وارد بەدر ئەلسالم، شاعیر، ڕەخنەگر و ڕۆماننووسی عێراقی، لە ١ـی جووڵای ١٩٥٦ـدا لە بەسڕە لە دایک بووە. ئەو بە هۆی کێشەیەکەوە ماوەیەک لە گرتووخانەی عوێر لە دوبەی دەستبەسەر بووە، ئەم شیعرەشی لە زیندان نووسیوە. تەمەنی ٦٢ـساڵە و بیرکردنەوە لە مەرگ بووەتە بەشێک لە ئەدەبیاتە شیعرییەکەی. بەو بۆنەیەوە ئەم شیعرەی لێوڕێژە لە مەرگ، مەرگی هەموو شتێک، هەموو لایەک و هەموو هەبوونێک. ئەو لە هەر شتێکدا، مەرگی ئەو شتە دەبینێت. وەک بڵێی لە بەندیخانەدا ئەمە تاقەشتێک بێت کە زەینی ئەوی جەنجاڵ کردبێت. ئەو شیعرەی لێرەدا کراوە بە کوردی، کە لە ٢٣ تێکست یان بەش پێک هاتووە، دواشیعری ئەوە، کە خۆی بۆ وەرگێڕی ناردووە و هەر لەسەر ڕەزامەندیی خۆی بە کوردی کراوە. بەم بۆنەیەوە دەبێتە سەرچاوەیەکی بەپێز بۆ ناسینی شیعر و دنیای وارد بەدر. – ماڵپەڕی باڵندە
بەسەر جەستەمدا كڕ كەوتووم، بیر دەكەمەوە و دەگریم!
وارد بەدر ئەلسالم
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: زانیار عەلی
هەموان دەمرن
پادشا و گوێدرێژ و من.
پادشا؛ لە وەڕسبوونی.
گوێدرێژ؛ لە برسێتیی،
منیش؛ لە خۆشەویستیدا!ژاك پریڤێر
لە كۆتاییی دیمەنەكەدا كەس نامێنێت
لە زینداندا ڕۆح دەمرێت و
لە خۆشەویستیدا جەستە!
١
جگە لە من، كەس لەم پێدەشتە نەمایەوە.
تەنیا وەك كارمامزێكی بریندار،
وەك بایەك، كە ڕووەو با دەچێت.
لە كۆتاییی ئەم تونێلە،
جگە لە تۆ كەس نەمایەوە:
تۆ بۆ من، نیشانەی مانەوەیت.
وێنەیەك لەو گەلەوێنەیەی دوایادگارییمان،
دەنێو تاریكیدا مایەوە و
لەو دیمەنەیشدا، ترس و تۆقین دەردەكەون.
منیش، لە نێوان خۆم و خۆمدا پەنگم خواردووە و
چاوەڕوانی تۆم:
پێش نووسینی كۆتایی
ئاگرێكی زیتەڵی كز،
زەمەنی زیندانیكراوم، لە نێوان دیوارە زیندانیكراوەكاندا دەیهێڵێتەوە.
بەڵام…
لە كۆتاییدا، بەلەمەكان چارۆكەكانیان دەپێچنەوە و
وەك كەف، لە زەریاكەدا نغرۆ دەبن.
باڵندەكان پێش خۆرئاوابوون،
لە چریكە و ئاوازەكانیان دەكەون/
وەك خاڵی ڕەشی پشت دەلاقەی ژوورێك،
گرمۆڵە دەبن.
گڤەی با،
وەك ناڵەی دوو جەستەی مردوو حەسر دەبێت،
ئێمەیش،
جلی مەرگ بەسەر تەنافی ژیانەوە هەڵدەواسین!
