ژیان و هیچی دیکە

سەرکەوت جەبار/شاعیری کورد

May 21, 2022

 

سەرکەوت جەبار، لە شاعیرانی نوێی کوردە و لە ١ـی ٥ـی ١٩٩٠ لە دایک بووە. شیعر دەنووسێت و فیلم درووست دەکات. کتێبێکی بە ناوی “تاریکیی پاش تاریکی” لە باڵندە چاپ بووە. لێرەدا شیعرێکی دەخوێننەوە، کە سەرنج دەخاتە سەر ژیان و مەرگ و ئەوەی کە ناوی ئینسانە لەم نێوانەدا.ماڵپەڕی باڵندە

 

 

ژیان و هیچی دیکە
سەرکەوت جەبار

 

 

چاوەکانت دەمشڵەژێنن
بیرەوەریم تێک دەدەن
چاوەکانت جیهان بەرەو خۆیان ڕاپێچ دەکەن
بسکت وەک تاڤگە دادەبارێتە بیرەوەریمەوە
خۆت دەدەیتە دەست شەپۆلەکان
تاوەکوو بەرەو قووڵایی بتبەن
چونکە دەتویست خۆت نوقم بکەیت
بەڵام شەپۆلەکان بۆ ناو دەروونت دەتبەن
تۆ لە ژیاندایت
بوونت هەیە، ئازار و خەونت هەیە
ژیانت تەماوی دەبینی، بەڵام ژیان وەک کانییەکی ڕوون
خۆی پێشکەش کردیت تاوەکوو لێی خۆش ببیت
ژیان هیچ گوناهێکی نییە
هیچکات ژیان ناتبینێت، ناتژنەوێت
ئەوە تۆیت دەیبینیت و بانگی دەکەیت
ئەوە تۆ بوویت لە منداڵدانی دایکتدا لێی پاڕایتەوە
بۆ ئەوەی چاوت بە جیهان نەکەوێت
بەڵام ئەو ناژنەوێت و نابینێت
بۆ مانای ژیان گەڕایت، نەتدۆزییەوە و
ویستت لەنێو قووڵاییی دەریادا خۆت نوقم بکەیت
هەموو شتێک لە خۆتدا هەڵدێت و ماناکەی دەدۆزیتەوە
دەتەوێت وەڵامی پرسیارەکەت لە ئاوێنەکەدا بدۆزیتەوە
بەڵام ئاوێنەکە چووزانێت مانای پرسیارەکەت و ژیان چییە؟
ئەو چۆن دەتوانێت ئازارەکەت بدۆزێتەوە؟
لە خەونەکانتدا دەتویست دەریا بیت
دەتویست باڵندە و هەور بیت
دەتویست باران و پەلکەگیایەکی قرتاوی سەر سەوزەڵانێک بیت،
تاوەکوو شەونمەکان تێت بئاڵێن
دەتویست بریسکەی ئەستێرەیەک بیت
بەڵام کە بەخەبەر هاتیت بینیت ‌هێشتا کەسێکی غەمگینیت
ترس سەرتاپای جەستەتی داپۆشی
کەچی بڕوات بەوە نەکرد،
لە بەردەم ئاوێنەکەدا پاڕایتەوە کە باڵندە و هەور و باران بیت
بەڵام ‌حەقیقەت چییە؟
وا وێنای بکە هەور و باڵندە و تاڤگەیت
وا وێنای بکە باڵندەیەکیت و باڵەکانت فەرامۆشیان کردوویت،
ماسییەکیت ئاو لێت هەڵدێت
هیچکات لە وێنەکانی سەرت خۆش مەبە بۆ حەقیقەت
حەقیقەت هیچ نییە جگە لە درۆیەک کە خۆمان درووستی دەکەین
ببە بە باڵندە و بفڕە بۆ دوور
ببە بە دەریا و سنوورەکان تێک بشکێنە
ببە بەوەی دەتەوێت، چونکە ژیان ناتژنەوێت
دەزانم هیچ شتێک ئازاری بوونت کەم ناکاتەوە
بەڵام هیچ چارەسەرێکیش بۆ ئەوە نییە
تەنیا دەتوانین لە ڕێگەی ژیانەوە لە ژیان هەڵبێین
دەیوت من مرۆڤم و هەر ئەوەش ئازارم دەدات
سەردەمێک لە خەونەکانمدا باڵندە بووم
جریوەکانم دارستانەکەی داگیر دەکرد و بێدەنگییەکەی تێک دەشکاند
کەچی ئێستا مرۆڤم و تەنیایی خەریکە دەمخنکێنێت
بۆچی دەتویست شەپۆلێک بیت لە بری ئەوەی مرۆڤ بیت؟

