ماچ کرد و گوتی
چەند جوانین…
دەرگامان کە داخست
شتێک پریشکێکی لێڵی لێ هەستا
ڕەنگە چراکانی شەقام بووبن
کە لە ڕیزی داگیرساوی ئوتومبێلەکاندا ڕادەبووری و
دەکەوتە سەر پێڵاوەکانمان
هێواش
بە ڕێ کەوتین
بە پارێزەوە
دەستمان لە گیرفانی یەکدیدا نەبوون
■
من
دوێنێ
هەر لەو دەوروبەرە
لە پەنا مانگەشەو و جۆگەلە
کەوتبوو
… دیار نەبوو
من دەستی خۆم گرتبوو و
لە تەنیشت غوربەتێکی بێکۆتام هەڵترووشکاندبوو
خۆر ئاوا دەبوو
تا بە پێچێکی پیردا تێپەڕم
دەستی خۆم بەر نەدەدا…
■
هێشتا
ئێستاش کە ئێستایە
جارێک
لە ڕۆژی ڕووناکدا لە خەو هەڵنەستاوین
بەس چاو هەڵدێنین.
تاریکی
دیسان تاریکی…
ئەدی کەی بەرەبەیان
دەچینە سەر حەوز
دەستەکانمان لە ئاوی ساردی ڕووناک هەڵدەکێشین و
دەڵێین:
بەیانیت باش
بەیانی…
سبەینێ کە وەک زەقنەمووتە و
درۆزنیشە
هێندێ جار دێتە خەوم
بە جلوبەرگێک لە ڕەنگی چاوەکانم
رەنگی گوڵبەهار و
دەڵێ:
شەو شاد
خەو دەمباتەوە لە ئاراستەی سوور و سەوز و
دیسان خەونی هەتاو دەبینم
ئێستا نەک لەبەر ئەوەی کە خەو، خراپ بێ
یان ئەمڕۆ دەبێ ڕۆژێکی دی بێ
بەڵام ئاخر ناکرێ جارێک
ئەمڕۆ
سبەینێ بێ…؟
سبەی ناگا
سبەی سەرم بە سینگی درەختێکەوە دەنووسێنم
کە هیچ درەخت نییە
بەڵام
وەک گەڵاکانی درەخت دەملاوێنێتەوە
سبەی کە لنگاوقووچە
بە میچی ئاسمانەوە دەنووسێ و قەت نایە
دێ
بەڵام
کاتێ درەخت کە ڕۆژێک درەخت نەبوو
گەڵایەک بێ لەنێو بادا
منیش
لە پەنا پەنجەرە… خاتوونم
■
تەنیایی
ئەی ئێمە
ئەی هەمیشە
کاتێ کە ئاوێنە لە تاسانی چاوەکاندا دەشکێ
دەستم بگرە
لە کۆڵانەوە تاکو ئاسۆی سوور و شین
بڕۆ
واز بێنە
بگەڕێوە
لەگەڵ تۆشدا من تەنیام
■
کوا
هات لە گەڵ خەو و خەونی خەیاڵەکانمی بینی
لە خەو هەستام نەهات
سەر لەسەر سینگ سینگی خۆم واتا خەمگین
دەم داچەقاو واتا بپرسم بۆ یان کوا یان بڵێم ئاهـ
فرمێسک تنۆکێک لە پەنا هێڵی لێو واتا بۆ نەهات
هات بەڵام باران تەڕ
شتێک لەنێو سەردا یان لەنێو سینگدا دەرکەوتن نا
بە چەشنێ کە دەرنەکەوتبێ دەرکەوت
دۆستانە
دەنگی ئێسقانەکانت دەناسم
لێوەکانت کە لێک دەبنەوە دەڵێی ئاهـ
دەنگی ئێسقانەکانت دێ با دێ
دەستت بە پەنا گۆنامدا کە تێدەپەڕێ دەنگی سەرما دێ