■
٢
لە كۆتاییدا هەموومان دەمرین،
من و تۆ،
یان تۆ و من/
دەنگی كۆتری نێو ڕەوەكۆتری باخ و مەزراكان/ دەلاقەی ژوور/ كۆتری برسیی سەر باڵەكۆنە/ قەلەڕەشی كێڵگە/ قاپ و كەلوپەلی ناندین/ كەوچكی خەیاڵ!/ تانكە بكوژەكانی سەرۆك/ یەخەی كراسە ڕەشەكە/ زایەڵەی یەخسیری دڵی لاوەكان/ دارۆچكەی خەمباری ڕەیحانە/ مۆبایلی ئایفۆن/ ئۆتۆمبێلە نوێیەكەت/ هۆتێلە بەرزە ڕەنگزەردەكەت/ شەقەی باڵی باڵندەكان/ گەلەگورگ/ شاخی كەڵەگەت/ زەریای قووڵ/ بای پڕ خۆڵ و گەرد/ ئەسپ/ بووك/ تابووت/ بێهوودەیی/ مێژوو/ قوربانی/ خۆڵ/ برین/ ئێسكەپەیكەرە زیندووەكان/ پاڵەوانان، بە ئاڵای سووری بەر بەرۆكیان/ ترسنۆكان، بە ئاڵا ڕەشەكانیان/ لقی دارخورما/ شەپۆلی شینی ئەویندار/ زمان/ پانتۆڵە كاوبۆییە بە-چڵەگەنم-چنراوەكەت/ كۆڵوانە ئاوریشمییەكەت/ میوەی پێڕاگەییشتووی باخ/ تووتڕكی ئاڵی لێوانت/ گوڵەلیمۆی ژێر جێخەوەكەت!
بە شەرمەوە دەمرین/ ڕووتوقووت/ جگە لە سێبەری پیرەدارخورمایەك، هیچ شتێك دامانناپۆشێت/ لەم ژیانە، بێ لە جلێكی كونتێبوو، خاوەنی هیچی دیكە نیین/ هەڵۆكان،
لەو ئاسمانەدا گۆڕی خۆیان هەڵدەكەنن، لەژێر پەڕی ڕەشیاندا، شەقژن شەقژن دەمرن!/
پێش سپێدان، یان لە نیوەڕۆیەكی گەرم،
یان پێش نیوەشەو دەمرین/
كاتێك ژیان،
لە ئەوكی نەی’دا وشك هەڵدێت،
یان گوڵەكان لە دێڕی هۆنراوەكاندا
سیس دەبن،
كات هیچ گرنگییەكی نییە/
حیكمەتی گۆرانی هەر ئەوەیە،
كاتێك وەك كەف،
لە گۆڕەپانی بەرپێتدا شیتەڵ دەبێت!
■
٣
بە نسبەت منەوە،
حەزم بە مردنی ژێر بارانە/
لەوانەیە لاشەم پێش ناشتنی،
گوڵ بگرێت و
مردووەكانی ئەوێ لێی بخۆن.
لەوانەیە ناوی تۆ،
لە كۆتاچركەدا بەئەمەكانە بەر ببێتەوە،
هەتا ئاوێنەكانی ڕۆح بیگرنەوە!
لەوانەیە تۆ،
پاش نیوەڕوانێك،
لەژێر خۆرێكی ڕووتوقووتدا بمریت و نەتبینم/
بەڵام هەموومان،
لە گۆڕستانی نامۆكان،
ڕووت و تەنیا وەك تاوانە هەرەگەورەكان،
دەمرین و سەر دەنێینەوە!
■
٤
گشتمان بەرەو ڕاڕەوەكە مل دەنێین؛
من، تۆ، ژنەی كوێری هاوماڵمان، خاتوونی خاوەن ماڵ،
پیرەبانگبێژی مزگەوت،
كاكی خەوننێژ، منداڵانی گەڕەك و كووپی تەنیای قاوە.
هەموومان بەرەو مەرگ هەنگاو هەڵدەگرین؛
من، تۆ، خوشكە قەیرەكەم/
باڵندەی شینی چون نەی/
لەگەڵ ژنێك كە شەیدای ژیانە؛
لە تۆ دەچێت.
پشیلە ماڵییەكە،
ئاگردانە تیندراوەكە و
پانكە خاووخلیچكەكەی ژووری میوان؛
هەموویان دەمرن!
