گۆڕەکە بە گوڵەباغەکەی گوت

ڤیکتۆر هوگۆ | (١٨٠٢ - ١٨٨٥)

ڤیکتۆر هوگۆ | (١٨٠٢ - ١٨٨٥)

January 25, 2025

ڤیکتۆر هوگۆ،  شاعیر و ڕۆمانووس و شانۆنامەنووس و چالاکوانی سیاسی، ساڵی ١٨٠٢ لە فەرەنسا لە دایکبووە، لە دیارترین نووسەرانی سەردەمی ڕمانسیزمە لە فەرەنسا و تەواوی جیهاندا. 
لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا یەکەمین کۆمەڵە شیعری خۆی بڵاو دەکاتەوە. لە تەمەنی ٢١ ساڵیشدا یەکەمین ڕۆمانی بڵاو  دەبێتەوە. 
بە درێژایی م٦٠ ساڵ ئەزموونی نووسینی،  لە زۆرینەی ژانرا و فۆرمەکانی نووسین و ئەدەبیاتدا، بەرهەمی هەیە وتوانایەکی باشی بەسەر هەموویاندا شکاوە.
ڤیکتۆر هوگۆ لە ساڵی ١٨٨٥ لە پاریس، فەرەنسا کۆچیدوایی دەکات.

 

 

 

 

گۆڕەکە بە گوڵەباغەکەی گوت
ڤیکتۆر هوگۆ
کوردییەکەی: زاموا محەمەد

 

 

 

گۆڕەکە، بە گوڵەباغەکەی گوت:
“لەو فرمێسکانەی
بەیان دەیانپرژێنێت بە سەرتدا، چی دروست دەکەیت
ئەی گوڵی ئەوین؟”
گوڵەباغەکە، بە گۆڕەکەی گوت:
“لەو کەسانەی
دەکەونە ناو قۆرتە هەمیشە-کراوەکەتەوە
چی دروست دەکەیت؟”

گوڵەباغەکە گوتی: “ئەی گۆڕی مات،
لەم فرمێسکانە
لە سێبەردا
عەترێک دروست دەکەم
لە کەهرەمان و هەنگوین”.
گۆڕەکە گوتی: “ئەی گوڵەباغی تاسەبار،
لە هەر ڕوحێک کە دەگاتە لام
من لە ئاسماندا
فریشتەیەک دروست دەکەم”.