دەنگی فڕەفڕی پەپوولە نییە دەنگی ئێسقانەکانت دەنگی ئاو نییە
با دێ دەنگی ئێسقانەکانی تۆ دێ
دەڵێن ئێستا هەر ئێستایە کە بەر ببمەوە و دەڵێم گەمژۆ
لەتێک لە من لە بۆشایییەکانی خۆت هەڵسوو
ڕەش
زەرد ڕەنگێکی باش نییە سەوزت دەکەم
داتدەنیشێنم هەر لە پەنا پەنجەرە پشت لە تیشک
پێدەکەنی دەستت لەسەر شانم دەستم قژت سەوز دەکا
پێدەکەنم ڕوخسارت سەوز دەکا دوگمەکانت دەترازێنم
سەوز ڕەنگێکی باش نییە
دەستم دەگری مەیگرە
دەستم پێچوپەناکانت سەوز دەکا مەیگرە
بنی پێیەکانت سەوز دەکەم
پێدەکەنی لەسەر شانم سەر پێمەکەنە دادەنێی
دەستم مەگرە کەوتی مەکەوە
سەنگفەرشەکەی شۆستە سوور هەڵدەگەڕێ
پەنجەرە دادەخەم
■
ئۆرگاسم
دەڕۆم دێم دەڕۆم دێم
چاوت لەژێر پێڵووە لێکنراوکانتدا غار دەکەن
برۆکانت سێبەریان خستووەتە سەر پێڵووەکانت
شەو نییە
یەکێک بە درێژاییی باڵای پاڵکەوتووت پاڵ کەوتووە
نەخەوتووی
دەنگی دڵت لەژێر تیشێرتە سورمەیییەکەتەوە دێ
تیشێرتە سورمەیییەکە کەوتووەتە ژێر تەخت
دەڕۆم دێم دەڕۆم دێم
ئێستا دەمەوێ چۆلەکەیەک بم لە پەنا پەنجەرە پەنجەرەی کراوە
سەیری ژوورەکە بکەم تۆ لە خەودا بی بەڵام هێشتا نزیک نییە
دەڕۆم دێم دەڕۆم دێم
دەخولێیەوە دێیە سەرەوە
دەڕۆی دێی دەڕۆی دێی
ئەم میلی کاتژمێرە لە پشت سەرت بزر دەبێ
دەچێتە سەرەوە دێتە خوارەوە
ناکاو تۆ وەک من
(کە وەک تۆ هێشتا پشت برۆکانم ئارەقەی نەکردووە)
لە پەنجەرە دەڕوانی
دەتەوێ چۆلەکەیەک بی لە پەنا پەنجەرە
دەتەوێ لەسەرم بفڕی بەرەو لێواری پەنجەرە بەرەو لقی داربییەکە
دەڕۆی دێی دەڕۆی دێی
منیش کە دەمەوێ گۆرانی بڵێم تۆ دەڵێی گۆرانییەکە مەگۆڕە
دەڕۆم دێم دەڕۆم دێم
پێدەکەنم پێکەنین واتا باش
مست لە سینگت دەدەم مستلێدان واتا باش
دەلوورێنم لوورە واتا باش
خۆ تۆش باشی نا؟
لە پشت هەمان چەند ساتەکەی کۆتاییدا دەڵێم
ئێستا دەمەوێ لە پەنا پەنجەرە بم و ئۆرگاسمم نەبێ
باشە؟
■
شارەزا نییم
بۆ سەوز بووین
بۆ زەرد بووین
بۆ هەڵوەرین
بۆ ڕەش بووین
بۆ هەڵناوەرین
وەک منی چەند وەک منی تۆ وەک منی
چ ئاوێک لە پشت ئەم تینوویەتییەوە هەڵدەڕژێ
ڕژان چاوەکانتن
ئیتر کوێی لەشی تۆم دیوە
ڕژان دەستەکانی تۆن
ئیتر کوێی لەشت
چ سەرمایییەکی هێندە گەرم
وەک منی
ئەمە شانەکانت
