هەنگاوەکانم

زیزی شوشە

زیزی شوشە

August 13, 2024

زیزی شوشە شاعیر و ڕۆژنامەنووسێکی میسرییە. دەرچووی بەشی ڕاگەیاندنە لە زانکۆی قاهیرە ساڵی ٢٠١٠. شیعرەکانی لە زۆرینەی گۆڤار و ڕۆژنامە میسری و عەرەبییەکاندا بڵاو کردووەتەوە، بەشداری ڤیستیڤاڵە ئەدەبییەکانی ناو میسری و دەرەوەی کردووە. لە ساڵی ٢٠١٧ـدا یەکەمین کۆمەڵە شیعری “غەریبەکان بە پێڵاوەکانمەوە نووساون” بڵاو کردووەتەوە.

 

 

هەنگاوەکانم
زیزی شوشە
کوردییەکەی هیوا قادر

 

 

زەلیلن هەنگاوەکانم و
سەرەوخوارە وێنەکەم،
ناوەکەشم وەک پارچەیەک پارەی کانزایی
لەدەستم دەکەوێتە خوارەوە و زڕەی دێت.

من ونبووم
کێ ناوێک و ژمارەیەکم پێ دەبەخشێت؟
کێ دەمبات بۆ بازاڕی کۆیلەکان
کە حەقیقەت بەسەر جەستەی ڕووتەوە دەبریسکێتەوە.
کێ دەمکڕێت،
تا بە دەنگە ڕەشەکەم گۆرانی بڵێم،
کێ لە ئامێزم دەگرێت
ئاو تا ناو سییەکانم هاتووە،
گۆڕستانەکان چواردەوریان گرتووم
من لە ڕابردوودا لە کوێ بووم؟

وەڵامم بدەرەوە ئەی غەریب
فرمێسکەکانم دەنکە چەوی سەر ڕێگاکانن
شیعرەکانیشم هەمووی خوێنن،
یاساکان ڕێگریم لێ دەکەن و
لەپەوڕوو دەکەوم،
خۆشەویستیی خوێناوی لە دەممەوە
دێتە دەرەوە.
دەست بە چمکی ژیانی خۆمەوە دەگرم و
کفنەکەم لە خۆمەوە دەئاڵێنم
کە بە دەستوپەنجەی ساڵەکانی عومرم چنراون.