گەشتنامە

وەدیع شامخ/شاعیری عێراقی

April 27, 2018

وەدیع شامخ، شاعیر و ڕەخنەگری عێراقی، لەدایکبووی بەسڕەیە و لە ئوستورالیا دەژی. – باڵندە

 

 

گەشتنامە
وەدیع شامخ
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ئارام ئیسماعیل

 

 

شوێنەواری کۆنترین خۆشەویستی، وەک دەهۆڵ
بیرەوەرییەکانم دەکوتێت .
منیش لەسەر ڕۆخی دەریایەک ڕاکشاوم… کە گیانمە
کتێبێکی ئاڵۆز لەسەر چیرۆکی پیاوێک دەخوێنمەوە
شەوێک سەردانی شاری کرد و ئیتر نەگەڕایەوە
شێخێک لە پەنا شووراکانیدا مرد
ژنێکی تامەزرۆ بۆ منداڵێک، بە ناچاری مناڵەکەی لەبار برد
شارێک دەمباتە نێو خەونەوە و پاشان کە بێدار دەبمەوە جێم دەهێڵێت
هەر ئەوەیە وا دەکات بیناسمەوە و بە خۆڕاگری بیبینم
شوێنەواری چەندین خۆشەویستی، وەک ئەوەی بە پێی پەتی لەنێو لمدا تلابێتنەوە …
ئەو ڕۆژەی فەرهەنگێکی بۆ پەیڤەکانم جێ هێشت و یاسایەکیش بۆ بیرەوەرییەکانم، ڕۆژمێرێکیشی بۆ کاتەکانم مەیسەر کرد.
وەک گرانەتا پەلاماری دام و
وەک سۆزانییەک کە بەهای شەوێکی پڕ لە قاوقیژی خۆی بە مفتی وەرگرتبێت، جێی هێشتم .
حکایەتخوانەکانیش سەرسووڕمانی خۆیان لەسەر کاغەزی بیرەوەرییەکانم و لاپەڕەی شار، تۆمار کرد و جێیان هێشتین و دیار نەمان .

 

کێ لەو کەسانەی لەگەڵ تارمایییەکاندا ئێشکچییە
ئەم شەوە هەڵدەسەنگێنێت؟
چیرۆکەکە هێندەی درێژیی شووراکان نییە !
حیکایەتخوان هەواڵی… زمانی چیرۆکەکە و جێگای ڕوودانەکەی و کاتی گردبوونەوەی لەنێو نووسینەکەدا نادرکێنێت .
ئەم نهێنییە وەک دڵێک وایە لە چۆڵەوانییەکدا بە پەلەپەل لێ بدا و خوێنی لێ بچۆڕێت
وەک ئەو جەنگاوەرە نەبەرد و جوامێرە وایە
لە پاشەملە قسە لەسەر وشکبوونەوەی خوێنەکەی دەکریت .
بۆچی پیاوەکە جێی هێشتین؟
بۆچی شووراکان بەسەر سەروگوێلاکی شێتەکاندا ڕووخان؟
کوان نەشتەرە تیژەکان …
پاسەوان و شار لە کوێن…
تاعوون قڕی کردوون .

 

