وێڵی

بڵند عیرفان/شاعیری کورد

May 10, 2021

بڵند عیرفان لە شاعیرانی نوێی کوردە. ساڵی ٢٠٠٠ لە سلێمانی لە دایک بووە. خوێندکاری بەشی خوێندنە نێودەوڵەتییەکان و ئەدەبیاتە لە زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی. لەم شیعرەیدا سەرنجی لەسەر کات، شەو، ڕووناکی و تاریکی و مرۆڤ لەو نێوانەدا، چڕ دەکاتەوە. ئەو بە شێوەیەکی واتاگەرایە لەم کەونە دەڕوانێت.- ماڵپەڕی باڵندە

 

 

وێڵی
بڵند عیرفان

 

 

کات بەستێنی شەوێکە،
کە تێیدا زمان دەوەستێ و شتێکی دیکە دەست پێ دەکات.
مێژووی کات مێژووی شەوە،
شەو درێژترین زەمەنی ئاژەڵە تەنیاکانی شارستانییەتە.
لەو کاتەوەی شەو دەستی پێ کردووە، مرۆ وێڵە.
وێڵیی مرۆڤ وابەستەی دەزوولە تیژەکانی شەوە؛
ئەو دەزوولانەی دەچەقین بە سەری ئاژەڵە تەنیاکانی شارستانییەتدا.
شەو حیکایەتی وێڵییە،
وێڵیی ئەو ئاژەڵانەی بازنەیان بە دەستیان درووست دەکرد؛
چاوانیان ئەستێرەیەکی دەبینی و دەمیشیان قووتی دەدا.
تیغی ئەستێرە کلکدارەکان،
تەزووی دەهێنا بە جەستەیاندا؛ هێندە دڵخۆش دەبوون.
لێ ڕووناکی بزە دەکات بە ڕووی ئاسماندا…

 

گەر ڕووناکیی خۆر بە هەموو تیشکی خۆیەوە بنیشێتە سەر بەردەڵانی زەوی،
ئەوسا چریکەچریکی کات پڕتاپڕتا دەنووسێت بە حەقیقەتەوە.
ئەو ڕۆژبوونەوەیەی زەمەن تێیدا شکست دەهێنێت،
پاڵەوانەکان دەبنە شۆخیی خۆر؛
ڕووناکی بە ماڵئاواییی ئەستێرەکان پێدەکەنێ؛
گەڵای درەختێک سەما لەبەر ڕووناکیدا دەکات؛
منداڵێک بالیفەکەی بەسەر سەریدا دەدا؛

 

هەمووی بەرەو تاریکی هەڵدێ.
تاریکی گۆڕی ئەستێرەناسە منداڵەکانە،
مینا پاسەوانی ڕۆژ دەقیژێنێ بەسەر لاشەی مردووی ئەستێرەناسەکاندا.
مێژووی تاریکی،
مێژووی ڕاوەدونانی زەمەنە شکستهاتووەکانی شەوە.
شاعیرێک بڕوای وایە تاریکی
بە خەنجەرانێک کە نووکەکەی ڕووناکیی خۆری پێدا ڕژا،
شەوی کۆتایی پێ هێنا.
ئەمێستاش ئاسمان لەو ڕۆژە تێناگات کۆتایی بە شەو هێنا
بەڵام بۆ ئەستێرەناسێک، ئایا شەو کۆتایی هاتووە؟

 

شەو حەوشەی منداڵەکانە
ئەو منداڵانەی پێپەتییانە ژاوەژاو دەنێنەوە؛
ئەو منداڵانەی دەترسان کە شەو کۆتایی بێ.
شەو وەکوو ئەسرینێک کۆتایی پێ دێ
ڕۆژ وەکوو نەفرەتێک دەست پێ دەکات…

 

چاوی شەو
سەفەری کۆتایینەهاتووی ئاسمانە.
کە شەو نەبێ،
ئاسمان چۆن دەبێتە خەیاڵ؛
خەیاڵیش چۆن دەبێتە وێڵبوون…