ئەمە شیعرێکی نوێی وارد بەدر شاعیری عێراقییە، کە تایبەت بۆ (ماڵپەڕی باڵندە) ناردوویەتی. شیعرەکە بە پێکەنین کۆتایی دێت، کە پێشتر بە شار دەستی پێ کردووە. شارێک کە نان و خوێن پێکەوە لەسەر سفرەن، بەڵام کەسێک هەیە، یان درکێک هەیە، کە پێکەنینی بەم وێرانییە دێت. شارەکانی عێراق لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا نموونەی ژیانەکەی نێو ئەم شیعرە بوون/هەن، بەڵام ئەو ناوێک لەم شارە نانێت، تا دەنگی شیعریی هەر شارێک بێت، کە لەژێر سێبەری جەنگدا، دەیەوێت بە ڕووناکی بمێنێتەوە. – ماڵپەڕی باڵندە
كە گەیشتینە شار، كەس پێشوازیی لێ نەكردین
وارد بەدر ئەلسالم
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: زانیار عەلی
١
كە گەیشتینە شار/ كەس پێشوازیی لێ نەكردین.
جگە لە كچەمەیگێڕی باڕەكە نەبێت (قژزەردێك بوو وەكوو هەنگوین) و
ئاژۆتەری تاكسییەكە (لە بەیانییەوە گوێ بۆ دەنگی فەیرووز ڕادەدێرێت) و
سەگێكی ونبوو (لە شەڕێكی كۆندا كلكی قرتابوو.)
٢
لەو شارەدا؛
جگە لە پاسێك و كیژەقوتابییەكانی نێوی و
دوو پۆلیس (بە نۆرە هەناسەیان دەگۆڕییەوە) و
كچە دڵگەرمێكی ئەویندار (لە قەرەباڵغیی هاتوچۆدا مۆبایلەكەی لێ ون بوو) و
كارمەندی قاوەخانەكە (ڕەنگئەسمەر بوو)،
هیچی دیكەی لێ نەبوو.
٣
لەو شارەدا هیچی دیكە نييه؛
جگە لە دایكێك كە چاوەنواڕی تاقانەكەیەتی/ ئەوی لە بەرەی جەنگە.
لەوانەیە لەو جەنگە بە زیندوویی بگەڕێتەوە و
ئێوارەباشێكی لێ بكات/ هەنگێ بۆ گۆڕە تەنیاكەی هەنگاو هەڵبگرێت.
بۆیە لە سووچ و كووچەی سەر ڕێگەكان،
هەموان دانیشتوون و چاوەڕێی كەسێكن!
شەقامی مەرگ
كە هاتینە نێو شارەوە؛
كەس پێشوازیی لێ نەكردین.
سپێدە خاووخلیچك بوو (وەك ئەو كەسەی نایهەوێت بەخەبەر بێت)،
بینیمان و بینیمانی (لە پشت پەنجەرەیەكەوە.)
سپێدە پیرەپیاوێكی پەككەوتە بوو،
دەستی بە دارشەقی وەنەوزەوە گرتبوو!
پێی لەو ئازووقە كەمە هەڵدەكەوت،
دوای نوێژی سپێدان بەخەبەر دەهات.
شاریش هێشتا،
وەك گوڵێكی سیس وا بوو!
بازاڕی ژنان: سێوێكی تاڵ بوو/ پارچەبۆمب، بە نرخی خۆڵ دەفرۆشرا/
ئەوی پارچەنانێك بكڕێت، بۆمبێك لەگەڵ خۆیدا دەبات.
ئەوی دوو پارچە نان بكڕێت، كاورای خاوەندووكان دوو پارچە بۆمبیشی پێ دەدات.
ئەوی سێ پارچە نان بكڕێت، سێ بۆمب بە دیاری دەباتەوە!
بەم شێوەیە؛
هەتا شار گەندەخەونە ترسئامێزەكانی بیر بچێتەوە.
لەو شارەدا جیا لە ئێمە كەس نەبوو
ئازووقەكان بران و دووكانەكان داخران/
شەقامێك هەیە، هیچ پیاڕۆیەك بەوێدا ڕەت نابێت،
(ناویان لێ ناوە شەقامی مەرگ!)
دەوترێت: لەم شەقامەدا،
پیاوێك بە بەڵای جەنگەوە مرد/ دەستی خۆشەویستەكەی لە دەست نابوو/ كاتێك بۆمبێكی پێدا تەقییەوە و سەری پەڕاند/ دەستی ئەویندارەكەی بەر نەدا/ بە دەم هەنسكی گریانەوە، لەگەڵ خۆیدا پەلكێشی گۆڕی كرد!