شوێنەواری شار، لە یادەوەریمدا ڕۆ نیشتووە و وڕێنەم پێ دەکات
سەرۆکی پۆلیس لە بازاڕە کۆنەکەدا، نهێنیی ڕێگەکەمان،
بێئابڕووانە بۆ هەڵخەڵەتاندنێکی تر دەفرۆشێت .
خاوەن بڕیار فەرمانی بەتاڵکردنەوەی
(مەرجی خوێن) بڵاو دەکاتەوە .
ئیتر ئەوە بوو…
دەرگاکان نهێنییەکانیان نەپاراست،
شووراکانیش ناوگەڵیان کردەوە بۆ ئەوانەی مەیلیان لێیەتی .
ئا بەو جۆرە چیرۆکی ئەو پیاوە دەخوێنمەوە
کە بە دانایییەکی بێوێنەوە ئێرەی جێ هێشت
ئێستا دڵنیایییەک نییە بۆ چیرۆک و حیکایەتخوانەکانیش سەرخۆشن .
دوودڵی قنج ڕاوەستاوە و گومان تاجی خۆی دەوێت
چیرۆکەکە ئاڵۆزتر بووە، منیش بە شوێن نهێنیی شێخدا دەگەڕێم کە بە سەهوو مرد .
عاشقەکە لە خەونەکەیدا گوتی :
ئەو شارەم بینی کە لێرەدایە
ناو و وشە و لێوی هەیە
شوورا، حیکایەتخوان، پاسەوانی شمشێربەدەستی خۆی هەیە .
گومانم هەیە لەسەر ئەوەی کە ڕەچەڵەکیان بگەرێتەوە بۆ شکۆمەندییەک .
سۆزانییەکە جلێکی نیمچەڕووتی شێوەکریستاڵیی لە بەردا بوو گوتی :
ئەو ڕۆژەی چووم بۆ لای بە زمانێکی نەرمونیان لەگەڵم دەدوا و زۆر بە ڕاشکاوانە خەڵاتێکی پێ بەخشیم
ئای چەندە لە ئاستمدا دەستبڵاو بوو.
عەرەبانچییەکە گوتی :
ئەم سامانە زۆروزەوەندەم لە باوانی ئەم شارەوە بۆ ماوەتەوە و
گوتی و… گوتی… و گوتیان :
ئێسکوپرووسکی شایەتحاڵەکان لەسەر ڕووی لاپەڕەکە کەڵەکە بوون .
ئەو شارەی ئاوسابوو ڕیشەی دەرهێنرا
شایەتەکە لە پەنای شوورای شاردا
مەلۆتکەکەی لەبار چوو .
شوێنەوارەکان لە بەردەمی، پێیە زامدار و شەقاربووەکاندا
لەناو دەچن و
دوکانەکان بەرەوڕووی داگیرکەرە تازەکاندا کڵۆم دەدرێن و دادەخرێن .
دڵم دەلەرزێت بەرامبەر ڕۆژژمێر و حیکایەتخوانە تازەکان .
هیچ شوێنەوارێکی ئەوانم لە خەیاڵدا نییە و
هیچ ئیمزایەکیشیان بەسەر لاپەڕەکانی شارەوە جێ نەماوە .
هیچ خۆشەویستییەکیان بە مێژووی عەشقەوە نەلکاوە .

 

ئا بەو جۆرە بوو چیرۆکەکە داخرا …
ئاوی بۆگەن لە شووشەی مەرەکەبی حیکایەتخوانەکەدایە
شاری درۆزن
نیشتیمانی درۆزن
پاڵەوانی درۆزن
چیرۆکی درۆزن
تاکەکەسێک، ڕووتوقووتیی خۆی بە ویژدانێکی ئەرخەوانییەوە نووسییەوە؛ سۆزانییەکە بوو .
هەموومان گڵاوین، سیمای نەفرەتیبوونمان بە تەوێڵمانەوەیە .
هەر شووراکانن پەیان بە نهێنییەکان بردووە
هەر شوێنەوارەکانن بە کۆڵێک سەرسووڕمانەوە دڵە بریندارەکەم دەکولێننەوە .
ئاوا جەستەم جێ هێشت و بە شانازییەوە بووم بە قوربانی .
دڵیشم لەبەر چاوی هەموان و بە ئاشکرا لە لێدان کەوت .
لە بازاڕی تازەی شاردا… گۆڕەپانی خەنجەرەکان چۆڵ و بەتاڵن… وەک لێشاوی ژەنگێکی خەستە .
کێ ئاڵوگۆڕی مۆتەکەکانم لەگەڵدا دەکات؟
کێ بۆ لێکۆڵینەوە لە زمانی خەون هاوکارمان دەبێت؟
کە ڕەپەوڕوو بەدەمدا کەوتووین .
بەو نیازەی زەردەخەنەیەکتان بۆ بکەن، دەبنە میراتگری نیوەی ئەو پڕوپاگەندانەی بۆ کوشتنمان دەکرێت… لە تەنیشتی شووراکانی شارەکەتانەوە .
ئەو شارەی خەمڵیوە بە هەوایەکی قورس و مۆتەکەی دووبارە-بۆ-گەڕاوە .
شوێنەواری دڵی کۆنم …
لە دەرگام دەدات، بەشی سەرەکیی چیرۆکەکە
تێکەڵەیەکە لە خۆڵ و ئەوانەی دەشوبهێن بەوان
وەک تاوانێکی دوورودرێژ، شەڕەکانی لە دوای خۆیەوە جێ هێشت…
دەی ئیتر چۆن چیرۆکەکە چاک بکەمەوە و
بێمەوە ئەو شوێنەی پێشتر لێی بووم و خوێندنەوەیەکی تر بۆ دنیابینیی سەفەرنامەکان بگەڕێنمەوە؟
-شارێک… کتێبە
تاقەشارێکە… ئێمە بە ڕووتییش لەنێویدا بەحورمەتین
ئەو شارەی خەون تێیدا… مردنە
ئێمە بەردی بناغەکەین و
ئەو ڕێیەی کە تەنیا لەوێوە دەتوانین هەناسەیەک هەڵمژین وێران کرا