یان لەگەڵ مندا بژی یان بهێڵە من لەگەڵ تۆدا بژیم

ساناز زارع سانی/شاعیری ئێرانی

May 26, 2018

 

 

ساناز زارع سانی، شاعیری ئێرانی، ساڵی ١٩٨٠ لە دایک بووە. لە ساڵی ٢٠١٠ـوە لە ئەڵمانیا دەژی. “تەڕدەستیی پیتە سنووردارەکان” و “ئەولای من لە تەمدا” دوو کتێبی شیعریی ئەون. سەرسام و کاریگەرە بە فرووغ فەڕوخزاد. گۆرانییش دەڵێت. شیعرەکانی بە ئاگەداریی خۆی دەکرێن بە کوردی. – باڵندە

 

 

 

یان لەگەڵ مندا بژی یان بهێڵە من لەگەڵ تۆدا بژیم
ساناز زارع سانی
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: شاڵاو حەبیبە

 

 

ئاگر
بایەکان منیان لرفاندووە
هەورەکان منیان باراندووە
بوومەلەرزەکان منیان لەرزاندووە
گەنداوەکان منیان وشکاندووە
هەیڤەکان منیان سووتاندووە
تا بە تۆ گەیشتووم

 

هەتاوی سەرگەردانم
کە بە دەوری سەرگێژەکانی دڵتەوە خول دەخۆم

 

دڵم گیراوە
دڵم گیراوە و
ئەم شەوەی لە بەری چاوەکانی تۆوە هەڵدەکات
تێکڕای ئەستێرەکانی منی کوژاندووەتەوە

 

من بواری بەیاری لێوەکانی تۆم و
ماچەکانی تۆم چنیونەتەوە و
هێڵی ئیستیواییی دەستەکانی تۆ
وەها لە دەوری جەستەم سەوز بووە
کە ڕێی شیریی مەمکەکانمم ون کردووە

 

سەرم
لەسەر جەمسەرێکی بەستوو بچەرخێنە و
بەوەی لە مانگ ماوەتەوە
جگەرەکەم داگیرسێنە

 

ئاخر
چۆن ئەم هەموو ئاگرە
لەم شیعرەدا جێ بکەمەوە؟!

 

شێتیی یاسایی
وشەکان دەخەیتە نێو مەترسی
کاتێک قسە ناکەیت

 

بێدەنگ دەبیت و
دەستەکانی من دێنیتە قسە

 

ئەمە دانپیانانی ژێر ئەشکەنجەیە!
ئەم هەموو کاخەزەش
ئەنجامی بێدەنگیی بێشێوەی تۆیە
نەک پەیامی باڵقبوونی شاعیرێکی بلیمەت

 

یاسایییەن شێتیم گرتووە و
مۆڵەتنامەی ئەم شێتییەش
شەڕی بێدەنگی تۆ لەگەڵ پەیڤەکاندا
دەری کردووە!

 

لە دواهەمین بەرگرییەکاندا
لە دیوانی باڵای حافز
فاڵێک بۆ شێتییەکانی من بگرەوە

 

پەیڤی من
وەکالەتی تێکڕای ڕۆژەکانی تۆ
دەگرێتە ئەستۆی خۆی

 

تۆ بە تەواوی ئازادیت
یان لەگەڵ مندا بژی
یان بهێڵە من لەگەڵ تۆدا بژیم

 

ڕامسپاردووە کراسێکم بۆ بدروون بەم تایبەتمەندییانەوە:
سەرقۆڵی کورت
بە گوڵەبۆدینەوە!

 

من لە کراسە ڕەشوسپییەکان دەترسم!

 

باوکم دۆستۆیۆڤسکییەکی جێگومانە. هێشتا هیچ کتێبێکیم نەخوێندووەتەوە!

 

هەزارپێ هە ر لە سەرەتاوە هەزار پێی هەبوو، ئینسانیش دووپێیەک بوو کە پاشان بوو بە هەزارڕوو.

 

داهۆڵ بووکەشووشەیەکی ناشیرینە، کە ئاگەداری کێڵگە دەبێت و
مرۆڤ داهۆڵێکی جوانە کە جیهان دەترسێنێت.

 

چییە ئەوە؟
من کتێبێکم هەیە
لە کتێبەکەمدا چند شیعرێک نووسراوە
لە هەر شیعرێکدا پیاوێک دەژی
لە هەر پیاوێکیشدا چەند ژنێک

 

ئێستا بیدۆزەوە پرتەقاڵفرۆشەکە لە شیعرێکدا کە بۆ تۆم نووسیوە!

 

 

لە تەماشای تۆدا ڕەفتارێک هەیە
کە سڵاو لە من دەکات

 

ئامادەبوون
تەنانەت لە تەنیشت ناوەکەشتەوە دەبمە شاعیر!

 

نووسین
نامەیەکم نووسیوە
بە پیتی لوورەیی.
تۆ پێت وایە خەتوختووتی پێدا هاتووە.

 

شینبوونەوە
ئەیووب بانگ بکە تا ئاسەواری ئەم هەموو ددانە لەسەر جگەرم بسڕێتەوە.