لەیادکردن

بیلی کۆڵنز/شاعیری ئەمەریکی

November 10, 2022

بیلی کۆڵنز، شاعیری ئەمەریکی، ٢٢ـی مارسی ١٩٤١ لە نیو یۆرک لە دایک بووە. یەکێکە لە شاعیرە ناودارە زیندووەکانی جیهانی ئەمڕۆ. بە شیعرەکانی بەردەوام ئامادەییی هەیە و خاوەنی چەندین کتێبی شیعر و براوەی چەندین خەڵاتی ئەدەبییە. ڕۆژی نەهەنگ، بریتییە لە نوێترین کتێبی شیعریی ئەو کە ساڵی ٢٠٢٠ بڵاوی کردووەتەوە. لێرەدا شیعرێکی دەخوێننەوە، کە لەژێر ناونیشانی لەیادکردندا بە دەستپێکێکی نایاب سەبارەت بە کتێبەکان دەچێتە ناو باسەکەوە و بە دەربڕینی ناباو شتێکی زۆر ڕۆژانەیی و سادە دەخاتە ڕوو.-ماڵپەڕی باڵندە

 

لەیادکردن
بیلی کۆڵنز
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دونیا سۆران

 

 

ناوی نووسەرەکە یەکەم شتە لە یاد بچێت
ڕاستەوخۆ بە دوایدا ناونیشان و دوایی پڵۆت
دەرئەنجامە دڵشکێنەرەکە و ئنجا هەموو ڕۆمانەکە
لە پڕێکدا دەبێتە یەکێک لەوانەی کە هەرگیز نەتخوێندووەتەوە، هەرگیز هەر نەشتبیستووە.

 

وەک بڵێیت، یەکە بە یەکە ئەو یادگارییانەی بەردەوام لەنگەریان دەگرت لە ناختدا
بڕیاریان داوە بکشێنەوە بەرەو بەشی باشووری نیوەگۆی مێشک
بۆ گوندێکی بچووکی ڕاوەماسی کە هیچ مۆبایلێکی لێ نییە

 

ماوەیەکی زۆر لەمەوپێش ماچی ماڵئاواییت لە هەر نۆ خواوەندی گریکیی ئەدەب و هونەر کرد و
تەماشای هاوکێشەی دووجاییت کرد کاتێک جانتاکانی کۆ کردنەوە و
تەنانەت ئێستایش کە لە هەوڵی لەبەرکردنی ڕیزبەندیی هەسارەکاندایت،

 

شتێک وا خەریکە لە یادگەت دەخزێتە خوارەوە، ڕەنگە گوڵێکی نیشتیمان بێت،
ناونیشانی مامێک، پایتەختی پاراگوای.

 

هەر شتێک کە تێدەکۆشیت تا لە یادگەتدا بمێنێتەوە
دیارینەکراو لەسەر نووکی زمانت
یان ئەگەر خۆی حەشار داوە لە بەشێکی نەزانراوی سپڵتدا

 

بە ڕووباریکی تاریکی ئەفسانەییدا چووەتە خوارەوە
ناوی هەر کەس کە بە پیتی “ل” دەست پێ دەکات و لە هزرتدایە

 

لە چوونتدا بەرەو دوورگەکانی فەرامۆشی
دەگەیت بە هەموو ئەوانەی مەلەکردن و پایسکلسوارییان بیر چووەتەوە

 

هیچ سەیر نییە کە لە نیوەی شەودا بەخەبەر دێیت،
تا بگەڕێیت بە دوای ڕۆژی ڕوودانی جەنگێک لە کتێبێکی مێژووییدا.
هیچ سەیر نییە کە مانگ لە پەنجەرەکەوە وا دەردەکەوێت کە ڕاماڵدرابێت
لە هۆنراوەیەکی خۆشەویستییەوە کە تۆ بە دڵ لە بەرت کردبوو.