ئەمڕۆ یەکشەممەیە

نازم حیکمەت/شاعیری تورک

April 22, 2018

نازم حیکمەت، شاعیری تورک، لە ١٥ـی جێنیوەریی ١٩٠٢ـدا لە سالۆنیک (سەر بە ئیمپڕاتۆریی عوسمانی/یۆنانی ئەمڕۆ) لە دایک بووە، ٣ـی جوونی ١٩٦٣ لە مۆسکۆ کۆچی دواییی کردووە. لە بەرجەستەترین شاعیران و شانۆنامەنووسانی کۆمۆنیستی بە ڕەگەز پۆڵۆنیی تورکیایە. بنەچەیەکی  پۆڵۆنی-گورجی-فەڕەنسیی هەیە. لە تەمەنی ١٤ـساڵییەوە دەستی کردووە بە شیعرنووسین. لە ١٩ـساڵیدا چووە بۆ سۆڤیەت. لەوێ لەگەڵ نەوەی نوێی هونەرمەندانی شۆڕشگێڕدا ئاشنا دەبێت و ئەمە دەبێتە هۆی گۆڕینی دیدگای ئەو بۆ شیعر. کاریگەر بوو بە مایاکۆڤسکی و سادەییی شیعرەکانی لەوەوە بۆ ماوەتەوە. نزیک بە سی ساڵ لە تەمەنی لە بەندیخانەکانی تورکیادا بەسەر بردووە و زۆربەی شیعرەکانیشی هەر لەوێ نووسیون. ئەوکات هیچ ڕۆژنامەیەکی تورکی نەیدەوێرا ناوی نازم حیکمەت بهێنێت. شیعرەکانی لە بەندیخانە دەچوونە دەرەوە و لە فەڕەنسا چاپ و بڵاو دەبوونەوە. لە پاریس کۆمیتەی نەجات بۆ داوای ئازادیی نازم پێک هات، کە کەسانێکی وەک بێرتراند ڕاسڵ، سارتەر، پیکاسۆ، برێخت، ئەراگۆن و نێرودا لە پشتییەوە بوون. – باڵندە

 

 

 

ئەمڕۆ یەکشەممەیە
نازم حیکمەت
وەرگێڕانی لە تورکییەوە: ساڤا ئەحمەد

 

 

ئەمڕۆ یەکشەممەیە.
ئەمڕۆ، بۆ یەکەم جار
منیان بردە بەر هەتاو و
بۆ یەکەم جار لە ژیانمدا
سەیری ئاسمانم کرد
سەرسام بووم کە هێندە
دوور و
ھێندە شین و
ھێندەیش فراوانە.
بەبێ جووڵە وەستام.
دواتر
بە ڕێزەوە لەسەر زەوی دانیشتم،
پاڵم دا بە دیوارەکەوە
ئەم ساتە
نە بیرم کردەوە لە شەپۆلەکان
نە لە شۆڕش، نە لە ئازادی، نە لە ژنەکەم

 

خاک و خۆر و من…
بەختیارم…

 

 


هەمان شیعر بە وەرگێڕانێکی دی

 

ئەمڕۆ یەکشەممەیە
نازم حیکمەت
وەرگێڕانی لە تورکییەوە: ئالا عەبدولڕەزاق

 

ئه‌مڕۆ یەكشه‌ممه‌یە.
ئه‌مڕۆ بۆ یەكه‌م جار منیان به‌ره‌و ڕۆژ ده‌رهێنا
من له‌ هه‌موو ژیانمدا یەكه‌م جار بوو ببینم كه‌
ئاسمان هێنده‌ له ‌من دووره‌ هێنده‌ شینه‌
سه‌رسام بووم به‌ به‌رینییه‌كه‌ی
بێ ئه‌وه‌ی بجووڵێم وه‌ستام
دواتر به‌ ڕێزه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌رز دانیشتم
پشتم به‌ دیوارەکەوە دا
له‌و كاته‌دا نه‌ كه‌وتمه‌ نێو خه‌یاڵەوه‌
له‌و كاته‌دا نه‌ شۆڕش، نه‌ ئازادی، نه‌ ژنه‌كه‌م

خاک، ڕۆژ و من…
به‌ختیارم…