ئەمە قووڵاییی نێوکت
ئەمە نشێوی ڕانەکان
ئەمە بنی پێت
ئەم کوڵمە ئەم کوڵمە ئەم کوڵمانە
ئیتر کوێی لەشتم دیوە و
دیومە کە دیومە
چ دەبارێ چا بارینێ چ بارانێ چ دەبارێ ئەم
بەڵام لەسەر شانت کە دەخزێ سەرم لەسەر شانم کە سەرت دەخزێ
شتێک مەودا دەخاتە ئەو نێوقەدەوە
تۆ وەک منی چ وەک منی کە توند لە باوەشم ناگری
بۆ دەڕژێین بۆ ناڕژێین
بۆنی بێدەنگی بۆنی ژیانە
بێدەنگی واتا تۆ بێ ئەوەی بە دەنگتەوە شۆڕ بووبیتەوە
ئەم لەتانەی لەشت لەتەکانی منن
دەستەکانت کە دەبنە بازنە بە دەوری باسکەکانمدا
شتێک مەودا دەخاتە ئەو نێوقەدە
وەک منی
ئێستا بۆ ناڕژێی هەر وەکو ئاو بەسەر لەتەکانمدا
■
گەڕاندنەوە*
من نابم بە مرۆڤ
نا نابم بە مرۆڤ
هەر ئەم هاوڕێ شاعیرەمان کە هەڵواسرا تێر کە گریام گوتم
دیتت مرد و لەگەڵم نەنوست
نابم بە مرۆڤ
لێرە بوو
پار پێرار
دەمزانی موختاری موختارییە بەڵام…
نا نابم بە مرۆڤ
ڕەنگە هەر مرۆڤ نەبم
ڕەنگەش ئەمە تایبەتمەندیی من بێ
لەگەڵ ئەم مرۆڤە خۆشەویستانە بنووم و بڵێم ئاهـ چ پیاوێ
یان بڵێم من دایکی کوڕی ئەم جەنابی چووزان کێیەم
نابم بە مرۆڤ نابم بە مرۆڤ
ئێستا دەستەکانم ڕەنگە مرۆڤ بن
یان ئەم بسکەم
بەڵام من مرۆڤ نییم
خڕاییی مەمکەکانم مرۆڤ نییە ئەم نێوگەڵە خۆ هەر مرۆڤ نییە
دەنگ نا دەنگیشم مرۆڤ نییە
لێوەکانم ڕەنگە
جارجار لە سینگمدا شتێ کە ترپەی دێ ڕەنگە
بەڵام من مرۆڤ نییم
هەر ئەم محەمەد موختارییە کاتێ کە لەتلەت کرا کە من خۆم شینهەڵگەڕانەکەی دەوری قوڕگیم بینی
گوتم حەیف حەیف
گوتم دیتت مرد و لەگەڵم نەنوست
نابم بە مرۆڤ
بەڵام ڕەنگە ئەمە تایبەتمەندیی من بێ
ئەم مرۆڤانە بگرمە باوەش و بڵێم وەرە گەرم دادێی
بڵێم ئاهـ ئەم شاعیرە خۆشەویستە جارێک تێم تەپیوە
نا من مرۆڤ نیم نابم بە مرۆڤ
ئێستا کتێبەکانی بێنە
■
هەروا هەمیشە
لە هەمووی خراپتر هەر دوێنێ بوو
دەبوو مردباین
بایەکی سارد دەهات
باران بەرەبەیان کردی بە تەرزە
تاکو شەو لە ماڵ دەرنەکەوتین
شەو پەردەکانمان دادانەوە
جگەرەیەکمان داگیرساند
لە بیرمان چوو
دەبوو مردباین
■
وەکو تۆ
من حەز لەم مۆمانە ناکەم
حەز لە دەسکی ئەم چەقۆیە ناکەم
حەز لە فڵچەی ددان ناکەم
حەز لە پەنجەکانی خۆم ناکەم
حەزم لە شتێکە وەکو تۆ