جێخەوەكە بەبێ هەناسەیەكی سۆزدارانە دەمرێت/
چاوەڕوانی، تەنیا و ترساو دەمرێت.
وێنەكان، لە ئەلبوومی وێنەكان هەڵدێن،
پەنجەرەكان، لە دەلاقەی ژوورەكە ڕادەكەن،
هەورەكان، لە گەواڵەهەورەكانی دیكە خۆیان قوتار دەكەن.
باران، لە باران ڕادەكات!
هەژار و بەلەنگازەكان،
بەر لە سەنگین و خانەدانەكان دەمرن/
سەركەوتن، پێش شكست دەمرێت/
قامكەكانم، پێش ئەوانەی تۆ دەمرن/
من و تۆیش،
ژیان لە توێی كفنێكی سپیدا دەپێچینەوە و
دەیبەینە باوەشی تۆپەڵەخۆڵێك و
گۆرێكی تەسكدا!
■
٥
ئازادی پێش ئەوەی پێ بگات، دەمرێت/
نانی بەیانییش دەمرێت/
بێوەژنە تەنیاكە،
چای ئێواران،
گوڵەپرتەقاڵ و
قۆپچەی كراسەكان؛
هەموو خۆیان دەڕازێننەوە!
هەموو شتێك دەمرێت و
وەك ئەوەی هەر بوونی نەبووبێت،
وەك ئەوەی هەر بوونت نەبووبێت؛
هەرەس دێنێت.
تەنانەت یادەوەرییەكانیشت دەمرن.
■
٦
نووستووم و سێوێكم لەژێر سەر ناوە.
پێڵاوە سوورەكەت لەژێر مێزەكە/
لەسەر دیوارەكە، وێنەی مردوویەك هەڵواسراوە؛
ئاژۆتەرێكی سەرخۆشە/
نانێك، مشكێكی خەملەدڵ لایەكی خواردووە/
پیرەپشیلەیەكی كوێر/
شووشەیەكی بەتاڵی مەی.
ئاژۆتەرە سەرخۆشەكە، لە دوورەپەرێزییەكەی دێتە دەرەوە و بەرەو ڕووم دێت/
باسی ژیانە پڕ مەینەتییەكەیم بۆ دەكات/
جامێك لەنێو دەستیدایە،
مێشێكی تۆپیو لە بنیدا ئارام ئارام نیشتووەتەوە،
باسی كۆمەڵێك مێشوولەی زۆرم بۆ دەكات!/
مەرگێكیش، باڵی بەسەر ماسوولكەكانیدا ڕاشەكاندووە.
پیرەی ئاژۆتەر دێتە گۆ:
ئێمەی سەرخۆشان، دەمرین و نامرین.
بەرسڤی دەدەمەوە:
پیری ئاخرشەڕ، مێشوولە و جامەكەت هەڵگرە و بڕۆ،
هەمدیس بچۆرەوە نێو تابلۆكە!
■
٧
داهۆڵێك ئاگر قووت دەدات و نامرێت: تۆ.
بەڵام تۆیش،
لە نێوان ئەم دوو لێوە وشكهەڵهاتووەم،
لە نێوان دوو درەختی وەڕسدا:
دەمریت.
تا بزانیت درەختەكان ڕابردوون و
دوو لێوی من،
پرتەوبۆڵەی سەر لێوی تۆن،
تەنانەت لە دواساتی ژیانیشدا!
ئەوین لە كۆتاییی ئەم چیرۆكەدا دەمرێت.
تۆیش بەبێ بۆن، دەمریت/
بۆن ئەو شەوە مرد،
كاتێك لە نێوان مەمكانت،
وشك هەڵهات!
من، پێش ئەوەی دواڕۆمانم تەواو بكەم، دەمرم.
گۆڕێكی تەنیا،
ڕۆندكێكی ساردی تەنیا،
قەدەری من دەبێت.
لە گۆڕی دواڕۆمانمدا،
تەنیا دەمرم.
