وەکوو چۆلەکەیەک لە بەیانیدا

کوجیم براکیک/شاعیری مۆنینیگرۆیی

May 29, 2018

کوجیم براکیک کچە شاعیرێکی خەڵکی مۆنینیگرۆیە و دانیشتووی شاری نیۆرکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە. ئەو نووسینەکانی زیاتر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکدا بڵاو دەکاتەوە. – باڵندە

 

 

 

وەکوو چۆلەکەیەک لە بەیانیدا
کوجیم براکیک
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڤییەننا سەلام

 

 

خولانەوە بە دەوری بەیانیدا،
هەتاو گەورە و قورس، بێکێش لە ئاسمانەوە دەکەوێتە خوار
هەتاویش لە کونەکلیلدا بۆ زەوی بەهارە

 

مانگەشەوی چکۆڵانە
دووبارە دەشکێتەوە سەر خەونە-بە-بەهار-پیسبووەکان

 

هیچ تووڕەییەکم پێ نییە جگە لە میهرەبانییەکی بەرهەست
یادگەیەکی گەش کە شێوەی واقیع دەگۆڕێت
دەمەوێت چێژ لە کات وەربگرم
لەگەڵ تۆدا، دوورەپەرێزتر نەکەوم
کوێرانە لە واقوڕماندا چاو بترووکێنم و خۆم نزیک ڕابگرم لە هەر شتێک دڵبەر و ئازاد بێت.

 

مۆمێکم لە چەقی گۆشتدا
بە جەستەی ڕووناکی هەڵگرتووە
ئەم ماچە شیعرە
ڕابکە ڕابکە
من دەمم بەستراوە و
دەترسم.

 

دیوەخانە گیراوەکە
پۆرسەلینە بێگەردەکە
بەڵام دڵەکان لێڵ و
چاوەکان بە شووشە کراون
باران تەپەتەپیەتی
کەوتن وا دێت
پاییز ڕێگە دەبڕێت
خۆرئاوابوونە ساردەکانیم بە گۆرانی بۆ دەڵێت
من گەڵا وەریوە سوورەکان،
ئاڵتوونییەکان دەبەم و
بە دڵە ڕووشاوەکەمەوە دەیانپێچم

 

هەموو کەسێک پشتت تێ دەکات
کاتێک بێلانەیت
هەموو وشەکان جێت دەهێڵن
کاتێک بێلانەیت
وا خۆیان دەردەخەن کە چەڵەمەکەت نابینن
کاتێک بێلانەیت
یانیش سیس دەبیتەوە

 

لە نێوان ئەستێرەکاندا شوێنێکم بۆ بکەرەوە، خودایە
ئیدی هیچ بیرێکی دنیاییم نابێت
هیچ نیگەرانییەکی ئادەمی لە سەرم نادات
هەموو شتێک لە بارەی خۆشمەوە لە بیر دەکەم
شوێنێکم لەنێو ئاشتیدا بۆ بکەرەوە، خودایە

 

پڕ وزه و تەندروست
وەکوو چۆلەکەیەک لە بەیانیدا
بۆ نانی بەیانی، فڕین، گۆرانی و هەتاو