نەناسراوەكان، شەقامی مەرگ شارەزا نین.
بۆیە لە دەروازەی شارەكەدا تابلۆیەك ڕۆ نراوە و نووسراوە (تەنانەت لە سەختترین كاتیشدا، دەستی خۆشەویستەكەت بەر مەدە!)
نامۆكان، دەنێو شاردا پەیكەری كیژێكی دەستقرتاویان بینی/
خەڵكی ئەو شارە، هەر جارێك ئەو پەیكەرەیان دیتبا، هۆن هۆن دەگریان!
كاتێك لەگەڵ خەڵكەكەدا، فڕۆكەكانی دوژمن بەخەبەر دێن و دەیاندەنە بەر ڕێژنەبارانی بۆمب/
ئەویندارەكان/ بەبێ سەر/ دەست لەناو دەست هەڵدێن!
سواڵكەرەكان/ بەبێ دەست/ دەست لەناو دەست هەڵدێن
باڵندەكان/ بەبێ باڵ/ باڵ لەناو باڵ هەڵدێن!
ژیانیش وەك بۆ هەموان ڕوونە؛ ڕاگوزەرە.
تەنێ بۆمبفرۆشان قەدری بۆمب دەزانن و
لەگەڵ نان و میوە پێڕانەگەیشتووەكان، دەرخواردی نەناسیاوەكانی دەدەن!
دایكەكان
كە گەیشتینە نێو شار، كەس پێشوازیی لێ نەكردین.
ڕوومەتەكان هەڵبزڕكاو/ خوێ چاویانی كرۆشتبوو.
چاوەكان، جۆگەلەی فرمێسكیان دابەستبوو، هەتا بوون بە تۆپەڵەقوڕ!
لێوەكان، لە دوایین خەندەوە مردوون.
باڵای كەڵەگەت لەژێر جلوبەرگدا، شكایەوە.
پاش كەمێكی دی فڕۆكەكان دێن،
مەرگ لە هەر سووچێكی ئەم شارەدا دەچێنن و
ئاهەنگی زەماوەندی ئەویندارەكان دوا دەخەن!
جگە لە دایكەكان كەس پێشوازیی لێ نەكردین (جلیان بە تەنافی باڵەكۆنەكەوە هەڵدەواست.)
پێش ئەوەی فڕۆكەكان بێن (بێن و ڕۆژی ڕووناكی ئەو شارە تاریك بكەن) و
خەڵكیش بە دەم هاوارەوە هەڵبێن (هەڵبێن و ڕۆحی هەراسانیان لە كووچەكانی شاردا جێ بهێڵن.)
جەستەی بۆمب-پێداتەقیویان هەڵدەگرن و دەڕۆن.
هەموو هەڵدێن
جگە لە دایكەكان/ دەمێننەوە و جلەكانیان هەڵدەواسن/
چاو لە باڵەكۆنەكە ناتارێنن/
مەرگ دایكەكان ناترسێنێت/
بەڵكوو هەرەسهێنانی باڵەكۆنەكان دەیانترسێنن!
كێ دوای ئەوان جلی شۆردراوی زارۆكان هەڵدەواسێت؟!
كێ دوای ئەوان پەتی درێژی تەناف لەمسەری باڵەكۆنەوە بۆ ئەوسەری دادەبەستێت؟!
پێش هاتنی فڕۆكەكان/ نامۆكان بۆیان ڕوون بووەوە؛
دایكەكان خۆیان باڵەكۆنن!…
لە دوایین بازاڕ
تابلۆیەك بۆ ئاگاداركردنەوەی نامۆیان لە دەروازەی شارەكە دانراوە و لەسەریدا نووسراوە:
(ئەوی پارچەنانێك بكڕێت، دەبێت لەگەڵ سەگ و باڵندەكان دابەشی بكات.)
لە شەقامێكی ئەو شارەدا،
وێنەی سەرۆك لەسەر دیواربەندێكدا نەخشێنرابوو/ گوللـەیەك وێنەكەی سەرۆكی هەڵكۆڵیبوو (تەنێ ددانە سپییەكانی مابووەوە.)
لە پەنای دیواربەندەكەدا، پیاوێكی شێت و
ژنێك كە ژنبوونی خۆی بیر چووەتەوە؛
وەستاون (پێی لەسەر ددانەكانی سەرۆك داناوە.)
كاورای سەرشێت لە وێنەی سەرۆك ڕادەمێنێت/ هێشتا خەندە لەسەر ڕوومەتیەتی/
ئەویش وەك سەرۆك لە قاقای پێكەنین دەدات؛
هاهاهاهاهاهاها!