ڕووبارێک لە شارێک هەڵدێت!

سەلاح فایەق/شاعیری عێراقی

March 17, 2018

 

 

 

سەلاح فایەق لە گرنگترین شاعیرانی عێراق و جیهانی عەرەبییە. ئەو لە ساڵی ١٩٤٥ـدا لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. شارێک کە لە شەستەکاندا یەکێک لە گرنگترین بزاوتەکانی شیعری جیهانی عەرەبی لەوێدا پێک هات؛ «گرووپی شیعری کەرکوک»، کە ئەم شاعیرانەی لە خۆ دەگرت، سەلاح فایەق، سەرگۆن پولس، جان دەمۆ، فازڵ عەززاوی و چەند شاعیرێکی دیکە. ژیان لە شیعری سەلاحدا، وەک شانۆیەکە. ئەو وێنانەی ژیان کە ئەو پێشکەشیان دەکات، هەرکامیان، داڕشتنێکی سادە و هونەرمەندانە بۆ نمایشێکی ورد و قووڵی ژیان دەخەنە ڕوو. سەلاح فایەق شاعیرێکە؛ ڕاستەقینە، دەگمەن، ڕاستگۆ و ئەوەی دەینووسێت ناوێکی بەدەر لە شیعر نییە. ئەو لە شاری مانیلی پایتەختی فیلیپین دەژی. باڵندە

 

 

 

ڕووبارێک لە شارێک هەڵدێت!
سەڵاح فایەق
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: جەمال غەمبار

 

١

بۆ ئەوەی چامەیەکی شیعریی کاریگەر بنووسیت
دەبێ لە ‘ئۆرۆک’ـەوە بێیت.
نائومێدیت بست بە بست بپێویت ئەو دەمەی لە ئەسانسێرێک دێیتە دەرێ.
لەگەڵ شاخ و ڕووبار و درەختەکانیاندا ئاشت بیتەوە.
ژێیەکانی کەمانەکەت، هارپەکەت، لە مووی ئەسپێک، چێ بکەیت.
دەبێ ببیتە فرۆشیاری خەون لە گوندەکان
سبەینان- سەبر-ـی خۆت بزر بکەیت و ئێواران بیدۆزیتەوە.
لەدایکبوونی بافڵێ، زریانێ ببینی.
ئاڵتوون وەک ڕۆشنایی ببینی و هیچی تر.
دەبێ ڕێزی شێتبوونی هەور و گڕکانەکان بگریت.
وەک نابینایان، خۆت ڕابهێنیت، چۆن لە ئاسمان دەڕوانیت.
بە پێی پەتی بە دووی دوومەڵاندا بگەڕێیت و
دەمبەپێکەنین، لە پێشوازیی پەناهەندەکاندا بیت لە هەرکوێ بن.
دەبێ مامەڵەی هەر کیسەڵێک، گەورە بێ یان بچووک،
وەک هاووڵاتییەک لە هەر وڵاتێ بێت، بکەیت.

 

٢

نیوەی چامە شیعرییەکان لەناو دەممدان.
بێدەنگییەکی درێژ شەکەتی کردم،
لەبەر ئەوەی مۆسیقام خۆش دەوێت
لە بەڕێکردنی تەرمی سەربازە کوژراوەکاندا، ڕێم کرد.

 

٣

لەبەر خۆشەویستیی شێکسپیر هاتمە ‘لەندەن’.

نیوەڕۆیەک، لە باخچەی ‘هامپستێد’،

بە ڕێکەوت ‘ئیلیەت’م بینی، لەسەر سەکۆیەک وەستابوو

دەیڕوانییە ئەو چەترانەی بەر دەبنەوە سەر شار.

 

٤

پەیکەرێک، گوڵەکانی باخچەیەک هەڵدەلووشێت

کەچی، هەندێک کرێکار مۆنەمێنتە پیسبووەکەی خاوێن دەکەنەوە.

 

٥

هۆ پیاوی جوان، بە خۆم دەڵێم

دەبێ هەتا سەرچاوەی ڕووبارەکان ڕێ بکەیت

بۆ ئەوەی لەوێ شمشاڵی شوانان بڕوێنیت.

