بلوێرەکەم

جەلادەت بەدرخان | (١٨٩٣ - ١٩٥١)

جەلادەت بەدرخان | (١٨٩٣ - ١٩٥١)

March 23, 2024

جەلادەت بەدرخان (١٨٩٣-١٩٥١)، بەدەر لەوەی سیاسەتزان، زمانناس ڕۆژنامەگەر، چیرۆکنووس و کوردۆلۆگ بوو، هاوکات شاعیرێکی نوێگەر وقەڵەمێکی سەنگینی شیعریی نێو بزاڤی گۆڤاری هاوار بوو. لەتەک قەدری جانەوە، وەک پێشەنگ و ئاڤانگاردی شیعری نووژەنی کوردیی باکوورکورمانجی ناوی دەبرێت، ئەمەش زیاتر بە هۆی شیعرە بەنێوبانگەکەی بلوێرەکەم. جەلادەت ئەم شیعرەی لەژێر ناوە خوازراوەکەی سەیدایێ گەڕۆک، لە ژمارە ٣٢ـی گۆڤاری هاوار لە ئەیلوولی ١٩٤٠ لە شام بڵاو دەکاتەوە، جگەلەم شیعرەی، هەر لە گۆڤاری هاواردا جەلادەت چەندین شیعری دیکەیشی بڵاو کردۆتەوە لەوانە، گۆرانیی مردن، شایییە، یادی بۆتان، وەرەدۆتام و ئاڵای کوردان. لای زۆرێک لە بەئاگا و شارەزایانی بوارەکە، شیعری (بلوێرەکەم) لە دوای شیعری (ریا تازە)ـی قەدری جانەوە، لەهەوەڵینەکانی شیعری سەربەستی کورمانجییە. لە خوارەوە تەواوی شیعرەکە بە کوردیی ناوەڕاست (سۆرانی)، بخوێنەوە و تیایدا مەزنیی هونەریشیعریی جەلادەت بببینە.

 

 

 

بلوێرەکەم
جەلادەت بەدرخان
داڕشتنەوەی ڕێبین محەمەد

 

 

 

بلوێرە شیرینەکەم
تۆ لە ساردیی سپێدە و
زەردەپەڕی ئێوارەدا
ھاوڕێی بێھاودەمانیت،
دەستەبرای شوان و دڵدارانیت
دەنگی تۆ
ڕۆندکی دڵە زامدارەکان و
سڵاوی لێکدابڕاوان و
گرین و زاری دڵدارانم
بیر دێنێتەوە،

بلوێرەکەم تۆی
غەمڕەوێنی دەربەدەرانی دونیا،

ئەی سەدای بلوێرەکەم
چیا و کوێستانە بڵندەکان
کانیاوی خەمڵیو بە گوڵ و ڕەیحان
گوێی ئەشکەوت و سەری زناران
بیسەری تۆنە
سڕیی بای شەماڵە
وا دەتگەڕێنێ بە نێو گەڵای درەختەکان..

دە وەرە بلوێرەکەم
با بەسەر ئەم چیا بەرزەوە
هەڵبفڕین
ببینە ھاوسێی بایە تووشەکان
ھاوڕێی دوندەکانیان
دوندەیلی نێو تەموتوومان،
لەوێ ھاوار بکەین
با زیڕەی دەنگمان
بڕژێتە نێو قۆرتاڵ و دۆڵەکان
جەستەی خاکی ژێرەوە با بھەژێنێ
با شەپۆلانی ئاوی حەفتڕەنگی غەمزەباز
شیوەنی ئێمە
بە دەشتی سرووچ و دیاربەکر بگەیێنێ
بەر لە مێرخاسانی بەرازان و
ناڵەی بەرخەکان
ھەموو حیلەحیلی ئەسپەکان
بھێننەوە بۆ مان

بلوێرەکەم
بنواڕە و گوێ ڕادێرە
وا خۆر ئاوا بوو
ئەستێرەی ئێواران گەش بوو
شەددەی چیا بۆرەکان و
جببە سۆر و زێڕینەکانیان
ھاتن و بەسەرچوون؛
شەپۆلانی ئاوی ڕەشەشەوان
كەوتوونە دەشت و دۆڵەکان
ھەتا تەپک و گردۆڵەکان
بەردەکانیش لە بیاباندا ھەڵدەخەڵەتێنن پێی شەوگەڕان
لە بێدەنگیی شەودا،
وا دێت دەنگی تەپەتەپی پێی مێرخاسان،

بلوێرەکەم دەنگت ھەڵێنە
دونیا وەک منداڵێکی بەرشیر
كەوتە نێو لانکەکەی خۆی
شمشاڵەکەم
دەنگت ھەڵێنە
بۆی بژەنە
خەمانی بڕەوێنە!
تۆی بلوێری من!

غەمڕەوێنی دەربەدەرانی دونیا
كاتێ ڕۆژ ھەڵدێ و لەخەو ھەڵدەستێ
سترانی ئازادی و سەربەستیی کوردستانمان
بۆ بژەنە
با دەنگی ئەم سترانە
وەک تیڕۆژە پاک و زێڕینەکان
بکەوێتە نێو دڵ و گوێمان
بلوێرەکەم
ھەر تۆی غەمڕەوێنی عاشقانی نیشتمان!

 

 

سەیدایێ گەڕۆک (جەلادەت بەدرخان)

 (گۆڤاری ھاوار؛ ژمارە ٣٢، ئەیلوولی ١٩٤٢، شام)