وەک ئەسپێک پیاوەکە کەوت

سەرگۆن بۆڵس/شاعیری عێراقی

April 19, 2018

سەرگۆن بۆڵس، شاعیری عێراقی، لە ساڵی ١٩٤٤ـدا لە حەببانییە لە دایک بووە. لە سێزدساڵیدا لەگەڵ خانەوادەکەیدا دەچن بۆ کەرکووک و لەوێ شیعرنووسینی دەست پێ کرد. لە ساڵی ١٩٦٦ـدا، بە پێ، بە بیاباندا دەچێت بۆ بەیرووت و لەوێ دەست بە وەرگێڕان دەکات. ئەو وەرگێڕی شیعرەکانی تێد هیووز و ئالن گزنبێرگـە بۆ زمانی عەرەبی. لە ساڵی ١٩٦٤ـدا لەگەڵ هاوڕێ شاعیرەکانی وەک سەلاح فایەق، جان دەمۆ و فازڵ عەززاویدا گرووپی کەرکووکیان دامەزراند. لە ساڵی ١٩٦٩ـدا لە بەیرووتەوە چوو بۆ سان فڕانسیسکۆ. لەوێ بەرەی بیتی ناسی و بوو بە هاوڕێی گزنبێرگ، گری سنایدەر و گریگۆری کۆرسۆ. لە ٢٢ـی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٧ـدا لە بەرلین کۆچی دواییی کرد.

 

 

 

وەک ئەسپێک پیاوەکە کەوت
سەرگۆن بۆڵس
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: بڕیار محەمەد تاهیر

 

 

لە ناوەندی گۆڕەپانەکەدا
پیاوەکە لەسەر ئەژنۆکانی کەوت.
بەو ڕادەیە ماندوو بوو،
کە نەتوانێت ڕابوەستێت؟
گەیشتبووە ئەو بەربەستەی
کە شەپۆلەکانی تەمەنی تێدا دەشکێت؟
تۆ بڵێی بەر چەکوشی دڵتەنگی کەوتبێت؟
یان باهۆزی ئازار؟
ڕەنگە وەک میحنەتێک بووبێت و کەس بەرگەی نەگرتبێت.
ڕەنگە فریشتەی مەرگ بووبێت،
بە تەشوێیەکی پەڕەوە لە کاتی خۆیدا هاتبێت.
ڕەنگە بە هۆی خودا یان شەیتانەوە بووبێت.
لە ناوەندی گۆڕەپانەکەدا
لە ناکاو وەک ئەسپێک، پیاوەکە کەوت و
بە تەورداسێک ئەژنۆکانیان بڕییەوە.