كانییە لەبەرڕۆیشتووەكە دەمرێت/
درەختەكان لە كڕنووشدا دەمرن/
با، كە دەخنكێت، دەمرێت.
زەریاكە بێ شەپۆل دەمرێت/
خێوەكان بەدەم سەماوە دەمرن/
گۆرانیبێژان، بەبێ ئامادەبووان، دەمرن.
گێژەڵووكە، یادەوەرییە تەنیاكە و
چاوە جوانەكانت دەمرن.
■
٨
كارینا كاپوور ستران دەچڕێت
“دوای نیوەشەو پیاوێكم دەوێت!”،
بەڵام پێش نیوەشەو دەمرێت/
حەز و جوانی و جەستە بێوێنەكەی دەمرێت/
هیچ پیاوێكیش،
دوای نیوەشەو ناگاتە لای.
تۆیش دەڵێیت:
“پێش نیوەشەو تۆم دەوێت!”،
بەڵام من،
هەموو كاتێك تۆم دەوێت،
پێش ئەوەی لەسەر جەستەتدا،
سەر بنێمەوە!/
دەمهەوێت كات و مەرگ تیرۆر بكەم/
چونكە دەزانم،
هەموومان لە كۆتاییی ئەم ڕۆمانەدا دەمرین؛
من، تۆ و
ئەو ئامادەبووانەی گێژانە چەپڵە لێ دەدەن!/
گۆڕستانەكان دەمرن،
وشە، تابلۆ، قەسیدە،
شاعیرە میللییەكان و
تەنانەت مردووەكانیش، دەمرن!
خەندە، بەدەم گریانەوە دەمرێت!
تۆیش وەك جلێكی شڕی كونتێبوو، دەمریت/
بەو جوانییەتەوە دەمریت و
وەك مشتەخۆڵێك،
دەنێو خاكدا شیتەڵ دەبیت/
هەموو دەمرن:
دراوی نێو جزدانەكەت/
خانووی ڕەنگڕێژ بە تابلۆی قەشەنگ/
هەوری گیرخواردووی نێو ئاسمان/
ئاوێنە خۆڵ-لەسەرنیشتووەكان/
خەونە خۆڵەمێشییەكان/
خەونی منداڵی/
بیر و قسە شێتانەكان/
قەسیدە درۆزنەكان/
فەیلەسووفەكان/
جەردەی نێو قاوەخانەكان/
بەهرەوەرانی سێرك/
مردووە هاوچەرخەكان/
پەڕەسێلك/
گێڕەرەوە پڕ وەهمەكان/
كیمیاگەران/
سۆنە، لەسەر گەندەمووە ڕەشە ناسكەكانی برژانگت دەمرێت.
مەیگێڕ، لقی درەخت،
گوڵی سەر ڕاخەرەكان،
تەنافی جلهەڵواسین،
هەموویان دەمرن!
لە كۆتاییی ئەم ژینەدا،
نەمری دەمرێت!
پێ، لە پێشبڕكێكی ڕاكردنەكەدا شەكەت دەبێت،
تا دەمرێت.
شۆستە، پێڵاو، شوێنپێ، هەنسكەكان،
زیندانییان، فرمێسك، ئازار، تاوان، پەنجەمۆر،
پریاسكەی نێو چاوان، ترپەی دڵ، هەڵلەرزین:
بێڕەحمانە هەموویان دەمرن!/
بەربژێر، وەزیر، پەرلەمانتارە مەزهەبگەراكان،
جەنگ، تەقینەوە، ئۆباما، ترەمپ، سلێمان پاشا،
گۆڕهەڵكەن، دڵهەڵكەن، شەبقەی خانمان، سمێڵە بابڕەكان، مەرد، ترسنۆك، كارگوزارە شۆخوشەنگەكان، تاتۆی سەر سینگ، هەموو،
هەموویان دەمرن!
سووری ئاڵ و سپیی كاڵ دەمرێت،
تا كۆتاماڵۆچكەی ئەم دونیایە، تەنیا ڕەش دەمێنێتەوە!