 

لە خەونەکانمدا مردووەکان دەبینم
دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ژیان
دەیانەوێت جارێکی دیکە سەیری لاسکی دڕکاویی گوڵێک بکەنەوە
دەیانەوێت جارێکی دیکە بریسکەی ئەستێرەیەک
لە شەوێکی تاریکدا ببینن
دەیانەوێت و دەیانەوێت…
خەونم بینی مردبووم
ساردوسڕ لەسەر گیایەکە ڕاکشابووم
خەونم بە ژیانەوە دەبینی
بەڵام ئاخۆ مردووەکانیش خەون دەبینن؟
من خەونم بینی کە مردبووم و خەونم بینی کە
دەمویست بگەڕێمەوە بۆ ژیان
چاوەکانت دڕندانە لێم دەڕوانن
مەمکەکانت وەک دوو بەوری کێوی
دەیانەوێت جەستەم داگیر بکەن
پرچت شاڵاو بۆ ڕووخسارم دەهێنێت
پەنجەکانت دەیانەوێت فەرمانڕەوای جەستەم بن
لێوەکانت وەک شەپۆلگەلێکی کێوی بەسەر کەناری جەستەمدا ڕەت دەبن
هەورەکان شی دەبنەوە
ئەستێرە و باڵندەکانیش
لە شەوێکی تاریکدا مانگ بەر دەبێتەوە ناو گۆمێکی مەنگ
خۆر دەکەوێتە ناو گێڵگەیەکی گەنمەوە
نیگاکەت بە دەروازەی شاردا هەڵمدەواسێت
ئابڕووم دەبات
ڕێگەم بدە بیر لە جوانییەکەت بکەمەوە
تەریک و تەنیا و خامۆشم
وەک کڵیسا لەبیرکراوەکان
وەک دارستانێکی خاپوورکراو
وەک سەربازێکی کوژراو
وەک جەنگێک
وەک تاڵانییەک

 

