گوڵەباخە سوورەکان

ئان سێکستن

ئان سێکستن/ ئەمریکا

May 8, 2020

ئان سێکستن
١٩٢٨ –١٩٧٤

لە ٤٥ ساڵیدا، خۆی کوشت. ئەوکاتە لە ناسراوترین شاعیرانی ئەمریکا بوو. بابەتی شیعرەکانی تەواو خودییە. دەربارەی خەمۆکییە بەردەوامەکانی خۆی و سێکسواڵتی و بیرکرندەوەکانێتی لە مردن.
یەکێک لەو کتێبانەی مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، کۆکراوەی ٣٠٠ تۆماری دەنگیی دانیشتنە سایکۆسێراپییەکانی ئان سێکستن بوو لەگەڵ پزیشکە دەروونییەکەیدا، لەوێدا دیوێکی قووڵتر و دیارتری ئان سێکستن دەردەکەوێت.
بەرگەگرتنی ئەو ژیانەی کەمەی، بە هۆی شیعرەکانییەوە بوو، شیعرنووسین وزەیەکی پێ دەدا لە ژیاندا بەردەوام بێت و یەكیکیش بوو لە چارەسەرە دەروونییەکانی کە پزیشکەکەی پێشنیاری بۆ کردبوو.
ساڵی ١٩٦٧ خەڵاتی پوڵیتزەر دەباتەوە بۆ کتێبی بژی یان بمرە
لە ٤/١٠ /١٩٧٤ لەناو ئوتومبێلەکەی خۆیدا، خۆی دەکوژێت- باڵندە

 

 

گوڵەباخە  سوورەکان
ئان سێکستن
وەرگێڕانی هەنگ خەلیل

 

تۆمی سێ ساڵانە و  کاتێک لاسارە
دایکی سەمای لەگەڵ دەکات.
گۆرانی (گوڵە سوورەکان بۆ خانمێکی غەمبار)ی بۆ دەخاتە سەر و
بەژوورەکەدا هەڵیدەدات.
بە هەڵە تێمەگەن!
دایکی هەرگیز دەستی لێ بەرز نەکردۆتەوە
تۆمی لە شوێنی جۆراوجۆرەوە گوڵەباخە سوورەکانی پێ دەگات،
سەری کە جارێکیان رووبارئاسا خەواڵوو بوو،
پشتی، کە جارێکیان وەک داهۆڵێکی شکاوی لێهاتبوو،
قۆڵی، کە دەتگووت ئەڵماس گازی لێگرتووە،
قاچی، وەک گۆچانی ڕەگە بەلەک پێچی خواردبوو،
هەموو سەماکەیان پێکەوە کرد،
خانمە خەمبارەکە و تۆمی..
.دایکی پێی وت: تۆ کەوتیت، تەنها لە بیرت بێت، تۆ کەوتیت
“کەوتم” تاکە شت بوو کە تۆمی بە پزیشکەکانی نەخۆشخانە گەورەکەی وت
خانمێکی ڕووخۆش هات و پرسیاری لێکرد،  بەڵام
تەنیا لەبەر ئەوەی نەیدەویست لە دایکی دوور بخرێتەوە
وتی “کەوتم”
هەر چەندە دەیتوانی قسە بکات، بەڵام هیچی نەوت
هیچ باسی گۆرانییەکەی نەکرد،
باسی نەکرد، کە دایکی چۆن گۆرانی دەڵێت و هاوار دەکات
کاتێک بەرزی دەکاتەوە و فڕێی دەداتە خوارەوە.

وای دەنواند کە تۆپی دایکی بێت
هەوڵی دەدات هەڵبەز و دابەز بکات
بەلام  میوەئاسا دەگووشرێت
چوونکە خانمە خەمبارەکە و شوێنەواری ئەو گوڵەباخە سوورانەی خۆش دەوێت
کە دایکی پێی دەدات.