کیژۆڵەی جەنگ

سەرگۆن بۆڵس/شاعیری عێراقی

May 6, 2018

سەرگۆن بۆڵس، شاعیری عێراقی، لە ساڵی ١٩٤٤ـدا لە حەببانییە لە دایک بووە. لە سێزدساڵیدا لەگەڵ خانەوادەکەیدا دەچن بۆ کەرکووک و لەوێ شیعرنووسینی دەست پێ کرد. لە ساڵی ١٩٦٦ـدا، بە پێ، بە بیاباندا دەچێت بۆ بەیرووت و لەوێ دەست بە وەرگێڕان دەکات. ئەو وەرگێڕی شیعرەکانی تێد هیووز و ئاڵن گینزبێرگـە بۆ زمانی عەرەبی. لە ساڵی ١٩٦٤ـدا لەگەڵ هاوڕێ شاعیرەکانی وەک سەلاح فایەق، جان دەمۆ و فازڵ عەززاویدا گرووپی کەرکووکیان دامەزراند. لە ساڵی ١٩٦٩ـدا لە بەیرووتەوە چوو بۆ سان فڕانسیسکۆ. لەوێ بەرەی بیتی ناسی و بوو بە هاوڕێی گینزبێرگ، گری سنایدەر و گریگۆری کۆرسۆ. لە ٢٢ـی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٧ـدا لە بەرلین کۆچی دواییی کرد. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

کیژۆڵەی جەنگ
سەرگۆن بۆڵس
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ژیار ئەسوەد

 

 

کیژۆڵەی لە جەنگەوە ونبوو، هات.
لە کۆتاییی داڵانەکەدا ڕاوەستاوە و چرایەکیش وا بە دەستییەوە.
هەرجارێك لە خەون وەئاگا دێمەوە
لە یەکەمین کاتژمێری بەربەیاندا، دەیبینم.
چاوەڕێیە بەر دیواری حەقیقەت بکەوم.

 

چاوەکانی
ئەبڵەقن بەرامبەر ڕیسوابوونی دانایی
ئارامن لەنێو دڕکەکانی خودا؛
کاتێک بیرۆکەکانم لە شەودا هاموشۆ دەکەن و دەستم کە لە توانایدایە کۆتەکانی ببڕێت
دەنگم کە دکارێ پرسیار ئاراستەی بکوژ یاخود یەزدان بکات،
ئەو دەزانێت بەرسڤی بداتەوە…

 

ئەی کیژۆڵە
جەنگ چەند درێژەی کێشا؟
چەند شەو و لە قووڵاییی کامە بیرەوە؟
کام ئازاری ئەبەدییە لە گشت ئاراستەکانەوە هورووژمی هێنا؟
ژەنەڕاڵی خاوەن چوار ئەستێرە
چی دەکات گەر کچەکەی بۆ تاقەڕۆژێک شیری لێ قەدەغە بکرێت؟

 

کیژۆڵە دەڵێت:
ئەوان هەموو کەسوکارمیان بە کەشتییەک
بردە دونیایەکەی تر.
من هەمیشە دەمزانی
ئەوان بەتەنیا لێرە جێم دەهێڵن، لەم کەنارە
دەمزانی…