خۆشم دەوێیت وەک ڕێگرێک

سەید ئەلعەدیسی

سەید ئەلعەدیسی

March 18, 2025

سەید ئەلعەدیسی، شاعیر و ڕۆژنامەنووسێکی میسڕییە. پێنج کتێبی شیعریی هەیە. هەروەها ڕۆمانیش دەنووسێت. ناسراوە بە نووسینی شیعری ڕۆمانسی و کۆمەڵایەتی کە ڕەنگدانەوەی ژیان و کولتووری خەڵکی میسڕە.

 

 

 

سێ شیعری سەید ئەلعەدیسی

کوردییەکەی: شاڵاو خالید

 

 

 

خۆشم دەوێیت وەک ڕێگرێک

 

وەک پیاوێکی ئینگلیز خۆشم ناوێیت؛
کە تەمەنی لە تەماشاکردنی تۆدا بە نووستوویی، بەفیڕۆدەدات!
لەسەر نووکی پێی دەڕوات تا هەڵت نەستێنێت!

وەک عاشقێکی فەڕەنسی خۆشم ناوێیت
کە گوڵ لەسەر پێخەفەکەت دادەنێت!
عەترێکیشت بۆ دروست دەکات تا نەمر بیت!

ئیتاڵییش نیم تا ئۆپێرایەک بە ناوتەوە دابنێم!

وەک هیندییەک خۆشم ناوێیت
شەوان عاشقت بێت و بە ڕۆژ بتپەرستێت!

وەک سەعیدییەکی* ڕێگر خۆشم دەوێیت
کە سروودی بکوژان بە گوێتدا دەڵێتەوە!
لە کەلەسەرەکان ماڵێکت بۆ چێ دەکەم
کەلەسەری منداڵێکی شیرەخۆرە هەڵدەگرم، تا دەرگاکەتی پێ بڕازێنمەوە.

هەموو ڕۆژێک چیرۆکێکی نوێت بۆ دەگێڕمەوە
دەربارەی ئەو ڕوحانەی لەناوم بردوون!
کت ومت بۆت وێنادەکەم چۆن پیاو دەپاڕێتەوە تا ڕێگای بدەم لەگەڵ خێزانەکەی بە سەلامەتی تێپەڕن!

پێدەکەنیت کاتێک دەزانیت
ڕێبوارێکم کوشت و لە جلوبەرگەکەیدا تەنیا پاکەتیک جگەرەی پەڕپووتم دۆزییەوە!

خۆشەویستم…
ماندوو دەبیت بە شۆردنی خوێن بە جلەکانمەوە،
بەڵام شانازیی دەکەیت کە خۆشم دەوێیت.

وەک عاشقێک خۆشم دەوێیت کە حکومەتەکان ڕاوی دەنێن
دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش لە داتاشینی ناسناو دا بۆی هونەر دەنوێنن!

وەک ڕێگرێک خۆشم دەوێیت
کە هەموو شەوێک بە شەکەتی دەگەڕێتەوە
تا لەبەر پێیەکانتدا بگری!

 

 

 

دەمرم تا ناوت بە نهێنیی بمێنێتەوە

 

من بووم ئەوەی بە هەموو شارەکاندا گوزەرم کرد
تا زمانی ئەوانە ببڕم کە بە شکۆوە ناویان نەهێنایت!

بیابانم کێڵا
بۆ ئەوەی شوێنپێت ون بکەم
لە چاوی ئەوانەی بە دووتدا دەگەڕێن!

فتیلەی بۆمبم لە هەموو ئەو گوێیانەدا دەرکێشا
کە لەبارەی تۆوە شتانێکیان بیستبوو!

هەموو تۆمارە شارستانییەکانم شێواند
تەنانەت ئەو کتێبانەیش
کە مزگێنی هاتنی تۆیان دابوو،
هەموویانم کردە خۆڵەمێش!

بەم دوو دەستەم و بێئەوەی ئیستێک بکەم،
چاوی هەموو ئەوانەم دەرهێنا کە تۆیان بینیبوو!

ئەو هاوسێیانەتم سەربڕی
کە بە گەرووە پیسەکانیان
ناوی تۆشیان پیس کرد!
سەری پیاوانی هۆزەکەتم بە داری ئەکاکیادا هەڵواسی!
لەسەر نێوچاوانی هەر تەرمێکیش
ماچێکم جێهێشت،
وەک نیشانەی تێپەڕینم!

خۆشەویستم!
تەنانەت خۆیشم ئێستاکە دەمرم
تا ناوەکەت بە نهێنیی بمێنێتەوە!

 

 

 

زۆر چۆنیت

 

وەک هەر سەعیدییەک
ناتوانم بڵێم (خۆشم دوێیت)
هەر ساتێکیش بڕیارم دابێت باز بەسەر نەریتەکاندا بدەم و پێت بڵێم کە چەند خۆشم دەوێیت
بووەتە: چۆنیت!
بمبوورە! چونکە من ( زۆر چۆنیت!)

ئێمە کوڕانی جوتیارین
ئەوەندە سەیری خاکمان کردووە
بە چاوانی ڕەشەوە بەڕێدا دەڕۆین!
ئەگەر تەنها چەند خولەکێک
بۆ ئاسمانمان ڕوانیبا
چاومان دەبووە شین!
خەڵکیش لە برسان دەمردن!

ڕۆژێک لە ڕۆژان
دایکم فێرت دەکات
چ کاتێک گونجاوە بۆ ئەوەی نانەکە پێوە بدەیت
بەر لەوەی ئاگری تەنوورەکەمان دابمرکێتەوە
نانەکە دەکەوێت و دەسووتێت
دنیات لێ دێتەوە یەک
غەمگین دەبیت
لەو دەمەدا، دایکم لە حەوشەکەدا
دراوسێکان کۆدەکاتەوە
تا باسی سوودەکانی نانی سووتاویان بۆ بکات!

تەنانەت دایکیشم هەرگیز دەرفەتی پێ نەدام
ڕێکوپێک دەرکەوم
هەرکاتێک زوو هەڵدەستام
تا دەستی ماچ بکەم
لە هەویردا دەیشاردەوە!

من جووتیارێکی شکستخواردووم
هەمیشە شتێک لەبیر دەکەم کە دەبێتە هۆی کارەسات
بۆ نموونە:
لە کاتی گونجاودا ڕێڕەوی ئاوەکەم نەگۆڕی!
گەنمەکە ژێرئاو کەوت!
ئاگرم کردەوە تا مشکەکان بترسێنم
خەریک بوو بەروبوومی دراوسێکەمان بسوتێت!
زۆرجاریش منداڵەکان ئاگادارم دەکەنەوە،
تا داسەکەم لەسەر ڕێگەکەدا هەڵبگرمەوە!
قەت بیستووتە جوتیارێک لەبیری بکات مانگاکانی بۆ کوێ بردووە؟!
خۆشەویستم… من جوتیارێکی شکستخواردووم
بەدبەختیشم
بەڵام باوەڕم پێ بکە…
دەشیا کارامە بم
ئەگەر خودا ماڵەکەی ئێوەی لە تەنیشت کێڵگەکەمان دانەنابایە!

 

 

______________________________

* سعێدی مەبەست لە خەڵکی (صعيد)ە، کە ناوچایەکە لە باشووری میسر، لە کلتووری میسریدا کە بە کەسێک دەڵێن سعێدی بەرامبەر گوندیی یان لادێی یان عەشایەری خۆمانە.