لوورەی گورگێک کە لە بیری دەچێتەوە گورگە
کزەبایەک گەڵاکان دەلەرێنێتەوە و ئامادەیان دەکات بۆ ژیان
دەنگی جریوەی چۆلەکەکانیش لە هێلانەکانیان
بریسکەی ئەستێرەیەک کە شانازیی بە خۆیەوە دەکات
ڕاهیبەیەک کە خۆی ڕووت کردووەتەوە و
جەستە ڕووتەکەی ئابڵۆقەی خودا دەدات
دەنگی وەڕینی سەگەکانیش لە دوورەوە
خشپەی گەڵا وەریوەکان بێدەنگیی شەوەکە تێک دەدەن
پرتەقاڵێک لە ناکاو بەر دەبێتەوە
تریفەی مانگ بە ئاستەم درز دەخاتە پەڵەهەورەکان
دارستانەکە بۆ ڕێبوارەکە نیوەڕووناک دەکاتەوە
دەنگی لەرینەوەی چڵەکانیش ترس دەخەنە دڵی بێچووە کەروێشکەکان
بەڵام هیچ شتێک ڕێبوارەکە ناترسێنێت، جگە لە مەرگ
پەلکەگیاکان چپەچپیانە
دیسانەوە گمەگمی کۆترێک بێدەنگییەکە تێک دەداتەوە
گۆمێکی مەنگ
نیوەی مانگیش لە ناوەڕاستی گۆمەکەدا
لە کەناری گۆمەکەش تەرمێک
ڕێبوارەکە بە ترسەوە لە تەرمەکە نزیک دەبێتەوە
بەردێک فڕێ دەداتە گۆمەکە و وێنەی مانگ دەشێوێنێت
باڵندەیەک فڕکە دەکات
ڕێبوارەکە دەترسێت
بایەک شێتانە بەناو دارستانەکەدا هەڵدەکات
هەورەکانیش باران وەک دیارییەک پێشکەش بە زەوی دەکەن
دڵۆپەبارانەکان جیهانی تەرمەکە ناشێوێنن
بەڵام ڕێبوارەکە لە خەوە ترسناکەکەی بە خەبەر دێنن.
پۆرترەیتی ڕێبوارەکە بە دیوارەکەوە
ڕووخساری شڵەژاو و ترسلێنیشتووی ڕێبوارەکەش لەسەر چرپاکە
نێڵەنێڵی ئاگردانەکە
دەنگی وەڕینی سەگەکانیش بە ئاستەم دەبیسترێت
دڵۆپەئارەقەی سەر ڕووخساری ڕێبوارەکە
پرچە ماشوبرنجییەکەی
ترسی مەرگ ڕژاوەتە نێو چاوەکانی
دەیەوێت لەسەر چرپاکەی هەستێت و دەشترسێت
لەو بگرەوبەردەیەدا بیر لە بوونی خۆی دەکاتەوە
بیر لەو باڵندانەی کە بە منداڵی لەژێر ئاودا نوقمی کردبوون،
بۆ ئەوەی چێژ لە مەرگیان وەربگرێت
ڕووناکیی ژوورەکە هێواش هێواش زیاتر دەبێت
پاش چەند چرکەساتێکی دیکە
خۆر لەودیو پەنجەرەکەوە خۆی پێشکەش بە جیهان دەکات
ڕێبوارەکە بیر لە ڕووخساری سیلیسە دەکاتەوە
ئەو ڕووخسارەی کە ڕۆژێک وەک چۆلەکەیەک لە نێو دەستەکانیدا
یاریی پێ دەکرد
بەڵام ئێستا لە کوێیە سیلیسە؟
سەگێک کە جیهان پشتی تێ کردووە
باڵندەیەکی تەزیو کە هیچ هێلانەیەکی نییە
کە جیهان ڕەتی دەکاتەوە
کە زەمەن سەرکۆنەی دەکات
جەستەت گەمارۆم دەدات
هێرشم بۆ دەهێنێت
چاوەکانت جەستە کێوییەکەم ماڵی دەکەن
پرچت ڕاپێچی ئەبەدییەتم دەکات و
لە خەونەکەم بەئاگام دێنێت
ڕووخسارت دەمترسێنێت
وەک کابووسێک گەمارۆم دەدات
ڕووخسارت لە جەنگی خۆم لەگەڵ خۆم ڕزگارم دەکات.

وەک ئەستێرەیەکی تەنیا
کە هیچ ڕووناک ناکاتەوە
وەک گوڵێکی ڕواوی ناو زبڵخانەیەک
وەک چڵەدارێكی شکاو
وەک پەلکەگیایەک کە زەرد هەڵدەگەڕێت
وەک وێنەی ناو گۆمێک کە زەرد هەڵدەگەڕێت
وەک ئەو خەونانەی نابینرێن
وەک شیعری شاعیرێک کە ناخوێنرێتەوە
وەک بریسکەی سەر ڕووبارێک کە هیچ ڕووناک ناکاتەوە
وەک ئارەزووەکانی منداڵێک،
کە بەر لە گەورەبوون دەمرێت
وەک شمشێرێکی ژەنگگرتوو
وەک سەربازێکی تێکشکاو لە جەنگەکان
وەک پەپوولەیەک کە دەیەوێت زیاتر بژی،
بەڵام ناتوانێت
وەک کڵێسایەکی فەرامۆشکراو
وەک جەستەی ژنێک کە هیچ سەرنجێک ڕاناکێشێت
وەک ئاگرێکی فەرامۆشکراو
وەک ئەو بڵێسەیەی لە چارەنووسی خۆی هەڵدێت
وەک شارێکی خاپوورکراو
وەک سەگێکی تەنیا کە جیهان نایگرێتە خۆی
وەک پەیامبەرەکان و نیگای گوماناوی بڕوادارەکان
وەک جەستە پڕ لە ژیانەکەت کە مەرگ خیانەتی لێ دەکات
وەک ئەو دێڕانەی کە نانووسرێن.
چاوە غەمگینەکانت بڕیبووە ئاوی ڕووبارەکە
دەتویست بزانیت ئاخۆ قووڵاییی ڕووبارەکە
دەتوانێت بتخنکێنێت؟
لە پشتەوە کەسێک بە گوێتدا چرپاندی: ژیان و هیچی دیکە،
پاشان تێپەڕی.