كڵێساكان، زەنگ لێ دەدەن و دەمرن/ مزگەوتەكان لە سەروەختی بانگدا دەمرن/
خراپ، چاكە، تاوان،
پڕوپاگەندەی ئایینی، گشتیان دەمرن.
دواجار تەنێ خۆڵەمێشییەكی مەیلەوڕەش دەمێنێتەوە،
بە ئاسمانی خەونی ئێمەوە،
وەك باڵندە لە شەقەی باڵ دەدات!
تەقینەوە
لێو
كات
شوێن
جەستە
قەترەباران
ژمارەی تەلەفۆنەكان:
هەموویان دەمرن!
هاوڕێ دڵسۆزەكانیشم دەمرن و
گەندەخەو و خەونەكانیان،
لەگەڵ خۆیان دەبەنە ژێر گڵ!
■
٩
شاعیرەكان
لەسەر سینگی قەسیدە دەمرن!
■
١٠
پێش سپێدە،
پێنجشەممان دەمرێت/
ئەو دەمە لە كۆتاییی حەفتەدا،
بەبێ ڕۆژی هەینی و
بانگبێژێكی دەمبەهاوار
خۆت دەدۆزیتەوە/
هەموو ڕۆژانی پێنجشەممە
لەژێر عەباكەتدا مرد/
مێروولەكان دەمرن؛
وەك چۆن سەردارانی بەهاری ڕەش مردن/
پێش پەتی سێدارە مردن و
دوای ئەوانیش،
بكوژەكان مردن/
ژووری دادگەكان مردن/
تەنێ خێوگەلێكی ترسناك مانەوە،
دەوراندەوری برژانگە درێژەكەتیان داوە و
سەما دەكەن!
ئەو ئامێری ملپەڕێنە،
پێش ئەوەی ملی دەرگەوانی دڵت بپەڕێنێت،
ملی خۆی پەڕاند!
لە كۆتاییی ئەم ڕاڕەوەدا،
نە من، نە تۆ،
نە گوێدرێژی مەزراكان،
كەسمان نامێنین.
■
١١
بەسەر جەستەمدا كڕ كەوتووم و بیر دەكەمەوە/
لە خۆم ڕادەمێنم/
لە چواردەورم هێدی هێدی جیهان هەرەس دێنێت،
وەك مێزێكی كۆن،
كە لەسەریدا مێشوولەیەك و تۆپەڵەقوڕێك نیشتوونەتەوە!/
لە بەرانبەرم،
كاغەزێكی ڕەش هەیە،
نووسین تێیدا دیار نییە/
دوێتەكەم هێندە ڕەشە،
تەنیا ڕەشاییی مەرگ دەیبینێت!
تۆ ترپەی دڵم ڕادەگریت و
منیش هیی تۆ/
چونكە وا پێ دەچێت لە هەمان كاتدا بمرین/
لە ناكاو شی دەبینەوە/
زەمەن دەمرێت/
مەرگ دەمرێت/
مانەوە دەمرێت و نەمری گڕی تێ بەر دەبێت:
نەمری وەك گەمە وایە.
گلگامش زۆر خەیاڵپڵاو،
زۆر گەمژە،
زۆر ترسنۆك بوو:
گەمژە وەك كەروێشكێك/
كاتێك خەو زۆری بۆ هێنا،
گیای نەمریی لێ ون بوو؛
لە كاتێكدا ئەنكیدۆ،
خۆی خزاندە مەیخانەیەكەوە و
مەی نەمریی هەڵقوراند!
گلگامش گێل و گەمژە بوو/
تۆیش ئەو گیایەی،
لە شەوێكدا لێی بزر بوو/
ئەنكیدۆ دەژی و
گلگامشی گەمژەیش دەمرێت!
■
١٢
بێگومان كاتێك دەمرم، هیچ دڵخۆش نابم/ غەریبیت دەكەم و دەگریم/
غەریبیی وشە ئاوریشمئاساكانت دەكەم،
كە لە زارتەوە دێنە دەرێ/
غەریبیی چاوی وەك قاوەت دەكەم/
غەریبیی بۆنە خانمانە بێهۆشكەرەكەت دەكەم/
پێش مەرگ زۆرم خۆش ویستی،
دوای مەرگ زیاتر خۆشم دەوێیت!