 

٦
پەیکەرێک دەگریا، بە پاکەتێک حەڵوا ڕازیم کرد ژیر بێتەوە،

فرمێسکەکانی بسڕێت و پاشان پێبکەنێ.

بە هۆیەک لە هۆیەکان، ماشێنەکەم لە لایەوە ڕاوەستا.

 

٧

لە خانەی هەتیوان، ئاسکێکم کڕی.

 

٨

ئەو دەمەی ئاوم بۆ زەڕڕافەیەک هەڵگرتبوو

کە لە ئاوارەیەکم کڕیبوو،

لە ناکاو پڵنگێکم تووش هات

کتێبێک لە نێوان کەڵبەکانیدا بوو:

لە فەسڵی یەکەمی کتێبەکەدا

هەژاران بە دەوری کتێبخانەکاندا دەفڕین.

لە دوافەسڵیشیدا، کۆمەڵەخەڵکێک

لە تیاترۆخانەیەکدا لە چەند ئەفسەرێکیان دەدا.

 

سەلاح فایەق/شاعیری عێراقی

٩

ئەو، بە ڕاوەستانەوە نەبێت، نانووسێت.

بەم جۆرە وا لە کورسییەکانی ژوورەکەی دەکات

پێشبینی بکەن، ‘کەی’ و ‘لە کوێ’ دادەنیشێت؟

 

١٠

بەو ژنە دەڵێم: ئەو خوانەی بۆ تۆی دەڕازێنمەوە

خوانێکە، شایان بە شۆڕشگێڕان.

پێی دەڵێم: بە قەدی شاخێکەوە من ماڵی تۆم،

ڕەوەئەسپێک لە دەورمن،

ئێواران، لە جامی مسیندا

شەرابی ئاشوورییەکانیان بەسەردا دەبەشمەوە.

 

١١

ئەمێستا، بەهار لە ‘کەرکوک’ـە،

ڕۆژانی نێرگزە و میوانی مەزراکانە.

منیش موسافیرێکی هەمیشەییم بەرەو ئەوێ،

هەرگیز ناگەم.

 

١٢

دواجار ‘گۆدۆ’ گەیشت!

لە لای ڕۆژنامەفرۆشێک بە ڕێکەوت بینیم.

هەر لەوێ، شالوورێکی بێدەنگ، لێی دەڕوانی.

 

١٣

بۆ ئەوەی کتوپڕیت بۆ دروست بکەم، لە ئاوێنەیەک دێمە دەرێ!

کەچی تۆ سەرقاڵیت، لەبەر دەرگای ماڵ، ئەسپێک دەشۆیت

دراوسێ تووڕەکان چاودێریت دەکەن.

گەرچی بەم بەژنەی خۆمەوە دێم، کەچی بەدیم ناکەیت.

گەرچی فیکەفیکمە، کەچی تۆ گوێت لە من نییە!

دەگەڕێمەوە ناو ئاوێنەکە

خۆم دەشارمەوە!

 

١٤

پلێتێکی سۆمەرییانم هەیە، تێیدا هاتووە:

کارەکەرەکان بە دەوری پاشایەکی مردوودا شیوەن دەگێڕن.

هەراوزەنایە لەو شەقامەی کەژاوەکەی لێیە.

لای دەروازەکەوە

شۆخێک، لەنێو چەند قوربانییەکدا، بە مەمک، سەما دەکات.

 

١٥

لە پاشی هەر تۆفانێک

دێتە دەرێ بۆ ئەوەی ئاژەڵە تۆقیوەکان ڕزگار بکات.

لە کەشتییەکەدا زۆربەی چامە شیعرییەکانی خۆی خوارد،

لە هەندێکیاندا،

(قەرەج)ـی بینی لە مەزرای لۆکەدا خۆیان حەشار دابوو!


١٦

پیانۆژەنێک لەژێر سمی ئەسپێکدایە.

ئەسپ: ئەمە سزاکەتە، چونکە هیچت بۆ نەژەندم.

ژەنیار: ئاخر، میزاجم هەڵات

بۆیە ماناکان لەنێو پەنجەکانمدا قڵپ بوونەوە.

