سێ شیعری ئێزرا پاوند

ئیزرا پاوند/ ئەمریکا

March 19, 2019

ئێزرا پاوند لە ساڵی ١٨٨٥ لە یەکێک لە ویلایەتەکانی خۆرئاوای ئەمریکا لە دایکبووە. بە گشتی لە ناو ڕەخنەگراندا کۆدەنگییەک هەیە لەسەر ئەوەی ئێزرا پاوند یەکێکە لە کۆڵەکەکانی نوێگەری لە شیعری ئەنگلۆ-ئەمریکیدا. پاوند ئەدەبیاتی بەراوردی خوێندووە و وەک مامۆستای زانکۆ کاری کردووە. بەشێکی زۆری ژیانی لە ئەوروپا بەسەر دەبات. ئێزرا پاوند جگە لەوەی شاعیرێکی باش بووە، شیعرناس و ڕەخنەگرێکی باشیش بووە. هەندێکجار کە یەتس شیعری دەنووسی، دەینارد بۆ ئێزرا پاوند تاکو تێبینی لەسەر بدات و بۆی ئیدیت بکات. ئیلیەتیش هەمان کاری کردووە، بە تایبەت قەسیدە بەناوبانگەکەی، وێرانە خاک، ئێزرا پاوند پیداچوونەوەی بۆ کردووە و بۆی ئیدیت کردووە
ئێزرا پاوند بە هۆی پشتگیریی ئاشکرای لە فاشییەکی وەک مۆسۆلینی، ماوەیەک لە بیزا بەند دەکرێت. کاتێکیش دەگەڕێتەوە ئەمریکا لەوێش ماوەیەک لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە بە هۆی تێکچوونی باری دەروونییەوە. دواتر لە ساڵی  ١٩٧٢ لە ئیتالیا کۆچی دوایی دەکات_باڵندە

 

 

 

سێ شیعری ئێزرا پاوند
وەرگێڕانی عەتا میرەکی

 

 

 

 

کچێک

 

دارێک چۆتە نێو دەستەکانمەوە
شیلەکەی لە باسکەکانمەوە
سەردەکەوێ
دارێک لە ژێر سینەمدا گەورە دەبێ
لقەکانی وەکوو باسک
لە جەستەمەوە دێنە دەر
دارەکە تۆیت
قەوزە تۆیت
تۆ وەنەوشەی لە بادا دەشنێیتەوە
مناڵێکی بەرزیت
هەموو ئەمانەش لای دنیا
گەمژەییە.

♦♦♦

 

پەیپرێل

 

سێ ڕۆح بوون… هاتن بۆ لام
بردمیان
چڵەزەیتوونەکان لەسەر زەوی
ڕووتوقووت
پاڵکەوتبوون:
ڕەشەکوژییەکی سپی بوو
لە ژێڕ ڕووناکیی تەمومژدا

♦♦♦

 

ڕۆژەکان وەکوو پێویست تەواو نین

 

ڕۆژەکان وەکوو پێویست تەواو نین
شەوەکان وەکوو پێویست تەواو نین
ژیان تێدەپەڕێ
وەک ڕاپسکانی مشکێکی کێوی
بێ ئەوەی پەلکە گیایەک بجووڵێنێ