وەک گوڵدانێک لە شکان بترسێت بەجێت هێشتم

نەوال شەریف/شاعیری مەغریبی

December 19, 2018

ئەو دەمەی شیعری گەورە گەورەم دەنووسی، لە چاو ژیاندا زۆر بچکۆلە بووم. ئەو دەمەشی بە یەک چاو سەیری داهاتووی دوورم کرد و لە دنیام پرسی چی ڕوو دەدات، زۆر لەوە بچکۆلەتر بووم تەنانەت قسەش بکەم. – نەوال شەریف

 

 

 

وەک گوڵدانێک لە شکان بترسێت بەجێت هێشتم
نەوال شەریف
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هیوا قادر

 

 

 

 

هەموان

هەموان…

بە دوای شەمەندەفەردا ڕادەکەن

من نەبێت.

هەموان…

بە دوای پاسدا

بە دوای بەردەوامیدا دەگەڕێن.

کەچی من بە دوای خۆمدا،

بە دوای منێکی ونبووی ناو قەرەباڵغیدا دەگەڕێم.

هەموان…

لەسەر قەدی درەختێک

وێنەی دڵ و تیرێک دەکێشن،

کەچی من لە کانگای دڵمدا

بە دوای سەوزایدا دەگەڕێم.

هەموان…

خەون بە ژیانەوە دەبینن و

عاشق دەبن بە ڕووناکی،

هەموان سەرسامن بەو شتانەی

من پێیان سەرسام نیم.

ئەوان…

سێبەری منیان خۆش ناوێت،

سێبەری من دارێکە بێ ڕەنگ

ڕەنگەکان خیانەتیان لی کرد.

 

 

بە تەنیا بەجێت هێشتم

ڕۆیشتیت،

نازانم

بۆ ئاسمان

سەرکەوتیت

یان بە قووڵاییی زەویدا ڕۆ چوویتە خوارەوە.

بە تەنیا

لە نێوان دیوارەکانی

ژیاندا

وەک گوڵدانێک

لە شکان بترسێت

بەجێت هێشتم.

وەک منداڵێکی بچکۆلە

خەونی گەورە

گەورەی هەبێت

بۆ دوور ڕۆیشتی و

بەجێت هیشتم.

بە دوو دەستی ساردەوە

باوەش بە تەنیاییدا دەکەم

وەک ئەوەی تۆ پاکیزەییی

زەمەن و

دڵپاکیی شوێنت لەگەڵ خۆتدا بردبێت،

هەموو ڕووخسار و

چاوەکان و

لارولەنجەکانی

بەردەمم

فریوم نادەن.

*

 

 

تۆ دوور

ڕۆیشتیت و

ماڵئاوایت کرد

بێ ئەوەی تەمەننای بەختێکی باشم

بۆ بخوازیت.

 

 

ڕاهیبەکە

قژی وەک عومری من

عومری درێژی من، درێژە…

ڕاهیبەکە وەهای گوت.

من دەزانم ئەم ڕاهیبەیە

فرۆشیاری وەهمە

هەموو خشڵەکانی

لە بازرگانیکردن بە وەهمەوە چنگ کەوتووە.

جا کێ دەڵێت

وەهم خراپە؟

پاڵتاوە ڕەشەکەی

لە قژم دەچێت

هەموو شیعرەکانی منیش ڕەشن،

چونکە دانپیانانی زۆر و

لەخاچدانی حەقیقەت

مەترسیدارە.