وسام عەلی شاعیرێکی گەنجی عێراقییە. لە ساڵی ١٩٩٠ لە بابل لە دایکبووە. شیعرەکانی بە گشتی-وەك زۆربەی شاعیرە عێراقییە هاوچەرخەکان- لە جەنگ دەدوێت، وێنەی ڕاستەقینەی ژیانی ڕۆژانەی عێراقییەکانە. وسام عەلی تاکو ئێستا یەک کتێبی شیعری هەیە بە ناوی مردنگرافیا. -باڵندە
لەوانەیە لە شوێنێکدا باڵم هەبێت
وسام عەلی
وەرگێڕانی: ئەژین باجەلان
تاکی عیڕاقی هیچ یادەوەرییەکی نییە
تا کەسێکی نەکوژرێت.
کێ خاوەنی ئەم وێنەیە دەناسێت؟
دەفتەری سەربازگرییەکەی گەورەترە لە دەفتەری یادگارییەکانی.
ئەوە باوکمە
ئەگەر بینیتان، پێی بڵێن
من ڕۆژەکان لە سەر دیواری سییەکانم دەسڕمەوە
هانکەهانکمە درێژە بدەم بە بەهانەی نەبوونی بازووەکانی باوکم
بۆ هەڵگرتنی بنمیچە داڕزاوەکەمان.
■
لە ناوەڕاستی گۆڕەپانەکەدا چاوەکانم دەکەمەوە
ترافیکمانێکی مردوو هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکانی ڕاگرتووە
شۆفێرێک بە دەمانچەکەی هاتووچۆکە ڕێک دەخات.
■
ئەو پاسەی پڕە لە سەرباز
لە وێستگەکان وەستان نایگرێتەوە.
■
زەوی نە تەختە، نە هێلکەییە
زەوی دڕکاویە.
■
دەستە پلاستیکییەکەی هەڵدەبڕێت
بە دەستەکەی تری، دەستە پلاستیکییەکەی هەڵدەبڕێت
ئایا مامۆستاکە دەیبینێت؟
ئایا دەستی بە هەمان ئەندازەی دەستی هاوڕێکانیەتی؟
ئایا بەشێوەیەکی ڕاست دەستی هەڵبڕیوە؟
ئایا وەکو منداڵێکی تەمەن دە ساڵان وەڵام دەداتەوە
یان وەکو عێڕاقییەک لە تەقینەوەیەک ڕزگاری بووبێت!
■
جەنگ سەگی فێر کرد زوو زوو بۆ کلکی خۆی بگەڕێت
من ئیتر فێری هیچ نەبووم
چونکە زۆرم لەدەستدا.
■
جاران ئەوەی دەمرد وێنەیەکی ڕەنگاوڕەنگیان لە شەقام هەڵدەواسی
ئێستا خۆی هەڵدەواسن، یان جێگەکەی بەجێ دەهێڵن
چونکە وێنەگری شارەکە، وڵاتی بەجێهێشت.
■
جەستەم،
چنگێک خۆڵەمێشە بەدەستی چەپڵەلێدەرێکی پووچەوە.
■
پزیشکەکە دەستم لە بەفرگری نەخۆشخانەکە هەڵدەگرێت
تاکو لە تەقینەوەکە دێمەوە.
■
لەوانەیە لە شوێنێکدا باڵم هەبێت
لەوانەیە هەرکاتێک بێت بفڕم
لەوانەیە زەوی گاڵتە قورسەکەی خودا بێت!