ئەسپ: ئەی ئەمێستا؟

ژەنیار: میزاجم بدەرەوە بەر لەوەی ڕێوییەک یان حوشترێک هەڵی بلووشێت.

ئەسپ: باوەڕ ناکەم تۆ لە سمەکەم بێزار بیت، سمی من لە لۆکەیە.

ژەنیار: ئاخر، ژانی پشتم بەسوێیە، لۆکەش ئازارهێنە.

 

١٧

هاتووم هەندێک داوودەسگا بەرم، هەتا زیندانییەکان دەرباز بکەم.

ئەوانم بینی لە حەوشەی زیندانەکەدا سەمایان دەکرد.


١٨

لە درەنگوەختێکدا

باوکم هەڵی کوتایە سەر کتێبخانەکەم و

هەرچیی کەوچکی زیوین و پەرداخی ئاڵتوونیی

ناو حیکاتەکانی (هەزارویەکشەوە) هەیە، بە تاڵان بردنی.

 

١٩

بەڕێوەبەری بەندیخانە داوای کردم:

تۆ، دوێنێ شەو، ئامۆژگاریی ڕووبارت کردووە، لە شار کۆچ بکات؟!

من پەیوەندیم لەگەڵ ڕووبارەکاندا باش نییە. لە دوورگەیەکدا، لە ناوەڕاستی زەریایەکدا، لە نزیک گڕکانێکەوە دەژیم!

هەندێک پاسەوان گوێیان لێت بووە کە بانگی ڕووبارت کردووە و ئامۆژگاریت کردووە کۆچ بکات یان هەڵبێت.

ئاخر من لێرە دەستبەسەرم، چونکە پەپوولەیەکم لە دەست گەشتیارێکی بیانی، لە فڕۆکەخانە، ڕزگار کرد.

ئێستا، ڕووبار لە کوێیە، لە کوێ خۆی شاردووەتەوە؟

نازانم.

نازانیت؟ (بەڕێوەبەر دەنەڕێنێت) بیبەن، بیبەن. لێرەی ببەنە دەرەوە، بیخەنە ژوورێکی ئینفیرادی. هێلیکۆپتەرمان هەیە، ڕووبار هەر دەدۆزینەوە، هێندە دوور نییە لێرەوە. ئەوسا دەبینین چۆن ئیعتیرافت لەسەر دەکات. لێرەی ببەنە دەرەوە (دەنەڕێنێت).

 

٢٠

لە دەرگایەک دەدەم و دەپرسم:

سەڵاح فایەق دەناسن؟

بەڵێ دەیناسین. (ژنێکی شۆخ وەڵام دەداتەوە)

لە کوێ دەژی؟

لە فیلیپین.

 

٢١

وشکبوونی گوندەکان، سامهێنەرە.

ئەزیەتی ئەشکەوتان و

ئەو فریشتە یاخیبووانە دەدات

کە خۆیانیان تێدا حەشار دەدن.

حاکمێک حەشیشەی دەکێشا،

هەڕەشەی لێ کردم

ئەگەر خەبەری لای کەسێ لێ بدەم

لە ئەسانسێرێکدا، دەستبەسەرم دەکات!

 

٢٢

من لە شاخێک، خەریکی هەڵکۆڵینم.

نیوەڕوان دێمە خوارێ بۆ لای ڕووبارێکی نزیک؛

ڕووبارێک، جگە لە خۆم، کەس نایناسێت.

بەزەییم بەو ژیشکانەدا دێتەوە کە لە سەرەڕێمدا بڵاو بوونەتەوە.

جارێکیان خواردنەکەی خۆمم دایە پاسەوانێکی بەندیخانە،

کەچی دواتر پەشیمان بوومەوە؛

تا بەیانی بە برسێتی مامەوە!

 

٢٣

فریشتەیەک، جلوبەرگی، باڵەکانی لە قوڕولیتەی ئاشێک خاوێن دەکاتەوە.

لە شەمەندەفەرێکدا، لە فارگۆنەکەمەوە دەیبینم.