لەم كۆتایییە تاڵەدا كەس نامێنێتەوە:
من و تۆ/
گوڵی مانۆلیا/
چەپكەگوڵی یاسەمین/
سەگی زەریا/
پشیلە مووڕەشە ناسكەكەیشت/
بۆنەكەت دەمرێت/
خۆیشت دەمریت و
جگە لە ئینجانەیەكی شكاو و
كتێبێكی دڕاو،
هیچ نابەیتە نێو گڵكۆوە!
■
١٣
بەسەر جەستەمدا كڕ كەوتووم و دەگریم.
پێش كەمێك قەڵەمەكەم مرد/
كراسەكەم مرد/
خەیاڵ و جوانی مردن/
پەیڤ، بەر لەوەی بخزێتە باوەشی دێڕێكەوە؛
مرد!
ئەسپ، پێش گالیسكەكەی دەمرێت/
گوڵەجۆیەكە پێش ناشتنی دەمرێت/
خۆرئاوا، پێش خۆرهەڵات دەمرێت/
زمان، خوازە، كێش، سەروا،
عەرووز، زێڕ، زیو، هەڵچوون،
چاك، خراپ، هەموویان دەمرن!
■
١٤
گەر دونیا مێیینە بوایە،
ڕووی مێژوو دەگۆڕا.
بەڵام چونكە دونیا مێیینە نییە،
بۆیە هەموومان دەمرین:
من
تۆ
نانەواچییەكە
ئەوین
كارەكەری ماڵ
سیگار
مەی نێو مەمكت!
■
١٥
ڕۆندكم لەژێر پێڵاوەكەم جۆگەلەی بەستووە/
لە قووڵاییی گۆڕەكەمدا،
پەنجە درێژەكانی تۆ،
پەنجە ڕەشئەسمەرەكانی من،
دەردەكەون/
پەنجەكانم توند بگرە و بیبە گۆڕی قەسیدەوە/
لەوێ، لەنێو مەمكەكانتی دابنێ،
با لە لەرزین بكەوێت/
ئەدۆنیس هەنووكە دەژی/
پێڵاو لەسەر ئەم عەردە بێكەڵكە و
شمك لەسەر كاغەز بێسوودە و
قەڵەم لە نێوان لێوەكانت بێهوودەیە/
گەر دونیا مێیینە بوایە،
تەنانەت شێوەی گۆڕەكانیش دەگۆڕان!
■
١٦
مارلین مۆنرۆ بە شەرمەوە لە گۆڕەكەی نووسی
“خۆشەویستم بە ماچێك هێزی لێ بڕیم!”
منیش لە گۆڕەكەی خۆمەوە بەرسڤم دایەوە
“خۆشەویستم بە ماچێك هێزی وەبەر هێنام!”
پاشان مردین:
من و مارلین مۆنرۆ و
ماچە تەنیاكە!
■
١٧
مخابن:
وەك برژانگێكی دەستكرد، كە خۆر لە چاوی نابێت، دەمریت.
گۆڕێكی وەڕس و خۆڵێكی خۆڵەمێشی،
دەبێتە دواماڵۆچكەی دونیات.
جگە لە خۆت،
كەس نابەیتە نێو گۆڕەوە!
■
١٨
شتەكە وەك قووتدانی پارچەشووشەیەكی شكاو،
وەك هەڵقوڕاندنی زەریایەك وایە.
تۆ ڕوویەكی برینیت و
كورتكراوەی ئێشوژانی.
تۆ…
تۆ ژیانی ئەبەدیی پیرەمەیخانەیەكی دوورەدەستی!
جارێك پرسیاری خۆمم لە تۆ كرد/
تۆ پرسیاری خۆتت لێ نەكردم.
