کەواتە دەتەوێ ببیتە نووسەر؟

چارلس بۆکۆوسکی

چارلس بۆکۆوسکی | (١٩٢٠ - ١٩٩٤)

July 4, 2024

چارلس بوکۆوسکی، شاعیر و چیرۆکنووسی ئەمەریکی، لە ١٦ـی ئۆگەستی ١٩٢٠ـدا لە شاری ئاندرناخی ئەڵمانیا لە دایک بووە. لە ڕۆژی ٩ـی مارسی ١٩٩٤ـدا لە لۆس ئەنجیلێس کۆچی دواییی کردووە. نووسینەکانی ئەو بە تەواوی پەیوەست بوون بە فەزای ئەوکاتی لۆس ئەنجیلێسەوە. بە هەزاران شیعر، سەدان چیرۆک، شەش ڕۆمان و زیاد لە پەنجا کتێبی چاپ و بڵاو کردەوە. لە نووسینەکانیدا بایەخ بە زمانێکی بازاڕیی ڕووت و بێئارایشت دەدات. لەسەر گۆڕەکەی نووسراوە: هەوڵ مەدە.

 

 

 

 

کەواتە دەتەوێ ببیتە نووسەر؟
چارلس بوکۆوسکی
کوردییەکەی دانا حەکیم

 

 

 

ئەگەر نووسین لە ناختەوە هەڵنەقوڵا
سەرباری هەموو شتێک،
مەنووسە.
تاکوو خۆبەخۆ لە دڵ و
مێشک و دەم و گەدەتەوە دەرنەیەت،
مەنووسە.
ئەگەر ناچار بوویت بۆ چەند کاتژمێرێک
لە ڕوونمای کۆمپیوتەرەکەت بڕوانی
یانیش بەسەر نووسەنەکەتدا بچەمێیتەوە،
بە دوای وشەدا بگەڕێیت،
مەنووسە.
ئەگەر لە پێناو پارە و ناوبانگ دەنووسیت،
مەنووسە.
ئەگەر بۆ ئەوە دەنووسیت
ژنان بێنە ناو پێخەفەکەتەوە،
مەنووسە.
ئەگەر ناچار بیت دابنیشیت و
دووبارە بنووسیت و بنووسیتەوە،
مەنووسە.
ئەگەر بیرکردنەوە لە نووسینیش بەلاتەوە سەختە،
مەنووسە.
ئەگەر هەوڵ دەدەی وەکو کەسێکی تر
بنووسیت،
لە بیری بکە.

ئەگەر چاوەڕوانیت لە ناختەوە
چەخماخە بدات،
ئەوا پشوودرێژ بە.
ئەگەر هەرگیز لە ناختەوە چەخماخەی نەدا،
خەریکی شتێکی تر بە.
ئەگەر پێویست بوو سەرەتا بۆ ژنەکەتی بخوێنیتەوە
یان بۆ کچەهاوڕێکەت یاخود کوڕەهاوڕێکەت
یان بۆ دایبابت یاخود هەر کەسێک،
ئەوا ئامادە نیت.

وەکو نووسەرانی تر مەبە،
وەکو باقیی هەزاران خەڵکی تر مەبە
کە خۆیان بە نووسەر ناو دەبەن،
ئەوەندە حۆل و بێزارکەر و خۆهەڵكێش مەبە،
هێندە لە خودئەڤینیدا ڕۆ مەچۆ.
پەرتوکخانەکانی جیهان لە تاو
چەندین کەسی وەکو تۆ
بە دەم خەوەوە باوێشک دەدەن،
دەی زیاتری مەکە.
مەنووسە.
تاکوو وەکو فیشەکەشێتە
لە ڕۆحتەوە دەرنەچێت،
تاکوو ئارامی بەرەو شێتبوون
یان خۆکوژی یاخود کوشتن
زەفەرت پێ نەبات،
مەنووسە.
تاکوو خۆرەکەی ناوەوەت
هەناوتی نەسووتاندبێت،
مەنووسە.

کە کاتی خۆی هات و
ئەگەر هەڵبژێردرابوویت،
خۆی دەست پێدەکات و
بەردەوام دەبێت
تا دەمریت یان ئەو لە ناختدا دەمرێ.

هیچ ڕێگەیەکی دیکە نییە و

هەرگیزیش نەبووە.