پێم وایە، خۆیشم خەریکی گواستنەوەی کۆتەرەی دارم بۆ ئەوبەری ڕووبارەکە.

 

٢٤

بە پایسکلێک، لە فیلیپینەوە دەگەڕێمەوە بۆ کەرکووک؛

ئەو پایسکلە، لەو کاتەوەی سەرباز بووم، لەگەڵمدایە.

لە (مەزاتخانەیەک) بە دوو دینار کڕیم،

کردوومەتە هاوڕێی خۆم!

 

٢٥
هەر ساڵەی، ددانێکم دەکەوێت.

ئەمە گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە سۆزی منە بۆ مۆمیایەک لە مۆزەخانەیەک؛

کە بردمەوە بۆ ماڵێ و ژوورێکم بۆ ڕازاندەوە.

پاش چەند ڕۆژێک گوێم لێ بوو پێدەکەنی، دواتر قاقای لێ دەدا

وا بزانم گوێی لە تەلەفۆنەکانم ڕادەگرت.

هێندەی قاقا لێ دا، سەگەکەم لە تاوا هەڵات

دوای دوو ڕۆژ پەپووسڵێمانکەکەیشم بە دوایدا!

هەندێک خواردنی قوتوو، نامەکانم و

کتێبی شیعرەکانی ویڵیەم کارلۆس ویڵیامزم خستبووە ناو باڵۆنەکەم.

ئیدی، بۆ چەند ڕۆژێک جێم هێشتن و لە ماڵ نەبووم.

ئەم ئێوارەیە، لە تەلەفزیۆندا باڵۆنێکی دڕاوم لە دارستانێکدا بینی

مۆمیایەکیش لەو ناوە وردوخاش بووبوو.

سۆراخی کتێبەکەی ویڵیامز نەبوو.

کەمێک پێش ئێستا، پۆلیسێک هاتە ماڵەوە و پرسیاری مۆمیاکەی لێ کردم.

وەڵامم دایەوە:

نازانم لە کوێیە!

بەڵام نامەکانت لەگەڵ مۆمیاکە لەو ناوە، پەرشوبڵاو بووبوونەوە!

(بێدەنگییەک)

پۆلیسەکە، هەتا ئێستاش، کونوقوژبنی ماڵەکە تەی دەکات!


سەرچاوەی شیعرەکان

http://hassanbalam.ibda3.org/t12320-topic#ixzz58CaSDdHj

سەرنج/ وەرگێڕ:

ئۆرۆک: شارێکی دێرینی سۆمەری و بابلییەکانە. دەکەوێتە سەر کەناری ڕووباری فورات. بە پێی ڕیوایەتەکان، گوایە سەرەتای نووسین و یەکەمین حەرف لەم شارەوە داهێنراوە. (سەرچاوە: ویکیپیدیا).

سەڵاح فایەق: خەڵکی شاری کەرکووکە، باوکی تورکمانە و دایکی کوردە. یەکێکە لەو شاعیرە داهێنەرانەی لەگەڵ کۆمەڵێک شاعیری دیکەدا، لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، بزاڤێکی شیعرییان بە ناوی (گرووپی کەرکووک)ـەوە ڕاگەیاند. ئەم گرووپە، فەزایەکی تری شیعریی پڕ لە جورئەت و جیاوازیان خوڵقاند. بەمەش، داهێنانێکی تازەیان لە تێکستی چامەی شیعریدا بەرپا کرد، کە جیاواز بێت لەوەی (نەوەی پێشڕەوان-جیل الرواد)ـی شیعر لە عێراقدا خوڵقاندبوویان. سەڵاحی ئینسان و شاعیر، ئێستا لە وڵاتی ‘فیلیپین’ دەژی.

لە وەرگێڕانی شیعرەکەدا، لەگەڵ پاراستنی فەزای هەموو ئەو گەمە جوان و داهێنەرانەیەی کە خەیاڵی شاعیر لەناو دەقەکەدا خوڵقاندوونی، ئەوپەڕی هەوڵم داوە، وەرگێڕانەکە حەرفیی نەبێت.

(وەرگێڕ – بریسبن/ سەرەتای پاییزی ئوسترالیا)