وەك بڵێی لە شوێنێكی دیكە جێ ماویت/
لە بەردەممدا دیوارێك هەیە،
كاتێك لێی دەنۆڕم،
ڕوو وەردەگێڕێت،
خۆمی تێدا نابینمەوە!/
زیندانییەكە خۆی نابینێت/
لە زینداندا ئاوێنە نییە:
بۆ ئەوەی بە شەرمەوە لە خۆمان نەنۆڕین!/
زیندانەكان بێ ئاوێنەن/
دیوار بووەتە ئاوێنە/
ڕوومەتی تۆ لە جێیەكی دیكەیە/
ئەویندارەكە تۆ جێ ناهێڵێت:
چونكە ڕووی تۆ بەرانبەریەتی/
دەرگەی خەیاڵ دەكەیتەوە!
■
٢٠
فرمێسكی پیاوان كارەساتبارە/
لە زینداندا:
نوێژكەر، دز، عاشقە دڵشكاوەكان،
بانكبڕەكانیش هەن/
دزگەلێكی لێیە،
كلی چاوتیان دزیوە/
بەڵام عاشقەكانی نێو زیندان جیاوازن:
ئەوان لە نێوان نوێژكەر و دزەكاندان!
■
٢١
بۆ نموونە،
چڵێك ببە و لە نێوان پەنجەكانت بینێژە/
بۆ نموونەیەكی تر،
دوای باران وەرە/
دەبینیت چڵی نێژراوی نێو پەنجەكانت،
هەڵی داوە و بووەتە درەخت!/
پەنجەكانیشت،
كۆمەڵەدرەختێكن، توانای گڕگرتنیان نییە!/
باران وەك ئەفیوون وایە:
لەگەڵ خۆیدا بۆ دوور دەتبات،
فڕێت دەداتە نێو قووڵایییتەوە!
■
٢٢
وەك تۆ،
هەردوو چاوم دەنووقێنم و
تا هەتایە،
دەنێو تاریكیدا مەلە دەكەم/
لەنێو گۆڕدا،
نینۆك و ڕیشە سپییەكەم درێژ بوون/
گۆڕەكانمان لە شێوەدا وەكوو یەكن،
بەڵام لە ناواخندا جیاوازن:
گۆڕی مێیینە پەمەیی و
هیی ئێمەیش ڕەش!/
لەمێژە گۆڕ بەم جۆرە هەڵكەوتووە/
لەو ساتەوەی سێوی تاوانمان خوارد و
لە بەهەشتی ونبوو هاتینە دەرێ و
فڕێ دراینە ئەم دۆزەخی ژیانەوە:
گۆڕەكان بڕیاریان داوە وا بن!/
گوڵەجۆیە كرتێنراوەكە مرد و هیشك هەڵهات،
بەڵام تۆ وا نابیت/
مەرگ نیشانەیەكی پڕ ڕازی ئەبەدییە/
ڕۆحی تۆ بە من نامۆیە،
هەربۆیە تەنێ لە گێژەڵووكێكی ڕەش و جێیەكی شیندا،
قەدەر وا بوو تەنیا جارێك یەك ببینین!
■
٢٣
لە زیندان زۆر بیرم كردی.
ئێستە لە داڵانەكە وەستاویت،
بە یاسەمین خۆت دەڕازێنیتەوە،
دڵۆپەباران دەدزیت،
لە بۆنی خۆت، نانی باڵندەكان دەدەیت.
ئێستە وەك نەی دەناڵێنیت،
هەنووكە بووی بە پێنووسێك و بە خاتری من دەپەیڤیت،
وەكوو هەورێك لە ئاسماندا باڵ دەگریت.
ئێستە بۆنی زەریاكان لە بەرۆكت دەدەیت،
لەسەر شەپۆلێك نوێژ دەكەیت،
هەنووكە ڕادەمێنیت،
لەبەر من ڕووەو ئاسمان هەنگاو هەڵدەگریت.
ئێستەیش دەگەڕێیتەوە ماڵەوە و
هۆن هۆن دەگریت!
دوبەی – زیندانی عوێر
١٣/٤/٢٠١٨