دڤۆرا ئەمیر شاعیری ئیسرائیلی، لە سەروبەندی جەنگی ساڵی ١٩٤٨ بۆ سەربەخۆیی، لە ئۆرشەلیم لە دایک بووە. خێزانەکەی لە پۆڵەنداوە چوونەتە ئیسرائیل، ساڵی ١٩٦٧ ئەدەبیاتی عیبری، فەلسەفەی جووی لە زانکۆی عیبری لە ئۆرشەلیم خوێندووە. لە ساڵانی ١٩٧٥ و ١٩٧٦ ئەدەبیاتی ئینگلیزیی لە زانکۆی ئیلیۆنس خوێندووە. ئێستا لە سەنتەری تەکنەلۆژیای پەروەردە لە تێل ئەڤیڤ کار دەکات و بەرنامەی پەروەردەیی دەربارەی زمان و ئەدەب دەنووسێت.– ماڵپەڕی باڵندە
مرۆڤ بۆ کرانەوە چەند پەنجەرەی پێویستە
دڤۆرا ئەمیر
(دوو شیعر)
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ساڤان عەبدوڕەحمان
وانەی جوگرافیا
دەپرسیت: چی شیعر دەخولقێنێت؟
منیش، وەک پیاوی خەڵووزەکەی ناو فیلمی باسکوێ،
بەرەو گرتنەوەی خەرمانێک خەڵووزی کەوتوو ڕادەکەم.
دەڵێم، خەریکین لە بارەی ئاکتێکەوە دەدوێین کە ڕزگارکەری ژیانە،
بوێریی دەستێوەدان لە ڕووخانی گەرمییەک.
“لە سەروو ھەموو ئەمانەوە” وەک لارکین نووسیویەتی،
“ئارەزووی تەنیابوون”
ئەم خاکەی چەخماخەیە لەسەر ملم پشوو دەدات.
چەقۆ، خەنجەر و ڕم
ھەر لەو ڕۆژەوەی خەڵکی بیری لە بەرھەمهێنانیان کردووەتەوە، پیسبوون.
وەک ئەوانە دەڕۆین کە ئاوەزیان لە دەست داوە،
لە ئاھەنگە شێتەکاندا سنگی ڕووتمان دەژەنین.
شیعرەکان، بەڵێنت دەدەمێ، لەسەر ئاژەڵان تاقی نەکراونەتەوە.
ھەموو شتێک بە وریایی، بە وردی ئەنجام دراوە، مرۆڤانە بەرھەم هێنراوە.
دواجار، لە بارەی مرۆڤەوەیە کە دەدوێین.
سەری ژنێکی فەڵەستینی بە قوماشێکی سپی پێچراوە
لەسەر تەبەقێکی گەورە، هەر وەکوو سەری پاکیزەکەر کە پێشکەشی سالۆمی(١) دەکرێت.
لە خاکی تۆڵەی شیر و خوێنی دایکدا
شیعرەکان موڵکگەلێکی بزۆکن
بەردەکان، ڕشتە چیاکان، ماڵەکان، حەسارەکانن.
*
کەسێک، چەند پەنجەرەی پێویستە
کەسێک، چەند پەنجەرەی پێویستە تا بکرێتەوە
تاکوو وەک کاپتن نیمۆ(٢) نەبێت، کە لە ڕیشاڵەکانی درێژی و
ڕێکخستنەکانی پانیدا، گیری خواردووە
دنیای خۆی ڕاوی دەنێت.
لە نێوان ئامرازەکانی گفتوگۆدا، “جوسڵان، لەناو بنکە بزۆکەکاندا”
ئابڵۆقەدراو، وەک ئەوەی بڵێت با ھەموو دنیا بە کونی کەشتییەکەمدا تێپەڕن،
لێ گەڕێ با خوو بە منەوە بگرێت.
لەسەر چاوەکانیشی، پارچەی دەستکردی شووشەی دانابوو، تاکوو ڕێ لە ڕژانی فرمێسکەکان بەسەر ڕووناکیدا بگرێت.
ئەویش چەندین پەنجەرەی پێویست بوو تاکوو ژیانی ڕزگار بکات.
تڵیشێکی بچووک، دەرگایەکی بچووک تا لێوەی بڕوانیت، لە ژوورەوە بۆ دەرەوە.
وەک یوونس لە سکی نەهەنگدا، لە تاریکییەکی داخراودا،
مروارییەکی درەوشاوەی دۆزییەوە،
لە بیلبیلەی ماسییەکە چەقیبوو، هەر وەک پیاوێکی پیر کە دەچەقێتە کونی کلیلی دەرگای ماڵەکەی.
ئاوی هەڵقوڵاوی دەبینی بەرەو ڕووی دەھات و دەیزانی؛
ماسیەکانیش وەک ھەر مەخلووقێکی دیکەی دەریا
ھەر وەک ئەو، ژیانیان لە تەڵەیەکدا بەسەر دەبەن و
گوێی لێ بوو لێوەکانی بە گوێیەکانی دەگوت،
من زیندووم.
(١)سالۆمی، کچی هێرۆدیاسە و فەرمان دەدات سەری باپتیست-پاکیزەکەری بۆ بێننە بەردەمی.
(٢)کاپتن نیمۆ، کارەکتەرێکی ئەفسانەیییە، بە کەشتییەکەی گەشتی قووڵاییی دەریای کردووە.