مەسیح پاش لەخاچدان

بەدر شاکر سەییاب/شاعیری عێراق

April 4, 2018

بەدر شاکر سەییاب
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ئازاد بەرزنجی

 

پاش ئەوەی دایانگرتم، دەنگی “با”م هاتە گوێ
بە دەم ناڵینێکی درێژەوە گەڵای دارخورماکانی دەچنییەوە
دەنگی هەنگاوەکانیش کە دوور دەکەوتنەوە.
کەواتە برینەکان و ئەو خاچەی بە درێژاییی ئەنگۆر
منیان پێدا داکوتابوو، نەیانکوشتووم. گوێ هەڵدەخەم:
قیژە و گریان بە پێدەشتی بەینی من و شاردا دەگوزەرا
وەک گوریسێ کە کەشتییەک ڕادەکێشێ
کاتێ، بەرەو بنی دەریا ڕۆ دەچێ.
ناڵینەکە چون دەزوولەیەک ڕووناکی بوو
لە نێوانی سپێدە و نیوەشەودا،
لە ئاسمانی غەمناکی زستاندا.
شاریش، بەوەی هەستی پێ دەکرد، سەرخەوی دەشکاند.

 

کاتێ دارتوو دارپرتەقاڵ گوڵ دەردەکا،
کاتێ “جیکۆر” تا سنووری خەیاڵ دەڕوا،
کاتێ سەراپا سەوز دەبێ و بەرامەی گۆرانی دەچڕێ
ئەو خۆرانەش کە لە ڕووناکیی خۆی شیریان پێ دەدا
کاتێ تەنانەت تاریکییشی سەوز دەگەڕێ،
گەرمی خۆی لە دڵم دەسوێ، خوێنم بەناو خاکیدا دەڕوا
دڵم خۆرە، چونکە دڵی خۆر بە ڕووناکی لێ دەدا،
دڵم زەوییە، بە گەنم و گوڵ و ئاوی ڕوون لێ دەدا،
دڵم ئاوە، دڵم گوڵەگەنمە
مەرگی زیندووبوونەوەیە: بەوانە دەژی کە دەیخۆن.
لەو هەویرەدا کە دەیکەنە گونک
وەکو مەمکێکی بچکۆلە پان دەکرێتەوە، وەکو مەمکی ژیان،
بە ئاگر مردم: تاریکاییی قوڕی خۆم سووتاند و خودا مایەوە.
من سەرەتا بووم، لە سەرەتاشدا هەژار.
مردم، تا بە ناوی منەوە نان بخورێ، تا بمڕوێنن لەگەڵ وەرزدا.
چەند ژیان دەژیم: لەناو هەر چاڵێکدا
بوومە ئاییندەیەک، بوومە تۆوێک،
بوومە نەوەیەک لە خەڵک:
خوێنی من وا لە هەموو دڵێکدا
دڵۆپێک یان چەند دڵۆپێک.

 

من بەم جۆرە گەڕامەوە، کاتێ یەهوودا بینیمی ڕەنگی زەرد بوو…
چونکە من نهێنیی ئەو بووم.
سێبەرێکی من بوو، ڕەش داگەڕابوو،
پەیکەری بیرۆکەیەک بوو، وشک هەڵاتبوو و
ڕۆحی تێدا نەمابوو،
ترسا لەوەی مەرگ لە ئاوی چاوانیدا ڕیسوا بکا…
(چاوانی گاشەبەردێکن
گۆڕی خۆی تێدا
لە چاوی خەڵک ڤەشار دەدا)
لە گەرمییەکەی ترسا، لەو مەحاڵەی وا بە سەرییەوە،
بۆیە دەریبڕی.
-“ئەوە تۆیت؟ یان سێبەرەکەی منە سپی بووەتەوە و
وەک ڕووناکییەک پەخش بووەتەوە؟
تۆ لە دنیای مەرگەوە کەوتوویتەوە جمین؟ ئەی مەرگ هەر یەکجار نییە.
باوانمان وایان گوتووە، وایان فێر کردووین،
ئاخۆ ئەوە درۆ بووە؟”
ئەو وەختێک منی بەدی کرد، وەها بە بیریدا هات و
نیگاکەی وەها دووا

 

پێیەک ڕادەکا، پێیەک، پێیەک.
هێندەی نەماوە گۆڕەکە لەو تەپەی پێیانە بڕووخێ.
تۆ بڵێی ئەوان بن هاتبن؟ بێ لەوان کێن؟
پێیەک، پێیەک، پێیەک
گاشەبەردەکەم خستە سەر سینەم
ئەی دوێنێ لە خاچیان نەدام؟… ئەوەتام لە گۆڕەکەمدا.
با بێن- من وام لەناو گۆڕەکەمدا.
کێ دەزانێت کە…؟ کێ دەزانێت؟
ئەی هاوڕێیەکانی یەهوودا؟ کێ باوەڕیان پێ دەکا؟
پێیەک… پێیەک.
ئەوەتام بە ڕووتی لەناو گۆڕە تاریکەکەمدام:
دوێنێ وەکو گومان، وەکو خونچە پێچرابوومەوە،
بەفر لەژێر کفنەکەمدا بوو، گوڵی خوێن خوناوی دەبوو،
وەک سێبەر بووم لە نێوان تاریکی و ڕۆژدا
پاشان وەک چەند گەنجینەیەک خۆمم تەقاندەوە و
چەشنی بەری دارودرەخت ڕووتم کردەوە.
کاتێ گیرفانم کرد بە قۆناغە و سەردەستەکانم بە سەرپۆش،
کاتێ بە گۆشتی لەشی خۆم ئێسکی مناڵانم گەرم کردەوە،
کاتێ زامی خۆم ڕووت کردەوە و زامێکی ترم ساڕێژ کرد
لە نێوانی من و خوادا شوورە هەرەسی هێنا.

سەربازەکان تەنانەت کەوتن بەسەر زام و ترپەکانی دڵیشمدا
کەوتن بەسەر هەموو ئەوانەشدا کە مەرگ نەبوون
ئەگەرچی گۆڕستانیش بوو
کەوتن بەسەرمدا
وەک چۆن پۆلێ مەلی برسی لە پڕێکدا
دەدەن بەسەر دارخومایەکی بەرداری دێیەکی چۆڵدا.

 

گاشەبەردەکەم خستە سەر سینەم/ئەی دوێنێ لە خاچیان نەدام؟

 

چاوی تفەنگەکان ڕێگاکەم دەخۆن،
لەسەر پێن و خەون بەوەوە دەبینن
ئاگر لە خاچەکەم بەردەن،
گەرچی ئەوان لە ئاسن و لە ئاگرن،
لێ گلێنەی چاوەکانی میللەتەکەم
لە ڕووناکیی ئاسمانن، لە یادەوەری و ئەوینن
باری گرانی سەرشانم دادەگرن و

خاچەکەم خوناوی دەبێ،
ئای ئەو مەرگە چەند بچووکە،
مەرگەکەی من، چەندیش مەزنە!

 

پاش ئەوەی بە خاچدا دایانکوتام و چاوم بڕییە شارەکە
خەریک بووم دەشت و شوورە و گۆڕستانەکە نەناسمەوە:
شتێک بوو، تا چاو بڕکا لە دارستانی گوڵ دەچوو
لە هەر قوژبن و سووچێکدا
خاچێک و دایکێکی خەمبار دانیشتووە
پیرۆزە خودایا!
وا شار ژانی گرتووە.